کۆنفڕانسی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٢ و ١٣ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٣ و ٤ی دێسامبری ٢٠٢٢ لە شاری ستۆکهۆڵمی سوێد بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسە بە بەشداریی زیاتر لە ١٢٠ کەس هاوکات بەشێوەی حزووری و ئانڵاین بەرگوزار بوو. کۆنفڕانسەکە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و گیان بەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێران دەستی پێکرد.
بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی لە کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی دەیان ساڵ خەبات و فیداکاریی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوەیە و بەهۆی ڕۆڵی چالاکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مافخوازی لە بواری هیدایەت کردن و سازماندان، موعتەبەرترین و کاریگەرترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە کوردستانە.
بابەتی سەرەکیی ئەم کۆنفڕانسە هەوڵێک بوو بۆ دەستپێکی ڕەسمیی چالاکیی هاوبەشی کۆمۆنیستەکان و چەپ و ئازادیخوازەکانی کوردستان کە بە بەشداریی جەمعێکی بەرین لەوان و کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست و کەمپەینی پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران وەک ئەندامی چاوەدێر بەڕێوەچوو.
لەم کۆنفڕانسەدا بێجگەلە لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێستا و ئەرکی ئەحزاب و چالاکانی چەپ لە کوردستان، هەوڵی کرداری بۆ پەرەپێدان و جێخستنی هاوکاری و هاوڕێیەتیی هەموو کۆمۆنیست و چەپەکان و سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان درایە بە باس و لێکۆڵینەوە و بڕیاری پێویست لەم بارەوە درا. کۆنفڕانس بڕیاری دا کە چالاکییەکانی خۆی لەژێرناوی “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان” بەڕێوەبەرێت. شۆرا بۆ هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی تا کۆبوونەوەی گشتی داهاتوو هەیئەتێکی هەشت کەسیی هەڵبژارد. ئەندامانی ئەو هەیئەتە بریتی بوون لە: سدیقە محەممەدی، پڕشنگ بەهرامی، مەریەم مستەفا سوڵتانی، ئێلهام ساڵح نیا، ئیبڕاهیم ڕۆستەمی، خەسرەو بۆکانی، ساڵح سەرداری و محەممەد ئاسنگەران. کۆنفڕانس هەیئەتی هەماهەنگیی ئەرکدار کرد کە وێڕای ڕاگەیاندنی ڕەسمیی ئەم شۆرایە لە ڕێگەی دەرکردنی ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنفڕانس و پەیامێک بۆ هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە کوردستان، بە زووترین کات پلاتفۆرمی شۆرای هاوکاری … ئامادە و بڵاو بکاتەوە.
ئێمە لە هاوکاریی هەموو چالاکانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازی کوردستان و هەموو هێزە سیاسییەکان کە خۆیان لەگەڵ هەڵوێستی ئەم کۆنفڕانسە و پلاتفۆرمەکەی بە هاوئاراستە دەزانن، پێشوازی دەکەین. هەموو هەڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازی کوردستان بانگەشەی هاوکاری لەگەڵ ئەم شۆرایە دەکەین.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ – ٥ی دێسامبری ٢٠٢٢