فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: ئێعدام و کوشتنی ژێر ئەشکەنجە بەربە هەڵچوونی تووڕەیی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر ناگرێت
سێشەممە ۲۰-۰۴-۱۴۰۲   |  11-07-2023
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: ئێعدام و کوشتنی ژێر ئەشکەنجە بەربە هەڵچوونی تووڕەیی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر ناگرێت

ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی لە شاری ورمێ باوکی مووسا ئیسماعیلییان بۆ ستادی خەبەری بانگکرد تا هەواڵی مەرگی ڕۆڵەکەی لە گرتووخانەی ئەم ناوەندە ئەمنیەتییە پێڕاگەیەنن. مەئموورانی ئەمنیەتی لە ڕادەستکردنی تەرمی مووسا ئیسماعیلی بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە و هەڕەشەیان کردووە کە حەقیان نییە مەراسمی خاکسپاریی بۆ بگرن. مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی پەسوێی سەربە شاری پیرانشار بوو کە لە ڕێکەوتی ١٧ی مانگی گوڵانی ١٤٠٢ لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرابوو و لە گرتووخانەی ئەم ناوەندە ئەمنیەتییە لەژێر ئەشکەنجە و بازجوییدا بوو. ئەو لەم ماوەیەدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی بێبەری کرابوو. سەرەنجام خوێنڕێژانی جەنایەتکاری ڕژیمی ئیسلامی مووسایان لەژێر ئەشکەنجەدا کوشت. هەمان ڕۆژ واتە ١٧ی پووشپەڕ حوکمی ئێعدامی محەممەد ڕامز ڕەشیدی و نەعیم هاشمی قتالی لەبەرچاوی خەڵک بەکردەوە دەرهات. حوکمی ئێعدامی ئەم دوو هاووڵاتییەی تەبەعەی ئەفغانستان دوای ئەشکەنجەی فراوان و دانپێدانانی زۆری لە پێوەند لەگەڵ هێرشی تیرۆریستی بۆسەر شاهچراغ دەرکرابوو. هەروەها دیوانی باڵای ڕژیمی ئیسلامی حوکمی ئێعدامی عەباس دەریس یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی تەئید کردووە. بەپێی هەواڵێکی تر موجاهد کورکور لەڕێگەی پەروەندەسازی سەبارەت بە قەتڵێک کە ئەنجامی نەداوە، بە ئێعدام مەحکووم کراوە. ئەمانە لە حاڵێکدان کە توماج ساڵحی، ڕەپێری خۆشناو و ناڕازی، کە زیاتر لە ٨ مانگە لەژێر ئەشکەنجەدایە، مەترسیی سزای قورسی وەک ئێعدامی لەسەرە. دەزگای قەزایی ڕژیم لەئێستادا لە حاڵی پەروەندەسازی بۆ سپیدە قولیان و مەریەم ئەکبەری مۆنفەرێد و ژمارەیەکی دیکە لە بەندکراوانی سیاسییە. دوای ئەم ئێعدامانە ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی پووشپەڕ لە شارەکانی مۆنتراڵ، ڤەنکووێر، لەندەن، بێرلین، ئێشتۆگارت، هامبورگ، فرانکفۆرت، ئامستێردام، ماڵمۆ، گوتێنبێرگ، ئیستانبوڵ، بروکسێل و چەند شارێکی تری ئورووپا و کانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ پشتیوانی لە توماج ساڵحی بەڕێوەچوو. ناڕازییان لە هەموو شوێنێک خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسین.

ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی دوای کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناڕازییانی سەرشەقام، کوێرکردن و دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس و درێژەی تەهاجومی بەرین بۆسەر ژنانی بێ حیجاب و هێرشی سازماندراو بۆسەر زانکۆکان، لەئێستادا بانگکردن و پەروەندەسازی، دادگایی لەپشت دەرگای داخراو و بەکردەوەدەرهێنانی حوکمی ئێعدامی خێراتر کردووەتەوە. سەرانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە خەیاڵی خاوی خۆیان لایان وایە دوای دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام ئێستا کاتی تۆڵەسەندنەوە لە بەڕێوەبەرانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە. ئەمانە کە لە گۆڕستانی مێژووەوە سەریانهەڵداوە لەو تەسەورە باتڵەدان کە دەتوانن بە قەتڵ و کوشتار، بێدەنگییەکی گۆڕستانی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکەن. بەڵام بەپێچەوانەی خەیاڵی خاویان، جەماوەری وەگیانهاتوو کە بەناوی ڕەمزی ژن، ژیان، ئازادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستایان خستە ڕێ، ئازادیخوازانێک نین کە بە بیستنی هەواڵی مەرگی ئازیزانیان ئەژنۆی خەم بگرنە باوەش. لەئێستادا جەستەی هەر ئازیزێک کە بەخاک دەسپێردرێ، هەر ڕۆڵەیەک کە لە دار دەدرێ، هەر لالەیەکی نەپشکوتوو کە پەڕپەڕ دەبێ، عەزم و ئیرادەی خەباتکارانی ئەم نەبەردە قایمتر دەکات. دەسەڵاتی ئیسلامی بە درێژەی شەپۆلی ئەشکەنجە و قەتڵ و ئێعدام تۆوی تۆفانی تۆڕەیی جەماوەر و تۆوی نابوودیی خۆی دەچێنێ. لە سەردەمێکدا کە لە هەموو شوێنک، لە شەقام، لە کارخانە و لە زانکۆ و لە مەدرەسە، ترس جێگای داوە بە موقاومەت و تووڕەیی و ناڕەزایەتی، ئەم جەنایاتە ئیرادەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری وەگیانهاتوو لەپێناو ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە ڕێکخراوتر دەکات.

لە وەها هەلومەرجێکدا ڕژیم نەزانانە کەوتووەتە گیانی بەندکراوانی سیاسی تا بە خەیاڵی خۆی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان چاوترسێن بکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم جەنایاتە ڕایدەگەیەنێ کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و ئازادیخواز کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و سێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیان تەجروبە کردووە، بە شەپۆلی قەتڵ و کوشتاری ڕژیم چاوترسێن نابن. بێگومان دەسەڵاتی ئیسلامی ناکاریگەربوون و بێ ئاکامبوونی ئەشکەنجە و قەتڵ و ئێعدام لەناو زیندانەکان، لە دەروەی زیندانەکاندا دەبینێت. ڕەوتی پەیوەندخواردنی ئیعتڕازات و مانگرتنی کرێکاران لەوانە مامۆستایان و خانەنشیان لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستا دەستیپێکردووە. ئەمجارەیان دروشمی بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ ڕەساتر لە هەمیشە لە بەرامبەر زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیم هاوار دەکرێت. جەماوەری ڕاپەڕیو بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی یەکگرتووانە و یەکپارچە لە بەرامبەر زیندانەکان و بە هاوارکردنی دروشمی زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، ڕۆڵەکانیان لە زیندان ئازاد دەکەن.

بەندکراوی سیاسی بێ شەرت و مەرج پێویستە ئازاد بکرێت

سزای ئێعدام پێویستە هەڵوەشێتەوە

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢

٩ی جولای ٢٠٢٣