ڕاگەیاندنی هاوبەش
کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی حێکمەتیست
پێویستە بە ناڕەزایەتی کاریگەر و یەکگرتووانە دووبەرەکینانەوەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەین
ڕێژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢، بارەگای چەندین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دایە بەر هێرشی درۆن و مووشەک و لەئاکامدا بەداخەوە ١٦ کەس گیانیان بەختکرد و زیاتر لە ٥٠ کەسی تریش برینداربوون.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە باروودۆخێکدا ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیەی ئەنجام داوە کە بەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمنیی نزیکەی دوو حەفتەیە شەقامەکانی زیاتر لە سەد شاری ئێران بوونەتە گۆڕەپانی دەربڕینی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران دژبە گشت دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە. بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ڕادیکاڵ بە داهێنانی جۆراوجۆری ژنان و نەوەی لاو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەرتر لەحاڵی گەشە دایە. ناڕەزایەتی دژبە کوشتنی مەهسا هێندە خاوەن هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتی بووە کە ڕەنگدانەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەر لەئاستی جیهاندا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە هەموو کاتێک ڕسوا و بێ ئێعتبار کروودە و خستوویەتە مەنگەنەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە لە زەلکاوی قەیران چەقیوە، لە ناوخۆ و لە عێراق و لەئاستی ناوچەکەدا بەرەوڕووی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک بووەتەوە. ڕێژیم بە بوردومانی بنکە و بارەگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان بەنیازە سەرەنجی بیروڕای گشتی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران دژبە تاوانەکانی ئەم ڕێژیمە، لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی سەرانسەری ئێران، لە شەپۆلی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە، حەواڵەی دەرەوەی سنوورەکان بکات و بەلاڕێیدا بەرێت. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خاوی خۆی دەتوانێ بە هێرشی نیزامی بۆسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستانی عێراق مەشخەڵی ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ڕاپەڕیو لە کوردستانی ئێران خامۆش بکات و بە دووبەرەکی نانەوە، ئەوان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران جیا بکاتەوە. بەڵام بێگومان خەڵکی خەباتکاری کوردستانی ئێران بە یەکگرتوویی و هاوپشتیی لەگەڵ خەڵکی خەباتکاری سەرانسەری ئێران، بە ناڕەزایەتیی لەسەر شەقامەکان و بە داهێنانی کاریگەر، درێژە بە خەباتیان دەدەن و ئامانجی ڕێژیم واتە درووستکردنی تەفرەقە بەرەڕووی شکست دەکەنەوە.
لەم ڕووەوە ئێمە واژۆکارانی ئەم ڕاگەیاندنە بۆ جارێکی تر خەڵکی خەباتکاری کوردستان بانگەشەی درێژەدان بە ناڕەزایەتیی یەکپارچە و یەکگرتووانە لەگەڵ خەڵکی سەرانسەری ئێران و ناڕەزایەتی دژبە هێرشی جەنایەتکارانەی کۆماری ئسیلامی، دەکەین. یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی سەرانسەری ئێران و هاوئاهەنگی لە درووشم و داهێنان و شێوازی خەباتکارانەی هاوشێوە، ڕەمزی سەرکەوتنە. نابێ ڕێگە بدەین کۆماری ئیسلامی بەم کردەوە جەنایەتکارانەیەی، خەباتی خەڵکی کوردستان لە خەڵکی ئێران جیا بکاتەوە. پێویستە یەکدەنگ دژبەم تاوانە ناڕەزایەتی دەربڕین. ڕێپێوان و ناڕەزایەتیی لەسەر شەقام بەشێک لە ئازادیی سیاسی و ئازادیی ڕادەربڕین و مافی بێ شەرت و مەرجی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێرانە. هەروەک چۆن مانگرتنی کرێکاریش لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە نایاسایییە، بەڵام کرێکاران بە خەباتی لێبڕاوانەی خۆیان مانگرتنیان کردووەتە بەشێک لە واقعییەتی بزووتنەوەی کرێکاری. ئێستا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو لایەکەوە کەوتووەتە ژێر گوشارەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپاکردنی ناڕەزایەتیی سەرشەقام بکەینە بەشێک لە واقعییەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران.
لە کۆتاییدا داوا لە خەڵکی خەباتکار، لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران دەکەین کە هەروەک دوو هەفتەی ڕابردوو، کە شەقامی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانیان کردە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەمجارەش بەهەر شێوەیەک کە دەتوانن، یەکگرتوویی و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و دژبە جەنایاتی ڕێژیم نیشان بدەن.
٧ی ڕەزبەری ١٤٠١
٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢