ڕۆژی یەکشەممە هەشتی مانگی ڕێبەندان، شایەدی لاپەڕەیەکی درەوشاوەی دیکە لە خەباتی چینی کرێکاری ئێران بەدژی ڕژیم ئیستبدادی و سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بووین. کرێکارانی گرووهی میللیی فوولادی ئەهواز لە درێژەی خەباتی هەفتەکانی ڕابردووی خۆیان بەشێوەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە کارخانە و بەرپاکردنی کۆبوونەوە لە بەرامبەر ئوستانداری و بانکی میللی، ئەمجارە مارشێکی بەرینیان لە شەقامەکانی شاری ئەهواز ڕێکخست. کرێکاران وێڕای ئیعتڕاز بە وەدینەهاتنی خواستە پیشەیی و مەعیشەتییەکانیان، بە گەڵاڵەکردنی دروشمی کۆمەڵایەتی و سیاسی نیشانیان دا کە کێشە و گرفتی خۆیان و وڵات بەرینتر لە وەدیهاتنی ئەم یان ئەو داخوازیی سینفی دەبینن.
ئەم حەرەکەتە پڕگڕوتینە بە ڕێپێوان لە بینای ئۆستاندارییەوە بەرەو فەرمانداریی ئەهواز و دواتر بەرەو بینای ناوەندیی بانکی میللیی ئۆستان درێژەی بوو. کرێکارانی مانگرتووی گرووهی میللیی سەنعەتی فوولادی ئێران، بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای ناوەندیی بانکی میللیی پارێزگای خووزستان، بە وتنەوەی چەندین دروشم، ناڕەزایەتیی خۆیان بەدژی بایەخ نەدانی بانکی میللی بە خواستەکانیان نیشاندا. ئەوان بەڕوونی بە ڕژیم و کاربەدەستانی بانکی میللی کە ئەرکداری بەڕێوەبردنی ئەم شیرکەتەن، هۆشداریان دا: “ئێمە تاقی مەکەنەوە، ئێمە پۆڵای تواوەین!”
ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی گرووهی میللیی سەنعەتی فوولاد لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەهواز درێژەی بوو. لە شەقامی نادری، کرێکاران ئەم دروشمەیان وتەوە: “ئێمەی کرێکارانی فوولاد بەدژی زوڵم و بێداد بەشەڕ دێین”. ئەوان دواتر لە چوارڕای نادرییەوە بەرەو بازاڕ و شەقامی ئیمام ڕێپێوانیان کرد.
لەناو دروشمەکانی کرێکاراندا تەئکید لەسەر خۆڕاگری هەتا وەدیهاتنی خواستەکانیان، ئیعتڕاز بە بێ ئاوی لە ئەهواز و هەروەها خۆبواردن لە بەشداریکردنی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی حکوومەت بەرچاو بوو. ئەوان هاواریان دەکرد: “عەداڵەتێکمان نەبینی، ئێمە ئیتر دەنگ نادەین”. کرێکاران هەروەها بە وتنەوەی دروشمی “کێشەی ئێمە لێرەدایە، بەدرۆ دەڵێن ئەمریکایە”، بەڕوونی سیاسەتی ماڵوێرانکەری دەرەوەی ڕژیم و کەڵک وەرگرتنی ئامرازئاسا لە قەیرانی دەرەکی و ناوچەیی بۆ داپۆشینی ڕیشە سەرەکییەکانی قەیران لە ناوەوەی ئێرانیان ئاشکرا کرد.
خەباتی درەوشاوەی کرێکارانی فوولادی میللیی ئەهواز و هەروەها مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یەک لە دوای یەکی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بەتایبەت کرێکارانی پەیمانی و ئەرکانی سالس لە ژمارەیەکی زۆر لە شیرکەت و شوێنەکانی کار لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێران بەتایبەت ناوچە سەنعەتییەکانی پارسی جنووبی و هەروەها ناڕەزایەتیی هەفتانەی خانەنشینان لە شارە جۆراوجۆرەکان، نیشانی دەدات کە دوای سەرکوتی فاشیستی و خوێناویی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، شایەدی سەرهەڵدانی دووبارەی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێرانین.
بەپێی بەراوردە سەرەتاییەکان، لە ماوەی دە مانگی سەرەتای ئەمساڵی هەتاوی، زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕووی داوە. ئەم ئیعتڕازاتە زیاتر لە هەزاری پەیوەندی بە کرێکارانی سەنعەتی، زیاتر لە هەزاری پەیوەندی بە خانەنشینان، زیاتر لە حەفتای پەیوەندی بە مامۆستایان و زیاتر لە هەشتای پەیوەندی بە پەرستاران و پێرسۆنێلی دەرمانییەوە بووە.
ئێمە وێڕای پێشوازی لە گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران، بۆ جارێکی تر لەسەر زەروورەتی سازماندان، ڕێکخستنی خۆجێیی و سەرتاسەری و هەروەها لەسەر پێویستیی هاوپشتی و هاوکاریی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار تەئکید دەکەین. کرێکارانی ئێران خۆیان بەڕوونی دەزاننن مادام ئەم خەباتە پەراکەندە بەڵام گرینگە، نەتوانێ ببێتە خەباتێکی سەرتاسەری و هاوئاهەنگ و نەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنێکی گشتی و سیاسی ئامادە بکات، چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتی پشتیوانی، ئەو ئیمکانەی هەیە کە هەموو جارێ خۆی لە ژێر گوشاری ئەم بزووتنەوەیە بێنێتە دەر و تەنانەت بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار جیا جیا سەرکوت بکات. کەوابوو بۆ جارێکی تر وێڕای تەئکید لەسەر دروشمی مێژوویی “چارەی ڕەنجبەران، یەکگرتوویی و ڕێکخراوە” داوا لە هەموو هەڵسووڕاوانی کرێکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان لە ئێران دەکەین کە لەڕێگەی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر، هەوڵ بدەن ئەم خەباتە هەرچی سەرتاسەریتر، بەرینتر و ڕێکخراوتر بەڕێوەبچێت.
بژی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!
٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢
٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٤
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت