هەموو ساڵێ لە سەروبەندی ١٠ی ئۆکتۆبر ئامارێ ئێعدامکراوان لە بەربەریەتێک کە بەسەر جیهاندا زاڵە بڵاودەکرێتەوە. سزای ئێعدام هێستاش لە دەستووری کاری بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی سەمایەداریی جیهاندایە و ئەم حوکمە دژەئینسانییە بە بیانوو و شێوازی جۆراوجۆرەوە بەڕێوەدەچێت. سزای ئێعدام بەمانای پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافی ئینسان واتە ژیانە. فەرق ناکات ئەم جەنایەتە بە چ بیانوویەکەوە ئەنجام بدرێت. لەو شوێنە کە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دیفاع لە حورمەتی ئینسان بە جوخەی ئێعدام دەسپێرن، لەو جێگەیە کە ژنان سەنگسار دەکەن، ئەو شوێنە کە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری بە تاوانی دیفاع لە مافی هاوچینەکانیان ئیعدام دەکەن، لەو جێیە کە تەنافی ئێعدام لە گەردنی خەباتکارانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەکەن، لەو شوێنە کە ڕەنگین پێستێک لەژێر چەکمەی پۆلیسدا دوایین هەناسە دەدات، لەو جێیە کە سینگی کۆڵبەران و سووختبەران دەدرێتە بەر گولـلە، لە هەمووی ئەم شوێنانە ئەوە مافی ژیانی ئینسانە کە نابوود دەکرێ. ئەم قەتڵە بەرنامەڕێژی کراوە دەوڵەتییانە، بەناوی پاراستنی ئەمنیەت، لەژێرناوی دیفاع لە نامووس، بەناوی دیفاع لە پەکپارچەیی خاک، بەناوی دیفاع لە دیموکراسی، لەژێرناوی خەبات دژبە تیرۆریسم، بەناوی ئەم یان ئەو مەزهەب و لەژێرناوی دیفاع لە پیرۆزبوونی خاوەنداریەتی بەڕێوەدەچن.
پێویستە بە دەنگی ڕەسا هاوار بکەین کە سزای ئێعدام شێتک نییە بێجگەلە قەتڵی دەوڵەتیی سازماندراو. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە دڕندەترین پاساوکاران و داکۆکیکارانی ئەم دیاردە دژەئینسانییە ئیدیعا دەکات کە سزای ئێعدام بۆ دیفاع لە ئەمنیەتی گشتی، ڕێگری لە تاوان و جەنایەت و دابینکردنی مافی هاوڵاتییان بەڕێوەدەچێت. ئەمجۆرە ئیدیعایانە بۆ پاساواکردنی سزای ئێعدام درۆیەکی ئاشکرایە و هیچی تر. چونکە ئەوەڵەن ئینسانەکان زاتەن تاوانکار، قاتڵ، قاچاغچی و جەنایەتکار بەدنیا نایەن، بەڵکوو ئەوە بارودۆخی مادیی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ئەوان بەرەو تاوانکردن دەبات و دەوڵەتەکان و چینی دەسەڵاتدار بەرپرسی ڕاستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە مادیە بەسەر زۆربەی خەڵکدان. کەسانێک دەبێ سزا بدرێن کە بەستێنە بابەتی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەنجامدانی تاوان و جەنایەتیان پێکهێناوە. ئەزموونی هەموو کۆمەڵگاکان و ئامار و زانیاریی بەڵگەمەند و باوەڕپێکراو نیشانی دەدەن کە هیچ کۆمەڵگایەک ئەمنیەتی خەڵکی لە ڕێگەی بردنەسەری ڕێژەی ئێعدام نەبردووەتە سەرێ، بەڵکوو بەپێچەوانەوە خودی ئێعدام هەستی تۆڵەکردنەوە و توندوتیژی پەرەپێدەدات. کەوابوو ئاشکرایە چ ڕاستییەکی خۆفناک و دڵتەزێن لە پشتی ڕستەی فریوکارانەی دەسەڵاتدارانەوەیە.
لە ئێران کارنامەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەوپەڕی وەحشیگەریی ئەم دەسەڵاتەیە. ئەم ڕژیمە بە ئامانجی سیاسی و بە مەبەسەتی چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا، هەر چەند وەخت جارێک شەپۆلی ئێعدامی بەندکراوان دەخاتە ڕێ. ئاشکرایە ڕژیمێک کە سەرۆک کۆمارەکەی جەلاد و ئەندامی “هەیئەتی مەرگ”ی بەندکراوان بێت، حورمەتێک بۆ پێگەی ئینسان دانانێ و نابوودیی فیزیکی نەیارانی سیاسی وەک بابەتێکی ئاسایی و دیفاع لە حورمەت و ماف و ئەمنیەتی هاووڵاتییان نیشان دەدات. ماشێنی ئێعدامی حکوومەتی ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ ساتێک ڕانەوەستاوە. ئەم ڕژیمە لە بواری دەرکردن و بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام هەروا پلەی یەکەمە لەئاستی جیهاندا. شەپۆلی ئێعدامەکان لە کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨، قەتڵوعامی زیندانیانی سیاسی لە دەیەی ٦٠، قەتڵە زنجیرەییەکانی پاییزی ساڵی ٧٧، بەر گولـلەدانی کرێکارانی خاتوون ئاباد لە ڕێبەندانی ساڵی ٨٢، سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، سەرکوتی دڕندانەی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦، ئێعدام و کوشتاری زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨، ئێعدام و کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە جەریانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و بەر گولـلەدانی کۆڵبەران و سووختبەران تەنها چەند نموونەن لە جەنایاتی خۆفناکی ئەم ڕژیمە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا. نابێ لەبیر بکرێت کە زیاتر لە نیوەی ئێعدامەکانی ساڵی ڕابردوو دوای دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بەڕێوەچوون کە ئامانجێکی بێجگەلە پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا و سەرکوتی نەیارانی سیاسی نەبووە.
هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بەمانای ئەوەیە کە گیانی ئینسان خۆی لە خۆیدا بەهادارە و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لە هەنگاوی یەکەمدا گیانی ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان کە مەترسیی مەرگیان لەسەرە دەرباز دەکات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە دەیان کەس لە تێکۆشەرانی بوونە قوربانیی سزای ئێعدام بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە خەبات دژی سزای ئێعدام و قەتڵی ئەنقەستی دەوڵەتی ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران مژدە دەدەن. بێگومان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بزووتنەوەی خەبات دژبە سزای ئێعدامیشی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ جارێکی دیکە لێبڕاوانە ڕایدەگەیەنێت کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامە و بۆ نەمانی ئەم سزا دژەئینسانییە بەردەوام تێدەکۆشێت.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕەزبەری ١٤٠٢
ئۆکتۆبری ٢٠٢٣