ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەممە، ڕەحمان قادری و ئەنوەر شێخە، هەردووک خەڵکی گوندی “پەسوێ” سەر بە پیرانشار، دوای بانگکرانیان بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکان لە پیرانشار، دەستبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان بۆ زیندانی ناوەندی نەغەدە گواسترانەوە. جێگەی ئاماژەیە، ئەنوەر شێخە هاوینی ڕابردوو لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردوستان”، بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو. هەروەها ڕەحمان قادری، بە هەمان تۆمەت سزای ٢ ساڵ و حەوت مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژی بەسەردا سەپێندراوە. پێویستە ئاماژە بکرێت، ئەنوەر شێخە ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە ورمێ گواسترابوویەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕەحمان قادری ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، دوای بانگهێشت کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە ورمێ گواستراوە کە دواتر ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی نەغەدە کرا. ناوبراودوای یەک مانگ دەستبەسەر و ئەشکەنجەکران، ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەشەممە هەمان ساڵ، بەدانانی بارمتەی ١ ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.