ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان، کامران شێخە، بەندکراوی عەقیدەتی و خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی کەرەج گواسترایەوە و مەترسی جێبەجێ کرانی حوکمی سێدارەی ناوبراو لە ماوەی ڕۆژەکانی داهاتوودا لە ئارادایە.
ناوبراو دوایین تۆمەتباری دۆسییەکە کە پێشتر شەش کەسیان لە سێدارە دراون. ئەم حەوت بەندکراوە لە پرۆسەیکی ناڕوون، نادادوەرانە و نایاسایی و بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر دەزگای دادوەری حوکمی سێدارە بە سەریاندا سەپێنراوە. کامران شێخە لە کاتێکدا بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە کە خەسرەو بەشارەت، هاودۆسییەی ناوبراو بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گوڵان، لە شانزدەهەمین ساڵی بەندکرانی، لە بەندیخانەی ناوەندیی قزڵحیساری کەرەج لە سێدارە درا. لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان، سێ هاووڵاتیی کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە. ناسنامەی یەکێک لەم سێ بەندکراوە ڕامین لەوەندی ڕاگەیەندراوە.