ڕاگواستنی ئیسماعیل مەعرووفی بۆ زیندانی نەغەدە
پێنجشەممە ۲۸-۰۴-۱۴۰۳   |  18-07-2024
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیسماعیل مەعرووفی، مامۆستای خانەنشینکراوی قوتابخانەکانی پیرانشار پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستایە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ورمێ ڕاگوێزراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کراوە. شەوی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ، هێزەکانی ئیتلاعاتی پیرانشار، کاتژمێر ١١ی شەو هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم مامۆستایە و پاش پشکنینی ماڵەکەی و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلەکەیدا، ناوبراویان بە بێڕێزیکردنەوە دەستبەسەر کردووە. تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئیسماعیل مەعرووفی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.