پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی سەرماوەز بەرابەر لەگەڵ ١٧ی دێسامبری ٢٠٢٢ بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (وەک چاوەدێر) بەڕێوەچوو. پلینۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم، بەتایبەت گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا دەستی بە کار کرد.
دەستووری جەلەساتی پلینۆم بە پێی ڕەواڵ بریتی بوون لە: ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلینۆم، ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتە و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان بە پلینۆم، پێڕاگەیشتن بە قەرار و ئارایش و تەقسیم کاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە.
لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریدا کە پێشتر بەنووسراوە خرابووە ئیختیار ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندییەوە، دوایین گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکان لە ئێران و بەتایبەت ئەوزاعی سیاسیی کوردستانی ئێران کە لە سێ مانگی ڕابردوودا لەگەڵ بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرەوڕوو بووە و تێیدا ڕۆڵێ بەرچاوی بووە، درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
ڕاپۆرتی سیاسی بە پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە لەم دوایانەدا لە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕاپۆرتێکی موفەسەل لەسەر ئەوزاعی سیاسیی ئێران و ناوچەکە پێشکەش کرا، لەم پلینۆمەدا دووپات کردنەوەی پێویست نییە. لەم ڕاپۆرتەدا بەکورتی تیشک دەخرێتە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەماوەی سێ مانگ و نیوی ڕابردوو واتە لە مەودای زەمانیی نێوان دوو پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە ئێران و کوردستان هاتوونەتە ئاراوە.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری کە سێ مانگی ڕابردوو بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، لەڕاستیدا هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی چوار دەیەی ڕابردووی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و سەراسەری ئێران دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی بوو. تووڕەیی و ناڕەزایەتی بەرانبەر بە داسەپاندنی زیاتر لە چوار دەیە هەژاری و برسییەتی، دیکتاتۆری و زەبر و زەنگ و سەرکوت و کوشتار. ئەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانەیە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد بەڵام بەخێرایی سەرانسەری ئێران گرتەوە. ئەم بزووتنەوەیە بە پێشەنگایەتی و خەباتی بوێرانە و لێبڕاوانەی ژنان، بۆ چوارەمین مانگی بەردەوام هەروا درێژەی هەیە و کۆماری ئیسلامی بە هەموو دامودەزگای سەرکوتیەوە هەتا ئێستا نەیتوانیوە خامۆشی بکات. ئەگەرچی تا ڕادەیەک دامرکاوە بەڵام هێستا ناڕەزایەتی لە ئارا دایە و بەشێوەی دەورەیی سەرهەڵدەدات و خامۆش نابێت. لەبەر ئەوەیکە قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایە، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە و ئاخێزەکانی پێشوو، هێستا نەتەنیا هەر لە جێی خۆیەتی بەڵکوو زیاتریش پەرەی سەندووە و کۆماری ئیسلامی لە چارەسەرکردنیان بێتوانایە. لەم ڕووەوە جەماوەری خەڵکی وەگیانهاتوو عەزمیان جەزم کردووە کە بە کەمتر لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕازی نەبن.
لەپێوەند لەگەڵ بارودۆخی ئابووری، بەپێچەوانەی ئیدیعای درۆ و بێبنەمای خامنەیی و ڕەئیسیی قاتڵ کە باس لە گەشەی ئابووری و هاتنەخوارەوەی ڕێژەی تەوەرۆم و شتی تر دەکەن، لەم ماوەیەدا چوونەسەرەوەی بەرینی نرخی پێداویستییەکان بەهۆی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری، جەماوەری خەڵکی بەتایبەت کرێکاران و باقیی توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگەی زیاتر لە ڕابردوو بەرەوڕووی هەژاری و برسییەتی کردووە. ئەرزشی یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن لەم ماوەیەدا لە ٢٦٠٠٠ تمەنەوە گەیشتووەتە سەرووی ٣٧٠٠٠ تمەن واتە ئەرزشی تمەن لەسەدا ٤٢ هاتووەتە خوارێ و هێڵی هەژاری گەیشتووەتە باڵای ١٨ ملیۆن تمەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە حەقدەستی کرێکاران و پایەی حقوقی کارمەندان لەسەر جێی خۆیەتی و نەگۆڕاوە. ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ڕژیم ڕێکارێکی بۆ چوونەدەرەوە لەم قەیرانە گشتگیرە نییە. لەئێستادا گشت سیستمی حکوومەتی لەکار کەوتووە و ئەوەیکە لە دەستووری کار ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دایە مانەوەیە بەزەبری سەرکوت و کوشتار و هیچی تر.
لە وەها بارودۆخێکدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەڕوات و هەوڵ دەدات کەموکۆڕی و کێشەکانی سەر ڕێگای چارەسەر بکات. ئەم بزووتنەوەیە بەردەوام جەماوەریتر دەبێتەوە و ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران لە ناوەندە سەنعەتی و خزمەتگوزارییەکان لەڕێگەی مانگرتنەوە پێی پەیوەست دەبن. لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات تا دێ زیاتر دەکەوێتە بەر نەفرەت و تووڕەییەوە و لەئاستی نێونەتەوەییشدا کەوتووەتە ژێر گوشاری زیاترەوە. لە وەها دۆخێکدا داماوی و بێتوانایی ڕژیم لە ئیدارەکردنی کۆمەڵگە زیاتر خۆی نیشان داوە و کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخان دەڕوات. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە لەم بارودۆخەدا دۆسیەی چارەنووسی سیاسی لە ئێراندا کراوەیە و هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان و لەئاستی سەراسەری بۆ کەڵک وەرگرتن لەم بارودۆخە وەجموجۆڵ کەوتوون.
لە کوردستان بەدوای دەستپێکی “ئاخێزی ژینا”، بەلەبەرچاوگرتنی پێشینەی خەباتی ڕێکخراوی چوار دەیەی ڕابردوو و حزووری جەریانی بەهێزی چەپ و کۆمۆنیستی کۆمەڵە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵک نیسبەت بە ئاستی سەراسەری جەماوەریتر و ڕێکخراوتر هەنگاوی هەڵگرتووە و دەتوانین بڵێین کە نیسبەت بە ئاستی بزووتنەوەی سەرانسەری قۆناغێک لەپێشتر بووە. لاوان بەتایبەت ژنان حزوور و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕێکخستن و بەکارهێنانی تاکتیکی مەیدانی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەبووە و تا ئاستێک ڕێکخراو و هاوئاهەنگ بوون. بەڵام بەوەشەوە بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی جیاوازییەکان لەگەڵ ئاستی سەرانسەری لە هێندێک لە ناوچەکان حەرەکاتی پێشوەخت و ناهەماهەنگ ئەنجام درا. لەم ماوەیەدا دەسەڵاتی ئیسلامی لەژێرناوی “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ جیایی خوازی و حزووری کەسانی چەکدار” هەوڵی داوە بە پیلانگێڕی تەفرەقە و دووبەرەکایەتی بنێتەوە لە نێوان خەباتی خەڵک لە کوردستان و باقیی ناوچەکانی ئێران. ڕژیم وەها پیلانێکی پێشتر لە زاهیدان و خاش بەکردەوە دەرهێنابوو و بەهۆیەوە بەداخەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی بە تەقەی بەکرێگیراوانی ڕژیم کوژران. بەم پیلانگێڕیانە ڕژیم هەوڵی دا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و بەلووچستان خەڵتانی خوێن بکات تا لەم ڕێگەوە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە سەرانسەری ئێرانیش سەرکوت بکات.
بەخۆشییەوە ئەم پیلانگێڕییانەی ڕژیم بە وشیاری و بە هیدایەتی چالاکان و پێشڕەوانی مەیدانیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە تێکشکێندرا و ڕژیم لە بەکردەوە دەرهێنانی ئەم بەرنامەیە لە پێکهێنانی تەفرەقە و جیایی سەرنەکەوت. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە کۆماری ئیسلامی بە بیانووی هاتنی چەک لە کوردستانی عێراقەوە، بە ناردن و ڕوانەکردنی هێزی تایبەتی سپای پاسداران و لەشکرکێشی و کەڵک وەرگرتن لە چەکی سووک و نیوە قورس دژبە خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و جوانڕۆ، توانیی بەشێک لە هەمان پیلان و سێناریۆ بەکردەوە دەربێنێت. بەڵام خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەرامبەر بەم تاکتیکانەی ڕژیم درێژەیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دا و لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و بەرزڕاگرتنی یادی گیان بەختکردووان و بە حزووری سیاسیی چالاک و بەرین و بە وتنەوەی دروشمی وەحدەت بەخش و شۆڕشگێڕانەی وەک “مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “کورد، بەلووچ، ئازەری، ئازادی و بەرابەری”، لەسەر هاوپشتیی خەباتکارانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری تەئکیدیان کرد. هەڵبەت ئەم هەڵوێستە بەجێیە لەئاستی سەرانسەریشدا بە پشتیوانیی بەرامبەر لە کوردستان وڵامی وەرگرتەوە.
ڕێبەران و پێشڕەوانی کردەوەیی بزووتنەوە لە کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە نەهێڵن نە فاسلە بکەوێتە نێوان جەماوەری خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئاستی سەرانسەری و نە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان لە ئاستی سەرانسەری وەدوا بکەوێ. بەڵام هێستا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان دوو کەمبوودی ئەساسی هەیە کە بریتین لە: نەهاتنە مەیدانی کرێکاران وەک چینی کرێکار لەئاستی سەرانسەری و کوردستان و جەماوەری نەبوونەوەی پێویستی ناڕەزایەتییەکان. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و باقیی لایەنەکان و ئینسانە چەپ و سۆسیالیستە تاکەکان و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەموکوڕیانە، پێویستە لەناو خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەتایبەت لەناو بێبەشانی حاشیەنشین لە شارەکانی کوردستان کاری تەبلیغ و تەرویج و سازماندان پەرەپێبدەن.
نەسلی نوێی ڕێبەران و پێشڕەوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە جەرگەی خەباتی یەک دەیەی ڕابردووی کوردستاندا سەریان هەڵداوە. ئەوان بەردەوام لەئاستی شارەکاندا هەوڵیان داوە کۆمیتەی گەڕەکەکان پێک بێنن و لاوان سازمان بدەن. ئەمانە و دەیان ئەزموونی تر، دەستکەوتە بەنرخەکانی خەباتن چ لە بواری سازماندان و چ لە بواری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە پڕچەککراو و دڕندەکانی کۆماری ئیسلامی، کە لەئاستی سەرانسەریشدا کەڵکیان لێ وەرگیراوە. هەر ئەم ڕێبەر و چالاکانە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و ڕێوڕەسمەکانی خاکسپاریی گیان بەختکردووان لە شارەکانی دیکەی کوردستانیان کرد بە حەرەکەتی سیاسیی جەماوەری. لەم ماوەیەدا ژنان و پیاوانی خەباتکار لە سنە، سەقز، مەهاباد، بۆکان، کامیاران، شنۆ، پیرانشار، جوانڕۆ و شارەکانی دیکەی کوردستان، گەلێک دیمەنیان لە بزووتنەوەی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە و لە بوێری و خۆڕاگری بەرانبەر بە هێزە دڕندەکانی ڕژیمی ئیسلامی نیشان دا و ئەم حەقیقەتەیان سەلماند کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە کوردستان بە لەشکرکێشی و سەرکوتی وەحشیانە و کوشتاری کۆماری ئیسلامی چاوترسێن نەبووە. بەڵام بۆ زەمانەتی درێژە و پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە پێویستە بە هەوڵی زیاتر وەها هاوسەنگییەکی هێز پێک بێت و بەسەر ڕژیمدا بسەپێت کە ئیمکانی لەشکرکێشی و چڕکردنەوەی سەرکوتی نەتەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە باقیی ناوچەکانی ئێرانیش نەبێت و ماشێنی سەرکوتی ڕژیم وەک تەنیا ئامرازی درێژەی دەسەڵاتەکەی زەمینگیر بێت. هێزی ماددی و ڕێکخراوی دەزگای سەرکوتی ڕژیم پێویستە بە هێزی ماددی و ڕێکخراوی جەماوەر تێکبشکێت. تا درووستبوونی وەها هاوسەنگییەکی هێز، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە کوردستان پێویستە هاوئاهەنگ و هاوهەنگاو لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری بەرەوپێش بچێت و ڕێگە نەدات حکوومەتی ئیسلامی شەڕی پێشوەخت بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت.