فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: پێویستە لێبڕاوانە شکست بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم بێنین! (۱۴۰۲)
شەممە ۲۸-۱۱-۱۴۰۲   |  17-02-2024

قەرارە شانۆی هەڵبژاردنەکانی دوازدەهەمین دەورەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و شەشەمین دەورەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرگانی ڕەهبەری ڕۆژی ١١ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی بەشێوەی هاوکات بەڕێوەبچێت. بەپێی مەرجە دیاریکراوەکان تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن خۆ کاندید بکەن کە باوەڕ و پابەندبوونیان بە ئیسلام و وەلایەتی فەقیە و قانوونی ئەساسی سەلمێندراوە و پێشینەیان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و شۆرای نیگەهبانەوە پەسندکراوە. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بەم پێش مەرجانەی کە بۆ کاندیداتۆری لەم شانۆیەدا دیاریی کردووە، داوا لە خەڵکی ئێران دەکات کە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە بێنە پای سندووقەکانی دەنگدان و لەناو قافڵەی جەنایەتکاراندا، لەناو قاتڵانی ڕۆڵەکانیاندا و لەناو دزان و دەست و پێوەندەکانی ڕژیمدا ژمارەیەکی دیکە هەڵبژێرن تا بۆ چەند ساڵی دیکە بەسەریاندا دەسەڵاتداری بکەن. بەڵام لە بەرەی بەرامبەردا، لە بەرەی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو لەم بارودۆخە، لە کۆڵان و شەقام و لە ئیدارات و شوێنی کار، لە ناو ئوتوبوس و مێترۆ و لە هەموو شوێنێک باسی بایکۆتی بەرین بۆ تێکشکاندنی ئەم گاڵتەجاڕییە لەئارادایە. کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران و خوێندکاران لە ڕێپێوان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیاندا بە وتنەوەی دروشم بانگەواز بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم دەکەن. ئەوان بە بێ ترس و نیگەرانی ئەم دروشمانە هاوار دەکەن: “هێندەمان درۆ بیست، ئێمە ئیتر دەنگ نادەین”، “عەداڵەتێکمان نەبینی، ئێمە ئیتر دەنگ نادەین”، “نە سندووق، نە دەنگدان، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان”، تەنها لەسەر شەقامەکان بەدەست دێنین مافمان”. بزووتنەوەی نەچوونە پای هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران هێندە بەرین هاتووەتە مەیدان کە خامنەیی، فەرماندەکانی سپای پاسداران و هەموو سەرانی ڕژیمی ترساندووە.

گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی “مەجلیسی شۆرای ئیسلامی” و “مەجلیسی خوبرگانی ڕەهبەری” لە هەمان حاڵدا بووەتە مەیدانی کێشمەکێشی باڵەکان و دارودەستەکانی ڕژیمی ئیسلامی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و بەشخوازیی زیاتریان لەسەر بەرهەمی چەوساندنەوەی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و تاڵانکردنی سەچاوە و سەروەتی کۆمەڵگا. حەسەن ڕووحانی وێڕای ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بە مەرگی عەلی خامنەیی “بۆ ڕۆژی مەبادا” بەربژێربوونی خۆی بۆ مەجلیسی خوبرگان ڕاگەیاند و شۆرای نیگەهبانیش بە تەحقیرەوە سەلاحیەتی ئەوی ڕەت کردەوە. ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی کە ڕێزەکانیان ئاڵۆزە و تووشی سەرلێشێواوی بوون، ئەم تەحقیر و سووکایەتییانە تەحەمول دەکەن و ئەگەرچی لە ئیمکانی ئیرائەی لیستی کاندیدەکانی خۆیان لە حەوزەی هەڵبژاردنی تارانیش بێبەری کراون، بەڵام بەخاتری ئەوەیکە چارەنووسی نیزامی ئیسلامی لە مەترسیدا دەبینن لە پڕۆسەی موهەندسی کراوی ئەم ئینخاباتەدا بەشدارییان کردووە و بازاڕگەرمیی بۆ دەکەن. خامنەیی لە پێگەی وەلی فەقیهی ڕژیم، کە تەنانەت ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیشی خستووەتە مەنگەنەوە، لەوپەڕی بێشەرمیدا داوا لە خەڵک دەکات کە لەم گاڵتەجاڕییەدا بەشداری بکەن و مۆری تەئید لە ئیدیعای مەشرووعیەتی ڕژیمەکەی بدەن. هەموو دارودەستەکانی ڕژیم سەرەڕای جەداڵ و کێشمەکێشی نێوانیان، بەشێوەی هاوبەش بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و “بەدەستهێنانی” مەشرووعیەت بو دەسەڵاتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن.

بەڵام سەرەڕای هەوڵی باندە جۆراوجۆرەکانی حکوومەت بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لەم نمایشە ئینتخاباتییە، کرێکاران و خەڵکی ئێران دەمێکە لە سندووقەکانی دەنگدان عبووریان کردووە. تەنانەت بەپێی ڕاپرسیی ناوەندێکی خودی دەوڵەت، ئاستی بەشداریکردن لە تاران ١٦ لەسەد بەرئاورد کراوە. ئاخێزی سەرتاسەریی مانگی بەفرانباری ٩٦ بە دروشمی “ئیسلاح تەڵەب ئوسولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا” ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی ئیسلامیی لەڕێگەی مێکانیسمی ئینتخابات و سندووقەکانی دەنگدانی پووچەڵ کردەوە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەزەڵوەری ٩٨ و بەرینایی جەنایات و کوشتاری سازماندراوی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم دژبە ناڕازییانی بێبەشی شار، موناسباتی تاقمی دەسەڵاتداری لەگەڵ خەڵک گەیاندە قۆناغێکی ئاشتی هەڵنەگر و پێویستیی تێپەڕینی شۆڕشگێڕانەی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کردە بەشێک لە ئەزموون و وشیاریی گشتیی خەڵک. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمە سەرەکییەکانی وەک “ژن ژیان ئازادی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “مەرگ بۆ خامنەیی”، زەروورەتی پەرەپێدانی ئاسۆی سۆسیالیستی، بابەتی ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریی سیاسی و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەئاستی جەماوەریدا بردووەتە ناو کرێکاران و جەماوەری خەڵکەوە. لەڕاستیدا خەڵک نەتەنیا لە سندووقەکانی دەنگدان، بەڵکوو لە خودی کۆماری ئیسلامیش عبووریان کردووە و بە شتێک کەمتر لە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە دەنگ نادەن. وەڕێکەوتنی ئەم بزووتنەوە بەرین و ڕیشەدارە بۆ شکستپێهێنانی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئیسلامی، ئاکامی ئەم ئاڵوگۆڕە مەزنەیە لە وشیاری و لە زەینیەتی جەماوەردا.

کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی دەزانن کە ئەم شانۆیە، بەپێی نرمترین پێوەرەکانی تەنانەت دیموکراسییەکی پرتووکاوی سەرمایەداریش، هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنەوە نییە. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەزانن کە هەر دەنگێک بە هەر بیانوو و پاساوێکەوە، بەناوی “ئینتخابات”ی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی یان مەجلیسی خوبرگانەوە بخرێتە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە، بەکردەوە لە خزمەت درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم ڕژیمە و لە خزمەت درێژەی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بەمانای پەرەپێدانی سەرکوت و درێژەی بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز باش دەزانن کە دەبێ لە ناکۆکیی نێوان کاربەدەستانی ڕژیم و لەو قەیرانەی کە سەرتاپێی حکوومەتی ئیسلامیی داگرتووە لەپێناو گەشەپێدانی ناڕەزایەتیی خۆیان بەدژی حکوومەت و هەموو دارودەستەکانی و لەپێناو ئیعتڕاز لەدژی جەحەنەمێک کە بەرپایان کردووە، کەڵک وەرگرن. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بڕیاریان داوە کە بە نەچوونە پای سندووقەکانی دەنگدان ئەم گاڵتەجاڕییە شکست پێ بێنن و لەم ڕێگەوە هاوسەنگییکی هێزی گونجاوتر بۆ درێژەدانی خەباتی مافخوازانەیان ئامادە بکەن. ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران بڕیاریان داوە کە بە نەچوونە پای سندووقەکانی دەنگدان و بە وتنی “نایەکی گەورە”ی دیکە بە کۆماری ئیسلامی ئەم نمایشە ئینتخاباتییەش بکەنەوە نمایشی نامەشرووع بوونی نیزامی ئیسلامی.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێشوەختە هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراو و ناوەندەکانی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران و نووسەران، هونەرمەندانی شۆڕشگێڕ، دایکانی دادخواز، چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان کە لە درێژەی خەباتی پڕگڕوتین و گیانفیدایانەی خۆیان عەزم و ئیرادەی یەکگرتووانەیان بۆ شکست پێهێنانی ئەم گاڵتەجاڕییە نیشان داوە، بەرز دەنرخێنێت. بێگومان ئەو هەڵمەتەی کە بۆ تێکشکاندنی لێبڕاوانەی شانۆی ئیتخاباتیی حکوومەتی ئیسلامی دەستیپێکردووە سەردەکەوێ و ئەم سەرکەوتنەش دەبێتە سەنگەرێک بۆ پێشڕەوی و هێرشی بەرینتر بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران دەنگ بە قاتڵانی ڕۆڵەکانیان نادەن، بەڵکوو دەسەڵاتەکەیان دەڕووخێنن. ئینتخابی ڕاستەقینەی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و ڕەفاهی ئینسانەکان، دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ژێردەستە لە دەسەڵاتی شورایی و ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کاریگەری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی

١٣ی فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv