فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە مەنشووری ئۆپۆزیسیۆنی دژەشۆڕشی ڕەزا پەهلەوی و هاوبەشەکانی!
دوشەممە ۲۹-۱۲-۱۴۰۱   |  20-03-2023
ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە مەنشووری ئۆپۆزیسیۆنی دژەشۆڕشی ڕەزا پەهلەوی و هاوبەشەکانی!

لە دەی فێوریە کە کۆبوونەوەی گرووپێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە دژەشۆڕشەکان لە زانکۆی جۆرج تاونی واشنگتۆن بەڕێوەچوو، ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی بەڵێنیان دا کە تا کۆتایی مانگی فێوریە مەنشووری گوزار لە کۆماری ئیسلامی بڵاودەکەنەوە. ئەم بەڵێنەیان شور و شەوقێکی زۆری لەناو هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی توندئاژۆدا پێکهێنا. میدیاکانی بورژوازی شەو و ڕۆژ باسیان لە ئامادەکردنی ئەم مەنشوورە دەکرد و ساتی بڵاوبوونەوەیان بە هەراوهوریایەکی زۆرەوە تەبلیغ کرد. سەرەنجام دوای ئەو هەمووە جار و جەنجاڵە تەبلیغاتییەی میدیاکانی بورژوازی، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی مارس (بەرابەر لەگەڵ ٢١ی ڕەشەممە) مەنشووری تەواوەن کۆنەپەرستانە و دژەشۆڕشی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی توندڕەو بە واژۆی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی حامد ئیسماعیلیون، شیرین عێبادی، مەسیح عەلینەژاد، نازەنین بۆنیادی و عەبدوڵڵا مۆهتەدی بڵاوبووەوە. مەنشوورێک کە بنەماکەی ساخت و پاخت و موعامەلەیە لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوا تا داڕێژەرانی بتوانن لەسەر سەری خەڵکەوە، شۆڕشی جەماوەری ئێران تێکبشکێنن و ڕژیمێکی سەرمایەداریی دیکە بەسەر هەستی و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێراندا بسەپێنن. مەنشوورێک کە بە دڵئاواڵەیی تەواوەوە هەوڵی داوە خەباتی قارەمانانەی جەماوەری خەڵکی ئێران لە دانوستان لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوادا بکاتە قوربانی.

ئەم مەنشوورە هێندە بێ مایەیە کە تەنانەت ناکۆکیی نێوان هێزە ڕاستەکان لەوانە سەڵتەنەتخوازەکانیشی پەرەپێدا. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بورژوازیی نائومێد کرد و بەخاتری ناوەرۆکی ئەم مەنشوورە دەستیان کرد بە گلەیی. بێ مایەبوون و نامۆبوونی ئەم مەنشوورە لەگەڵ خواست و خەباتی سەرشەقامی خەڵکی ئێران هێندە بەرینە، کە تەنانەت واژۆکارانی ئەم مەنشوورە، دوای دەرکردنی، هەرکامیان بە سازێک بڕگەکانی تەفسیر دەکەن. نووسەرانی “مەنشووری هاوپشتی و سازماندان بۆ ئازادی”، کە پێشتر هەموو توانای خۆیان دانابوو تا ناوی سپای پاسداران بخەنە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستەکانەوە، ئەمجارەیان کە مەنشوورەکەی خۆیان دایە دەر، بەوپەڕی بێشەرمییەوە هێزە تیرۆریست و ئینسانکوژەکانی سپای پاسدارانیش بۆیان ئازیز بووە. تا جێیەک کە مەجمووعەی بەکرێگیراوانی سپای پاسدارانیان لە وجوودی چەند فەرماندەی جەلاد و ئینسانکوژدا خولاسە کردووەتەوە. ئەوان بەوپەڕی بێشەرمییەوە پاکانەیان بۆ هەموو هێزەکانی ئەرتەشی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی کردووە و باس لە تێکەڵکردنی سپای تیرۆریست لەگەڵ ئەرتەش دەکەن. مودەعیانی هاوپەیمان لەگەڵ دەوڵەتانی ئیمپریالیستی کە بە فریو و ڕیا ناوی “مەهسا”یان لەسەر مەنشوورەکەیان داناوە، هەر لە ئێستاوە نیسبەت بە ئەرتەشی دەستسازی کۆماری ئیسلامی وەفاداری دەردەبڕن و خوازیاری پاراستنی تەواوی ئۆرگانەکانی ئەم ئەرتەشە سەرکوتگەرەن. غافڵ لەوەیکە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە، بە دانانی وابەستەترین هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی لە ڕەدە باڵا و میانییەکانی ئەرتەشی سەرکوتگەری بەجێماو لە ڕژیمی پادشاهی، هەروەک سپای پاسداران، کردوویەتە ئەرتەشێکی بەکرێگیراو، ئایدیۆلۆژیک و وەفادار بە خۆی.

مەنشووری کۆنەپەرستانە و دژەکرێکاریی ٦ کەسی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی، نەتەنیا کەمترین پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێرانەوە نییە، نەتەنیا هیچ مافێکی نەتەوە ژێر ستەمەکانی ئێرانی تێیدا نەگونجێندراوە، بەڵکوو داڕێژەرانی، بە خۆداسەپاندن بەسەر خەباتی شەقامی ژنان و جەماوەری خەڵکی ئێران هەر لە ئێستاوە دژبە جەماوەری ژێر ستەم و هێزی مەزنی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەڕیزبوون. تەراحانی ئەم مەنشوورە، لەو جێگەوە کە دەزانن، مەنشوورەکەیان تەنیا پارێزەری نیزامی چینایەتی و ستەمکار و چەوسێنەری سەرمایەداریی زاڵ بەسەر ئێرانە، وە لەو جێگەوە کە دەزانن کرێکاران و جەماوەری ڕەنج و کار و زەحمەت، هەرگیز ملکەچی وەها مەنشوورێکی دژەکرێکاری نابن، هەر لەئێستاوە بە پاکانەکردن بۆ ئەرتەش و بە تێکەڵکردنی هێزە بەکرێگیراو و ئینسانکوژەکانی سپا لەناو ئەرتەشی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی، خۆیان بۆ سەرکوتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران لە سەردەمی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئامادە کردووە.

مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و شەریکەکانی، ئەگەرچی بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵکێک کە هەر ئێستا لە کارخانە و لەسەر شەقام بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن، هیچ بایەخێکی نییە، بەڵام هەمووان پێویستە بۆ لەقاودان و ڕسواکردنی ئەم مەنشوورە دژەکرێکارییە هەوڵ بدەن و لەئاست ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە و ئامانجی دژی شۆڕشی مەنشووری بورژوازیی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی هۆشدار بدەن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بۆ تێکشکاندنی ماشێنی بوروکراتیک – نیزامیی سیستمی سەرمایەدرایی زاڵ بەسەر ئێران و بۆ بەرقەرارکردنی دەوڵەتی کرێکاری – شۆرایی خەبات دەکات، داوا لە کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران و نووسەران و گشت جەماوەری خەڵکی ئێران دەکات کە لەئاست پیلانی ئەم مەنشوورە دژەشۆڕشەدا وشیار بن و بە سەهمی خۆیان بۆ ڕسواکردن و لەقاودانی ناوەرۆکی ئەم مەنشوورە کۆنەپەرستانەیە و داڕێژەرانی لێبڕاوانە خەبات بکەن.


بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

١٥ی مارسی ٢٠٢٣ (٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠١)

واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کرێکاری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت