سەرەنجام گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی دوازدەهەمین دەورەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و شەشەمین دەورەی مەجلیسی خوبرگانی ڕەهبەری لە حاڵێکدا کە ١٩٠ هەزار هێزی پۆلیس بۆ دابینکردنی ئەمنیەتەکەی لە ئامادەباشدا بوون، بەڕێوەچوو. لەم سێناریۆ بەرنامە بۆ داڕێژراوەدا کە فریو و ساختەکاری و هەڕەشە سێبەری بەسەردا کێشابوو، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە دۆڕاندی و کرێکاران و جەماوەرێک کە بۆ شکست پێهێنانی ئەم گاڵتەجاڕییە ئامادەکارییان کردبوو سەرکەوتن. ئەگەرچی هەموو ناوەندە حکوومەتییەکان داماوانە هەوڵیان دەدا وای نیشان بدەن کە ئاستی بەشداریی خەڵک زۆر بووە، بەڵام ڕاپۆرتی شایەتحاڵان و ناوەندە سەربەخۆکان لە حکوومەت نیشانی دەدەن کە بژاردەی “ئێمە ئیتر دەنگ نادەین”، “ڕەئی بێ ڕەئی”، “نا بۆ کۆماری ئیسلامی” کە پێشتر دورشمی ناڕەزایەتییەکان بوو و یان لە دەرگا و دیواری شارە جۆراوجۆرەکان درابوو، لەم شانۆی ئینتخاباتییەدا سەرکەوتووە. لەڕاستیدا زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران کە لە هەژاری و گرانی، هەڵاواردن و نابەرابەری و کوشتار و قەتڵە حکوومەتییەکان وەگیان هاتوون، لە کردەوەیەکی هاوئاهەنگ و شکۆمەندی سیاسیدا نایەکی گەورەیان بە گشت کۆماری ئیسلامی وت. بەم حاڵەوە سەران و میدیاکانی درۆزنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی باس لە بەشداری بەرینی خەڵک لە حەوزە ئینتخاباتییەکان دەکەن و ستادی ئینتخاباتی ڕژیم لە کردەوەیەکی فریوکارانەدا بەهۆکاری بێبنەمای ئەوەیکە ناوی نا “قەرەباڵغ بوونی ناوەندەکانی دەنگدان” چەند جار ماوەی دەنگدانی درێژ کردەوە و دوایین مۆڵەتی تا کاتژمێژ ٢٤ی شەوی هەینی تەمدید کردەوە. بەڵام بەپێی هەموو ڕاپۆڕتەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە حەوزەکانی دەنگدان ئامادە کراون و لەناو تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، بەرئاورد کراوە کە خەڵک لە تاران کەمتر لە ٢٠ لەسەد و لە شارەکانی دیکەی ئێران بەشێوەی مامناوەند کەمتر لە ٢٥ لەسەد لەم نمایشە ئینتخاباتییەدا بەشدارییان کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستان زیاتر لە هەشتا و پێنج لەسەدی خەڵک لەم “هەڵبژاردن”ەدا بەشدارییان نەکردووە. خەڵکی خەباتکار لەم پارێزگایانەدا بە بەشداری نەکردنیان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە تێکشکاندنی نمایشی هەڵبژاردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەبوو.
شکستی سەرشۆڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم نمایشەی هەڵبژاردنەدا بە تەواوی پێشبینیکراو بوو. ئەو بزووتنەوە مەزنەی کە لە زۆر پێشترەوە لە بەرەی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو لەم بارودۆخە، لە کۆڵان و شەقام و ئیدارات و شوێنی کار، لە ئوتوبوس و مێترۆ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هیتر بۆ تێکشکاندنی ئەم گاڵتەجاڕییە وەڕێکەوتبوو، ڕیشەی لەو ئاخێز و بزووتنەوە سیاسییە جەماوەرییانە و لەو ئاوڵوگۆڕە مەزنەدایە کە لە زەینیەتی وشیاری کرێکاران و جەماوەری خەڵکدا پێکهاتووە. خودی سەرانی ڕژیمی ئیسلامیش دەزانن کە کۆمەڵگای ئێران لەو قۆناغە تێپەڕیوە کە بتوانن بە فریو و هەڕەشە خەڵک بەرنە سەر سندووقەکانی دەنگدان تا لەم ڕێگەوە مەشرووعیەتی ئینتخابایی خۆیان نیشان بدەن. شانۆکانی هەڵبژاردن بەکردەوە بوونەتە ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی جەناحی و ڕێکخستنەوەی باندەکان لەناو حکوومەتدا. لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا کە کۆمەڵگا لەبەردەم شۆڕشدایە، کادری ڕێبەریی سپا و ناوەندی ڕێبەریی ئوسوولگەراکان ستراتێژی مانەوەی نیزامی ئیسلامی لەڕێگەی یەکدەستکردنی زیاتری ناوەندە حکوومەتییەکان و بەهێزکردنی توانای سەرکوت بەڕێوە دەبەن.
لە وەها بارودۆخێکدا بۆ تێکشکاندنی ستراتێژیی سەرکوتی بێسنووری کۆماری ئیسلامی و بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە پێویستە بەشێوەی نەخشەمەند پێداویستییەکانی ڕووخاندنی فەراهەم بکرێت. شکستی ڕژیمی ئیسلامی و سەرکەوتنی خەڵک لەم گاڵتەجارییە ئینتخاباتییەدا دەتوانێ ببێتە سەنگەرێک بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەبواری ڕێکخستن و شکڵدان بە ڕێبەریی سیاسی. چینی کرێکاری ئێران سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی کە لەسەر ڕێگایەتی دەتوانێ ڕێکخراوتر بێتە مەیدان. بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران بەستێنێکی بابەتی بۆ بەهێزترکردنی ڕێکخستنی چینی کرێکارە. بوونی کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەکانی مانگرتن، بەرێوەچوونی کۆبوونەوە گشتییەکان و هاتنە مەیدانی توێژێکی بەرین لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بە ئاراستەی شۆرایی، زەرفیەتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە نیشان دەدات. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و مامۆستایان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و لە بزووتنەوەی خوێندکاری و ڕۆڵی ئەوان لە ڕێکخستنی سەرتاسەری و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوانە نیشانەی زەرفیەتی بەرینی بزووتنەوەی ژنانە لە بواری ڕێکخستندا. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن دەتوانێ لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی پەراوێزی شارەکانیش بە ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم گەڕەکانە لەناو ئەنجومەن و شۆراکانی ژنان، بەشێکێ دیکە لەم هێزە مەزنە بێنێتە مەیدان. بزووتنەوەی خوێندکاری لە یەک دەیە و نیوی ڕابردوودا و بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو گەلێک زەرفیەتی بەرچاوی لە بواری سازماندان و هاوپشتی لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆی نیشان داوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە بەشداریی بەرچاوی خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری، بوو بە چاو و چرای خەڵکی ئێران و بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە پایەکی سەرەکی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە. ئەم بزووتنەوەیە توانای ئەوەی هەیە کە هێزی بزوێنەری خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. ئەم ڕووبارانەی شۆڕش پێویستە یەکبگرن. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەن. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ. ناکۆکیی ناو ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی
٢ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی