هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر گیانی ئەم ئازیزانە، هێرش بۆسەر گشت کۆمەڵگایە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییان و دەستبەسەر و زیندانییان دەکات و وەک بارمتە لە بەرامبەر کۆمەڵگادا بەکاریان دێنێ. قوربانییەکانی دستچن دەکات و بە حوکمی درێژماوەی زیندان و بە حوکمی دژەئینسانیی ئێعدام، تۆڵە لە خەڵک و کۆمەڵگای ناڕازی دەکاتەوە.
کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتە نگریسەکەی بە تیرۆر و ئێعدام دەستپێکرد. بە ئێعدام و سەرکوت سەقامگیری کرد و دەشیهەوێ بە درێژەی سەرکوت، ڕفاندن، ئەشکەنجە و ئێعدام بیپارێزێت و لە ڕووخانی ڕێگری بکات.
ئێعدام واتە کوشتنی ئینسان بەدەستی جەلادان، بووەتە ئامرازێک بۆ مانەوەی ڕژێمی سەرکوتگەر.
کۆماری ئیسلامی لە هەر قۆناغێکدا کە بەرەوڕووی قەیران دەبێتەوە و دەسەڵاتی دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆ مانەوە و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک دەست دەکا بە پەرەپێدانی ئێعدام. کۆماری ئیسلامی نەک تەنها چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سێدارە دەدات، بەڵکوو سزای لەسێدارەدانی کردووەتە جێگرەوەی هەر سیستەمێکی چاکسازی و خۆشبژێوی لە کۆمەڵگادا. بە کوشتنی ئەو تاوانکارانەی کە خۆیان قوربانیی بارودۆخی نالەباری کۆمەڵگان، بارودۆخێک کە سەرچاوەی تاوانە وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەکردەوە ژیانی ئینسانی بەرەو تەباهی دەبات. کۆماری ئیسلامی جگە لە کوشتن، سەرکوت و زەبروزەنگ، هیچی تری بۆ کۆمەڵگا لەدەست نایە.
لە وەها بارودۆخێکدا حکوومەت لە هەرجۆرە ناڕەزایەتی و ڕێکخستنی چینایەتی و کۆمەڵایەتی یەکجار دەترسێ و بە توندوتیژی، دەستبەسەرکردن، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام بەرەنگاری خەڵک دەبێتەوە. ئەم ڕژیمە نەتەنیا لە قەیرانە ناوخۆییەکاندا بەڵکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی دەرەوەی وڵاتیشدا دیسان دێتەوە سۆراغی زیندانییانی سیاسی و بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام و جێبەجێکردنی، دەست دەکا بە مانۆڕی سیاسی. ئێستا کە کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی فشار و شکستی ناوچەیی بووەتەوە، وە هەروەها لەگەڵ خراپتر بوونی بارودۆخی ژیانی خەڵک و درێژەی سەرکوت نەیتوانیوە بەر بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی ئازادیی ژن، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کورستان و چینی کرێکار بگرێ، وەک هەمیشە بە پەنابردن بۆ ئەحکامی جەنایەتکارانەی ئێعدام هەوڵ دەدات هێز و توانای خۆی بەڕووی کۆمەڵگادا بکێشێت.
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز:
با هەموومان بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین بۆ ڕزگارکردنی گیانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی تێبکۆشین.
تەنیا حزووری بەهێزی ئێمە دەتوانێ ئەم ئامرازە قیزەونەی تاوان لە دەستی کۆماری ئیسلامی بێنێتە دەر. پێویستە بە خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام، ئەم ئامرازە خۆفناکەی سەرکوت لە حکوومەتە کۆنەپەرست و فاشیست و سەرکوتگەرەکان بستێنین. لە هەمان کاتدا پاشەکشە کردن بە ڕژیم لە بواری ئێعدام، کردەوەیەکی سەرەکی و ئەساسییە بۆ پەڕاندنی باسکی سەرکوتی حکوومەت. لە هەر خەباتێک، لە هەر ناڕەزایەتییەک و لە هەر ڕێکخراوێکدا دەبێ بەڕەسمی لەگەڵ سزای ئێعدام دژایەتی بکەین و بەربە کوشتاری حکوومەت بگرین. کۆماری ئیسلامی تەنیا بە هێز و ئیرادەی خەڵک ناچار بە پاشەکشە دەکرێت.
نا بۆ ئێعدام!
بژی دەسەڵاتی شۆرایی!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٨ی نوامبری ٢٠٢٤