دوا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، “عەزیز مەرزی”، مامۆستای خەڵکی سەقز و چالاکی ژینگەپارێزی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا.
هاوکات “ئەمین مینایی”، مامۆستای خانەنشین کراو، ڕاهێنەری مانگی سوور و بەرپرسی پێشووی لیژنەی شاخەوانی سەقز، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کراوە.
هەر لەم ڕۆژە، ئازاد ئەمینی ئەندامی ئەنجوومەنی هیوای زانستی سەقز دوای ئەوەیکە لە گوندی هێجانان دەستبەسەر و بۆ شاری سەقز گواستراوەتەوە و دوای پشکنینی ماڵەکەی ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات کراوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ عەزیز مەرزی، ئەمین مینایی و ئازاد ئەمینی لەبەردەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە کە، عەزیز مەرزی پێشتر ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی پارەکە لە بەرەبەری ڕۆژی مامۆستا دەستبەسەر و دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندی سەقز ئازاد کرابوو.