ئەمساڵ کرێکارانی جیهان لە حاڵێکدا لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی هاوپشتی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی خۆیان دان کە ئاکامی کەڵەکەکردنی قازانجی نیزامی سەرمایەداری و قەیرانی بەرین و بێ پایانی، کار و ژیانی کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای زیاتر لە ڕابردوو بەرەو هەژاری و تەباهی بردووە. قەیرانی ماڵوێرانکەری ژینگە و پەرەسەندنی ڕەقابەتی نێوان دەسەڵاتە گەورەکانی سەرمایەداری بۆ پەرەپێدانی ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵیان، هەڵگیرسانی شەڕی ئیمپریالیستی ڕووسیە و ناتۆ لە ئۆکراین و باقیی شەڕە نیابەتییەکان وەک بەشێک لە قەیرانی سەرمایەداری هەتا ئێستا سەدان ملیۆن کەسی لە دەیان وڵاتی جیهان لەگەڵ قەیرانی خۆراک بەرەوڕوو کردووە. درێژەی ئەم قەیرانانە لە هەموو شوێنێک هاوکات بووە لەگەڵ هەڵاوسان و گرانی و داسەپاندنی بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری، هێرشی بەردەوام بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژی بێبەشکراوی کۆمەڵگا و بووەتە هۆی لاوازبوونی پێکهاتەی تەندروستی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی. لە جەرگەی ئەم بارودۆخەدا کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا بە مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتی جەماوەری لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری لەوانە فەڕانسە، بریتانیا، ئاڵمان، ئەمریکا، یونان و هێندێک لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپایی و لە حاڵی گەشە، سیاسەتی دەوڵەتانی بورژوازییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. خواستی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاران و پێویستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی سەرکوتگەر و ئۆتۆریتەخوازیی دەوڵەتانی سەرمایەداری، تێپەڕین لە بوروکراتیسم و ڕێفۆرمیسمی یەکیەتییە کرێکارییەکانی کردووەتە زەروورەتێکی چینایەتی و سیاسی. بۆ کۆمۆنیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئورووپا ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ دەتوانێ دەرفەتێک بێت بۆ ڕاگەیاندنی عەزمی خۆیان لەپێناو پێکهێنانی سازمانی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕی کرێکاران بە ئاسۆی سۆسیالیستی و وڵامدانەوە بەم زەروورەتانە.
چینی کرێکار لە ئێرانیش ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەڕێوەدەبات. ئەگەرچی زنجیری هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێکاری و شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت لە شوێنەکانی کار هەروا دەست و پێی کرێکارانی گرتووە، بەڵام سەرهەڵدان و درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستی پێکرد و ژنان تێیدا پێشەنگ بوون، هاوسەنگیی هێزی نوێی بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری فەراهەم کردووە. چینی کرێکاری ئێران کە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوام و شکۆداری خۆی لە ناوەندە سەنعەتییەکان و ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان گشت فەزای سیاسی کۆمەڵگای خستە ژێر کاریگەرییەوە و زەمینەی زەینیی بەرپارکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای فەراهەم کرد، ئێستا بە زاڵبوون بەسەر لاوازییەکانی خۆی لەبواری سازماندان و ڕێبەری دەتوانێ پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە زەمانەت بکات. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی چکۆلە و گەورەی تەجروبە کردووە. بزووتنەوەی کرێکاری بە پشت بەستن بەم ئەزموونانە، بە پشت بەستن بە لێهاتوویی نەسلێک لە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری، نەسلێک لە کادری سازماندەر، بە پشت بەستن بە ئەزموونی ئەوان لە ڕێکخستنی کۆمیتەکانی مانگرتن، سازماندان و ڕێبەریی مانگرتن، بەرپاکردنی مەجامعی عموومی و دەخاڵەتدانی کرێکاران لە بڕیاردان، دەتوانێ عەزم و ئیرادەی خۆی بۆ پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان بخاتە بواری کردەوە.
لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هێرش بۆسەر ئازادی و ژیانی ژنان، لە هێرش بۆسەر کار و بژێوی کرێکاران و بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە هیچ جەنایەتێک دەست ناپارێزێت، لە هەلومەرجێکدا کە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی بۆ دەست بەدەست کردنی دەسەڵات و تێپەڕینی بێ توندوتیژی لەم ڕژیمە جەنایەتکارە نەخشە دادەڕێژن و دەیانهەوێ لەسەر سەری خەڵکەوە لەگەڵ دەوڵەتانی سەرمایەداری بەند و بەست بکەن، بەرپاکردنی شۆرای کرێکارییەکان لە کارخانە و ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان و سازماندانی مانگرتنی سەرانسەری بەتایبەت لە ناوەندە گەورە و سەرەکییەکان دەتوانێ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا زەمانەت بکات و بەشێوەی عەینی ڕەوتی تێپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە ڕژیمی ئیسلامی و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و سۆسیالیستی لە کۆمەڵگادا بەهێز بکات.
لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١١ی گوڵان، کرێکارانی ئێران بە پشتیوانەی دەستکەوتی خەباتکارانەیان بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، بۆ جارێکی تر مەنشووری داخوازیی خۆیان و عەزمی خۆیان بۆ درێژەی خەبات دژبە سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان و بۆ بۆنیادنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی، کۆمەڵگایەکی بەدوور لە زوڵم و ستەم و چەوسانەوە ڕادەگەیەنن. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، ژیان و گوزەرانی بنەماڵە کرێکارییەکانی گرتووەتە گرەو، کرێکارانی ئێران خواستی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابینکردنی هەزینەی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشین، دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو کرێکارانی بێکار پێویستە بخەنە سەدری مەنشووری داخوازییەکانیان. کرێکاران لەم ڕۆژەدا و لە مەنشووری داخوازییەکانی خۆیاندا بۆ جارێکی تر لەسەر ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی، ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیروباوەڕ، ڕادەربڕین و ئەندێشە، چاپەمەنی، تەحەزوب، و پێکهێنانی ڕێکخراو، هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ دەرکردن و بەکردەوەدەرهێنانی سزای ئێعدام، ڕاگەیاندنی دەستبەجێی بەرابەریی کامڵی مافەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری و بنەماڵەیی، هەڵوەشاندنەوەی بێ شەرت و مەرجی یاسا و سیاسەتی پارێزەری هەڵاواردن لە دژی ئاراستە جنسی و جنسیەتییەکان، جیایی دین لە دەوڵەت، دابینکردنی ئیمەنی کار و ئەمنیەتی پیشە، هەڵوەشاندنەوەی یاسا و هەرجۆرە ڕوانگەیەکی پارێزەری هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی، کۆتایی هێنان بە وێرانکردنی ژینگە، قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی ژیان و پەروەردەی بەخۆڕایی تەئکید دەکەن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب دەکات کە مەراسم و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن، بەتایبەت لە شەقام و مەیدانەکانی شار شکۆدار بەڕێوەبەرن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز کە لە هەژاری و بێبەشی، لە زوڵم و بێ عەداڵەتی، لە ستەم و سەرکوت و لە درێژەی تەمەنی نگریسی نیزامی سەرمایەداری وەتەنگ هاتوون و خوازیاری ژیانێکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێون داوا دەکات کە لە ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی کرێکاران لە ئەوەڵی مانگی مەیدا بەشداری بکەن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەوەڵی مانگی مەی، هێمای هاوپشتیی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی، هێمای خەبات بۆ سۆسیالیزم لە هەموو کرێکاران پیرۆزبایی دەکات و گیانفیدایی و تێکۆشانی دڵسۆزانە و ماندوویی نەناسانەی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ سازماندان و یەکگرتوویی ڕیزەکانی کرێکاران ستایش دەکات.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خاکەلێوەی ١٤٠٢
ئاوریلی ٢٠٢٣
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنستی ئێران و کۆمەڵە