ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و هەڵسووراوی مافەکانی ژنان، حەفتەی ڕابردوو لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە تۆمەتە تازەکانی پێ ڕاگەیەنرا و دادوەری دۆسیەکە بۆ گۆڕینی بڕیاری دەستبەسەربوون و ئازادکردنی کاتیی ئەم هەڵسووراوە، ڕێژەی بارمتەکەی بەرز کردەوە بۆ یەک میلیارد تمەن.
تۆمەتی تازەی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامبوون لە گرووپ و دەستەی نایاساییدا ڕووبەڕووی ژینا مودەڕیس گورجی کراوەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»ی ڕووبەڕوو کرابووەوە.
ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و لە هەڵسووراوانی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزاندا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد بوو.
ناوبراو پێش دەستبەسەرکرانیشی چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کرابوو. هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی تەلەفۆن و چوونەسەر کتێبفرۆشییەکەیەوە پێیان ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری بکات و درێژە بە چالاکییەکانی بدات دەستبەسەر دەکرێت.