لە سەروبەندی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی کە بوو بەهۆی سەرڵهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی داگیرسانی دووبارەی ئاگری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و لە درێژەی کردەوە تیرۆریستییەکانیدا، بۆ جارێکی تر هەڕەشەی چەککردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراقی دەستپێکردووەتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی ئەم جاڕوجەنجاڵە تەبلیغاتییە و هەڕەشەی مووشەکبارانی بارەگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و دیاریکردنی دوامۆمەڵەت بۆ چەککردنی ئەم هێزانە، بەشوێن چەندین ئامانجەوەیە. ڕژیمی ئیسلامی کە لە بەرابەر درێژەی خەبات و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی ئێران دەرماندە و بێتوانایە، لە هەوڵی ئەوەدایە سەرەنجی بیروڕای گشتی لە ئێران و ناوچەکە لە درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بەلاڕێدابەرێت و بەرەو قەیرانە دەستکردەکانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکان ڕابکێشێت.
لەحاڵێکدا کە یەکێک لە دیمەنە شکۆدارەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان لەم قۆناغەدا، یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە سەرتاسەری ئێران بووە، ڕژیمی ئیسلامی بە درۆنانەوە و تەفرەقەنانەوە بەنیازە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و جەماوەری لە کوردستان لە بزووتنەوەی سەرتاسەری جیا بکاتەوە و بە ئاکامی چالاکی و جموجۆڵی نیزامیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێناسەی بکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە کێبەرکێی لەگەڵ دەسەڵاتە ڕەقیبەکانی ناوچەکە پێگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لاواز بووە دەیهەوێ لەڕێگەی نفووزێک کە لەناو گرووپە ئیسلامییە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق و حەشدی شەعبی هەیەتی، ئەم شکستانە تا ئاستێک قەرەبوو بکاتەوە. لەم ڕووەوە، لەڕێگەی گرێبەستێکی زەمانبەندیکراو لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بۆ چەککردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بە سیاسەتی داگیرکەرانە، پەرەپێدان بە تیرۆریسم و دەخاڵەتگەری و بە ناسەقامگیکردنی زیاتری ناوچەکە، خۆی بۆ قۆناغێکی تازە لە ململانێ و کێشمەکێش لە عێراق و ناوچەکە ئامادە بکات.
بێگومان دەسەڵاتێک کە تەنها بە زەبری سەرکوت و کردەوەی تیرۆریستی و داگیرکەرانە لەسەر پێ ڕاوەستاوە، ئەم پڕۆژە نگریسەشی شکست دەهێنێ. قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەئاستی کۆمەڵگا، کە ئێرانی بەرەو ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بردووە لەلایەکەوە و گەشەی خەباتی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و خانەنشینان و باقی توێژە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەکی دیکەوە، ڕێگە بە ڕژیمی تیرۆر و ئێعدام نادات تا بە گرتنەبەری سیاسەتی چەککردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، خۆی لەو مەترسییەی کە بەرەوڕووی بووەتەوە دەرباز بکات.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڕەشەی ملهوڕانەی ڕژیمی ئیسلامی دژبە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، پەنابەران و خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێراق بەتوندی مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان دەکات کە بە پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران کە “خاڵی لاواز”ی ئەم ڕژیمە ڕوو لە زەواڵەیە، دەنگی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی کار و زەحمەت بە هەر شێوەیەکی مومکین، لەوانە مانگرتن و ناڕەزایەتیی شەقام، لە ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەرماناندا ڕەساتر بکەن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە هەموو هێزەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی کوردستانی عێراق چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە لەڕێگەی پەرەپێدان بە چالاکیی تەبلیغی و ڕۆشنگەرانە سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی سیاسەت و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی، تێچووی سیاسیی ئەم کردەوە جەنایەتکارانە و تیرۆریستییە قورستر بکەن.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!
١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢
٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت