ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، ئیدریس کارساز، هاووڵاتیی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن دادگای شنۆوە، بە تۆمەتی “ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژیم” بە سێ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو. ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئیدریس کارساز، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو. جێگای ئاماژەیە، ئیدریس کارساز سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو. ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.