جارێکی تر باڵەکانی ڕژیمی دەسەڵاتدار لەگەڵ باڵە ڕاست و ناسیۆنالیستە ئۆپۆزیسیۆنەکان تەحرێکاتێکی بێشەرمانە و دژەئینسانییان بەرامبەر بە هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لە ئێران پەرەپێداوە تا هەژاری و بێکاریی ملیۆنی بخەنە ئەستۆی ئەوان. کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەفغانستانی هۆکاری هەژاری و فەلاکەتی گشتیی خەڵکی ئێران نین. کرێکارانی ئەفغانستان لەگەڵ دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران نیزامی سەرمایەداری و کۆماری ئیسلامی بە هۆکار و سەرچاوەی هەژاری و فەلاکەتی خۆیان دەزانن. لە سەردەمی ئەمڕۆدا و بە ئامرازەکانی کاری ئێستا، کرێکاران زۆر زیاتر لە مەسرەفیان، بەرهەم دێنن. هیچ بەشێک لە کرێکاران لە هیچ شوێنێکی دینا هۆکاری بێکاری و هەژاری نین. کرێکاران سەروەت بەرهەم دێنن، نەک هەژاری و فەلاکەت. ئەمڕۆ چینی دەیان ملیۆنیی کرێکار لە ئێران کە کرێکارانی ئەفغانستانیش بەشێکی پێک دێنن، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەنگ، ئایین، نەتەوە و شوێنی لەدایکبوون، کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری حەقدەستی چەند بەرابەر ژێری هێڵی هەژاری و بە سەرچاوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئێران دەزانن.
درۆنانەوەی بەرین و بێشەرمانەی دەزگا تەبلیغاتییەکانی هەموو باڵەکانی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست و فاشیست ناتوانێ سەرەنجی چینی کرێکار و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە خەبات دژبە ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی بەڵاڕێدابەرێت و بەرەو دژایەتی لەگەڵ بەشێک لە چینەکەیان کە کرێکارانی ئەفغانستانین، ببات. پێشڕەوانی چینی کرێکاری ئێران بە وشیاری و بە ئاگاداربوون لە هۆکاری هەژاری و نەداری و بێمافیی خۆیان ڕێگە نادەن پارێزەرانی ئەم نیزامە لە ناو دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەڕێگەی پەرەپێدانی بیری ناسیۆنالیستی و فاشیستی لەناو ڕیزەکانی خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری و خەڵکی ئێران دژبە کۆماری ئیسلامی بۆشایی پێک بێنن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کەمپەینی فاشیستی و دژەئینسانیی ڕژیمی ئیسلامی لەدژی پەنابەران و کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی لە ئێران مەحکووم دەکات. داوا لە کرێکاران، خەڵکی شەریفی ئێران و هەموو هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان دەکەین کە بە پشتیوانی لە کەرامەت و حورمەتی ئینسانیی کۆچبەرانی ئەفغانستانی یارمەتیدەری یەکگرتوویی و هاوپشتی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بن لەپێناو خەباتی یەکگرتووانە دژبە هەموو باڵەکانی نیزامی سەرمایەداری.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!
١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢
٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت