کرێکارانی پڕۆژەیی لە زیاتر لە هەشتا شیرکەتی پەیمانیی چالاک لە بواری نەوت، گاز و پێترۆشیمی، مس، پۆڵا، مەعدەن لە پارێزگاکانی خوزستان، فارس و کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد و کرمان دەستیان داوەتە مانگرتن. ئەم مانگرتنانە کە لە ئەوەڵی مانگی گوڵانەوە دەستی پێکردووە هەتا ئێستا بەردەوام بووە و زیاتر پەرەی سەندووە.
شۆرای سازماندانی مانگرتنی کرێکارانی پەیمانی نەوت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەژێرناوی “با بەهێزەوە مان بگرین” بردنەسەری ٧٩ لەسەدی حەقدەست و بیست ڕۆژی کار و دە ڕۆژ پشووی بۆ سەردان و مانەوە لای بنەماڵە، وەک داخوازیی خێرای کرێکارانی پڕۆژەیی لەم مانگرتنەدا ڕاگەیاندووە. ئەم شۆرایە لە هەمان حاڵدا لەسەر بەدواداچوونی داخوازییە وڵامنەدراوەکانی کرێکاران لەوانە کۆرتکردنەوەی دستی پەیمانکارانی مفتەخۆر، باشترکردن و بردنەسەری ستانداردی شوێنی خەو و خۆراک، باشترکردنی کوالیتی سرویسەکانی هاتوچۆ و ئیمەنی شوێنی کار تەئکیدی کردووە. کرێکاران هەروەها جەختیان کردووە کە کەمترین ئاستی حەقدەست لە ناوچە نەوتییەکان نابێ کەمتر لە ٢٠ ملیۆن تمەن لە مانگدا بێت. کرێکارانی مانگرتوو ڕایانگەیاندووە کە هەتا گەیشتن بە خواستەکانیان درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان کۆمەڵێک لە کرێکارانی پەیمانکارییەکانی ئەژدەر و تەهماسۆبی لە ئیسفەهان، مەعدەنی مس لە ئالوی کرمان، کرێکارانی پڕۆژەی جاسک، کرێکارانی مسی سەرچشمە لە ڕەفسەنجان و فولادی مادکوش لە بەندەرعەباس، و هەروەها پەرستاران لە سنە، لە ناڕەزایەتی بە ئاستی کەمی حقوقەکانیان لە ساڵی نوێدا، دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. کرێکارانی حەوت تەپە کە یەک مانگ لەمەوبەر لەڕێگەی بانگەوازێکی گشتییەوە داوایان لە کرێکاران کردبوو کە بەئامانجی هەڵوەشاندنەوەی پەسندکراوی شۆرای باڵای کار سەبارەت بە لانیکەمی حەقدەست دەست بدەنە ناڕەزایەتی، ئێستا بە دەرکردنی بەیناننامەیەک لە مانگرتنە کرێکارییەکان پشتیوانییان کردووە.
مانگرتنی سەرانسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بۆ بردنەسەری حەقدەست لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە سەرکوتی بەرین و تەفرەقەنانەوەی هێزەکانی حەراسەتی حکوومەت لە شوێنەکانی کار، هەڕەشەی دەرکردن و نەبوونی ئەمنییەتی پیشە، هەژاری و بێکاری و نیگەرانی لە ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان، هەژاری و فەلاکەتی ئابووری وەک زنجیر لە دەست و پێی کرێکاران هاڵاون. ڕێکخستنی ئەم مانگرتنە لە بارودۆخی ئێستادا دەرخەری ئەم واقعیەتەیە کە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بە پشت بەستن بە وشیاری و لێهاتوویی چالاکان و ڕێبەرانی کردەوەیی خۆی و بە پشت بەستن بە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەتوانێ بەسەر ئەم بەربەست و دژوارییانەدا زاڵ بێت و ڕێگای پێشڕەویی خۆی ببینێتەوە. لە هەلومەرجی ئێستادا و لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، پەرەسەندن و سەرانسەری کردنەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان لەپێناو تێکشکاندنی هێرشی ڕژیم بۆسەر حەقدەست و ژیان و گوزەرانی کرێکاران دەتوانێ بەستێنی مانگرتنی گشتیی سیاسی و پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەپێناو ڕووخاندنی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی پێکبێنێت.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمیی ناوچەکانی باشووری ئێران، باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بانگەشەی پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی دەکات. تا لە حەرەکەتێکی سازماندراو و یەکگرتووانەدا دژبە هێرشی ڕژیم بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و دژبە حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، دەست بدەنە ناڕەزایەتی و مانگرتن.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٤ی گوڵانی ١٤٠٢
٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢٣
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت