فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ٢٠٢٢ (١١ی گوڵان) ڕۆژی جیهانیی کرێکار
دوشەممە ۲۹-۰۱-۱۴۰۱   |  18-04-2022

کرێکارانی جیهان لە باروودۆخێکدا بەرەوپیری ئەوەڵی مانگی مەیەوە دەچن کە هێستا لەژێر گوشاری سیاسەتی داسەپاندنی ڕیازەتی ئابووری و ئاکامی خۆفناکی پەتای کۆرۆنا، پشتیان ڕاست نەکردووەتەوە کە دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆ جارێکی دیکە جیهانیان بردووەتە ناو شەڕ و قۆناغێکی پڕمەترسی و چارەنووسسازەوە.

لە باروودۆخی ئێستادا سەرمایەداریی جیهانی زیاتر لە هەر دەورانێک دەرگیری قەیرانی پێکهاتەیی ئابووری و کێبەرکێ و شەڕ و نائەمنی لە سەرتاسەری جیهانە. لەئاکامی ئەم باروودۆخەدا چینی کرێکاری جیهانی و مرۆڤایەتیی بێبەش لە سەرانسەری گۆی زەوی، هەژاری و فەلاکەتی زیاتر تەجروبە دەکات و لەگەڵ ئاستەنگیی ئابووری و کوشتار و ئاوارەیی و برسیەتی و نەهامەتیی فراوان بەرەوڕوو بووەتەوە. سەرمایەداری بەپێی ماهییەتەکەی بۆ تێپەڕین لەم قەیرانە و بۆ ڕەونەقی دووبارەی بازاڕی سوود  و سەرمایە، بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری هەوڵ دەدات بۆ جارێکی دیکە ئەم قەیرانە بخاتە سەر شانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش.  لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و ئێستاش شەڕ لە ئۆکراین، ئەم باروودۆخە توندتر بووەتەوە و هەزینەی جەنگ، میلیتاریسم، قەیرانی ئابووری و گرانیی بەردەوامی پێداویستییەکانی ژیان دەبێت هێزی کار و زەحمەت بیدات.

ئەم شەڕە، شەڕێکی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە کە هەموو لایەنە بەشدارەکانی بەشوێن قازانجی خۆیانەوەن. هەر ئێستا دەوڵەتان و سیاسەتمەدارانی بورژوا، بە هەڕەشە و کەڵک وەرگرتن لە چەکی بیۆلۆژیکی و کیمیایی و ئەتۆمی، خەڵکی جیهانیان سەرسووڕماو و نیگەران کردووە. ئەگەر ئامانجێکی ئەساسیی ئەم شەڕە، دووبارە پێناسەکردنەوەی نەزمی نوێی جیهانی و دیاریکردنی پێگە و چوارچێوەی نفووزی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و میلیتاریزەکردنی جیهانە، ئامانجێکی دیکەی داسەپاندنی پاشەکشەی بەرین بەسەر چینی کرێکار و زەوتکردنی دەستکەوتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە. سیاسەتی بەشداریکردن لە شەڕ و پشتیوانی لە یەکێک لە بلۆک و دەوڵەتانی دەرگیر، سیاسەتێکی سۆسیال شۆڤێنیستی و ناسیۆنالیستییە. هەرکامێک لە لایەنەکانی بەشدار لەم شەڕە سەرکەوتوو بن، دۆڕاوەکەی، کرێکارانی جیهان بەتایبەت کرێکاران و خەڵکی وڵاتانی دەرگیری ئەم شەڕەن. پاشەکشە بەم سیاسەتە تەنیا بە مانگرتن و ناڕەزایەتی مومکینە کە لەئێستادا هاوچینەکانمان لە ئیتالیا و سپانیا و یوونان و بێلاڕووس کاردانەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان دژبە شەڕ دەستپێکردووە. بێگومان گۆڕینی ئەم باروودۆخە پێویستی بە وڵامی چینایەتی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی ئەنترناسیۆنالیستیی چینی کرێکار و زەحمەتکیشانی ناوچەکە و جیهانە.

چینی کرێکاری ئێران وەک بەشێک لە چینی کرێکاری جیهان لە باروودۆخێکدا بەرەوپیری ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە دەچێت کە لەچاو وڵاتانی هاوشێوە لە خراپترین باروودۆخی ژیان و گوزەراندا بەسەر دەبات و لەگەڵ نائەمنیی پیشەیی، بێکاریی بەرین و تەورەۆمی هەوسارپچڕاو، هەژاری و فەلاکەت بەرەوڕووە. بەم حاڵەوە، خەباتی کرێکاری دژ بەم باروودۆخە بەردەوام پەرە دەستێنێت. زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتی تەنیا لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، هێمای خۆڕاگری کرێکاران لە بەرامبەر ئەم بارووۆدۆخەدایە.  خەباتی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و پێترۆشیمی، ناڕەزایەتیی پەرستاران، خەباتی بەردەوامی کرێکارانی حەوت تەپە و فوولاد و هەروەها ناڕەزایەتیی بەردەوام و سەرتاسەریی مامۆستایان و خانەنشینکراوان بە بەشداریی بەرینی ژنان، نمۆنەکانی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەباتی کرێکارین. سەرهەڵدانی چەندین ئاخێزی گەورەی جەماوەری لەماوەی ساڵانی ڕابردوو لەوانە ئاخێزەکانی مانگی بەفرانبار و خەزەڵوەر و ناڕەزایەتیی بێبەشان لە خووزستان و جووتیاران لە ئیسفەهان و هەروەها پەرەسەندن و بەردەوامبوونی خەباتی کرێکاران، نیشانەی ئیمکانی کرانەوەی گەورەی سیاسی لە کۆمەڵگای ئێران دایە. ئەم بابەتە تەنها لە حاڵەتێکدا هیوابەخشە کە چینی کرێکار بکەوێتە ناوەندی ئەم گۆڕانکارییانەوە و زەمینەسازی وەدیهاتنی ئازادی و سۆسیالیسم و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەری و چەوسانەوە بێت. 

لە ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵدا، چینی کرێکار و خەڵکی وەگیان هاتوو لە ستەم و هەڵاواردن و چەوسانەوە لە ئێران و وڵاتانی جۆراوجۆر، پێویستە دژبە نیزام و دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بێنە مەیدان، ئیدیعانامەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لەدژی نیزامی وێرانکەر ڕاگەیەنن، دژبە شەڕی ئیمپریالیستی و ئامانجی کۆنەپەرستانەی دەنگ هەڵبڕن و ئاڵاهەڵگری ڕاستەقینەی ڕاگرتنی دەستبەجێ شەڕ بن. هەروەها پێویستە ڕێکخراو و ناوەند و یەکیەتییە کرێکارییەکان بە هێنانەگۆڕی درووشمی “ڕاگرتنی خێرای شەڕ”، “دژبە سەرمایەداران، دژبە میلیتاریسم”، زۆرینەی خەڵکی دژبەری شەڕ بێننە مەیدان.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پیرۆزبایی ئەوەڵی مانگی مەی لە هەموو کرێکاران و ئازادیخوازانی جیهان، کرێکارانی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی بەرینی ڕێوڕەسمەکانی ئەوڵی مەی، ڕاگەیاندنی نەفرەت لە شەڕی ئیمپریالیستی، لەقاودانی ماهییەتی کۆنەپەرستانەی شەڕی سەرمایەداران، گەڵاڵەکردنی خواستە سەرەکییەکان لەوانە حەقدەست و مووچەی شیاوی ژیانێکی ئینسانی، ڕێکخراوی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەریی کرێکاران، ئازادیی سیاسی و دیموکراتیک بۆ هەمووان، ڕزگاریی ژنان لە بەندی باوک و پیاوسالاری و ئازادیی گشت بەندکراوانی سیاسی، بانگەشە دەکات.

کرێکارانی جیهان یەکگرن!

نا بۆ شەڕی ئیمپریالیستی، نا بۆ میلیتاریسم!

بژی هاوپشتیی نێونەتەوەیی کرێکاران!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم!

١١ی ئاڤریلی ٢٠٢٢ – ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١


واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت