فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: تەقینەوەیەکی تر لە مەعدەنی زۆغاڵی سەنگ و کوشتنی کرێکاران!
دوشەممە ۰۲-۰۷-۱۴۰۳   |  23-09-2024

شەوی شەممە ٣١ی مانگی خەرمانان بەهۆی تەقینەوەی گازی مێتان لە قووڵایی زەویدا، توونێلەکانی مەعدەنی زۆغاڵی سەنگی شیرکەتی مەعدەنجوو ڕووخا و بەهۆیەوە ٥٢ کرێکار گیانیان لەدەستدا و ١٧ کرێکاریش بریندار بوون. شیرکەتی مەعدەنجوو شیرکەتێکی خسووسی لە تەبەسی هەڵکەوتوو لە پارێزگای خۆراسانی جنووبییە. هەواڵێنرییە دەوڵەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە لەکاتی داڕمانی ئەم مەعدەنەدا ٦٩ کرێکار لە بلۆکە جۆراوجۆرەکاندا لە حاڵی کاردا بوون. ئەو وێنە دڵتەزێنانەی کە بڵاوبوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر تەرمی کرێکاران نیشان دەدەن کە لە واگۆنی بارکردنی زۆغاڵی سەنگدا لەسەر یەک کەڵەکە کراون و کرێکارانی برینداریش لە دەوریان کۆبوونەتەوە و بۆ هاوکارانی گیانبەختکردوویان فرمێسک دەڕێژین.

بەرپرسان و ناوەندە دەوڵەتییەکان لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەند پەڕەکاغەزێکەوە بۆ کرێکاران فرمێسکی درۆینە دەڕێژن و بە ژێستێکی درۆزنانەوە ئیدیعای ئەوە دەکەن کە: “لە حاڵی فریاگوزاری دان و لە ئەگەری سەرپێچیی خاوەنکاراندا، سزایان دەدەن”. دەوڵەت و سەرمایەداران ناڵێن کە بۆچی پێداویستییەکانی تەندروستی و ئیمەنی و فریاگوزاری بۆ کرێکاران بەتایبەت بۆ کرێکارانی مەعدەن لە شوێنی کاردا دابین ناکرێت و بۆ دەبێ ئەم ڕووداوانە هەمیشە دووپات بنەوە. تەنیا لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەشت ڕووداوی مەرگباری هاوشێوە لە شوێنی کاردا بەڕەسمی تۆمار کراوە کە سێ نموونەیان لەم مەعدەنەدا ڕوویان داوە. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن بەڵام لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت و هیچ ناوەندێکیش نییە کە وەڵامی بارودۆخی ژیانی ئەو کرێکارانە و بنەماڵەکانیان بداتەوە.

لە زۆر نموونەی بێ ئەژماردا دەرکەوتووە کە ئەمجۆرە ڕووداوانە بەتایبەت لە مەعدەنەکان، بەهۆی بایەخ نەدران بە سڵامەتی و ئیمەنیی شوێنی کار بووە و خەتاباری سەرەکیش سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانە. سەرمایەداران بۆ قازانجی زیاتر لە هەزینەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی کرێکاران کەم دەکەنەوە و دەوڵەتیش بە تاکتیکی جۆراوجۆر چاوپۆشی لێدەکات و بە سەرکوتی ناوەندە سەربەخۆکان و ڕێکخەرانی کرێکاران بەر بە کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی بارودۆخ و شوێنی کار لەلایەن کرێکارانەوە دەگرێ. “ڕووداوەکانی شوێنی کار” لە نیزامی سەرمایەداریدا دیاردەیەکی باوە.

سەرمایەداران بۆ قازانجی زیاتر شیرەی گیانی کرێکاران هەتا ئاخر هەڵدەمژن و بەهۆی دابین نەکردنی ئیمکاناتی پێویست دەبنە هۆی مەرگیان لە شوێنی کار. ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانیش لە سەردەمی بەساڵاچوویی و لە سەرەتای سەردەمی خانەنشینیدا بەهۆی خەمۆکی و مەرگی پێشوەخت لەژێر کاریگەرییەکانی دۆخی کاردا، گیانیان لەدەست دەدەن. لە سوننەتی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیدا ئەمجۆرە مردنەی کرێکاران تەنیا مەرگێکی سادەی دڵتەزێن نییە بەڵکوو قەتڵی کۆمەڵایەتیی کرێکاران لەڕێگەی خاوەنکاران و دەوڵەت و موناسباتی سەرمایەدارییە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردووی مەعدەنجوو دەردەبڕێت و هیوادارین بریندارەکان بە زووترین کات چاک بنەوە. هەروەها لە چالاکان و ناوەندە ناسراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، لە پارێزەرانی پێشکەوتنخوازی بەرەی جەماوەر داواکارین بۆ موحاکمە و دادگایی کردنی سەبەبکاران، بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بکەن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم

٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤ / ١ی ڕەزبەری ١٤٠٣

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت