بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز، دیاکۆ عەزیزی هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ، دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی ئەمشارە، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ١٨ مانگ حوکمی بەندکرانەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە.
دیاکۆ عەزیزی سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی شنۆ بە تۆمەتی “پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی” بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو. دیاکۆ عەزیزی خەڵکی گوندی بابخاڵاوێی شنۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانان هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای سێ حەفتە بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد و ٢٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایهاتنی دادگاییەکی لە زیندانی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرابوو. شایانی باسە، دیاکۆ عەزیزی لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لێپرسینەوەی لێ کرابوو و بە توندی ئەشکەنجە درابوو.