لەدوای کوژرانی ئیبڕاهیم ڕەئیسی ناسراو بە ئایەتوڵڵای ئێعدام، کادری ڕێبەریی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و خامنەیی لەڕێگەی شۆرای نیگەهبان، سەدا و سیما و ئامرازەکانی تر کە لە ئیختیاریان دایە، موهەندسی کردنی ئینتخاباتی پێشوەختەی سەرۆک کۆماریان خستووەتە دەستووری کارەوە و ٨ی پووشپەڕیان بۆ بەڕێوەبردنی گاڵتەجاڕییەک بەناوی “ئینتخابات” دیاری کردووە. ئەم “هەڵبژاردن”ە لە بارودۆخێکدا بەرنامەڕێژی کراوە کە لە ١١ی مانگی ڕەشەممەوە هەتا ئێستا لە جەریانی دەورەی یەکەم و دووهەمی ئینتخاباتی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، خەڵکی ئێران ئەم مەزحەکە ئینتخاباتییانەی ڕژیمیان تووشی شکست کردووە و مۆری نامەشرووعبوونیان لە ناوچاوانی نیزامی ئیسلامی دراوە. کردەوەی هاوئاهەنگ و شکۆمەندی سیاسیی جەماوەر لە تێکشکاندنی ئەم “هەڵبژاردن”انە، لە هەمان کاتدا کە ناکۆکیی نێوان باڵەکانی حکوومەتی ئیسلامییان توندتر کردووەتەوە، هەموو ئەم باڵانەشی لەئاست چارەنووسی نیزامی ئیسلامی نیگەران و دڵپەرۆش کردووە. لەم ڕووەوە هەم ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتی و هەم ئیعتداڵگەرایان و هەم ئوسوولگەرایانی میانەڕەو هاتوونەتە مەیدان تا بە خەیاڵی خۆیان بۆ تەنووری ساردی ئینتخابات بازاڕگەرمی بکەن، “میللەت” لەگەڵ سندووقی دەنگدان ئاشت بکەنەوە و حکوومەتەکەیان لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستا تێپەڕێنن.
خامنەیی و فەرماندەکانی سپا کە شکستیان پێشبینی کردووە، لەئاست کاردانەوەی پێشبینی نەکراوی جەماوەری ڕەنجدیدە، کە لەژێر فشاری گرانیی بەرین و هەژاری و نەهامەتیی ئابووریدا وەگیان هاتوون، یەکجار نیگەرانن. خامنەیی داوای لە کاندیدەکان کردووە کە لە “بۆختان و تۆمەت لێدان” لە یەکتر خۆبەدوور بگرن و بەم کارانە “ئابڕووی نەتەوەیی” وڵات نەبەن. سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێگری لە ڕسوایی زیاتر چوارچێوەی تەبلیغاتیی بۆ بەربژێرەکانی سەرۆک کۆماری دیاری کردووە. سەرانی ڕژیم نیگەرانی ئەوەن کە ئەمجارە خودی کاندیدەکان بە وتنی خراپەی یەکتر نیزامی ئیسلامی قیزەونتر بکەن و ببنە چەخماخە بۆ داگیرسانی ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری. فەرماندەکانی سپا، کەمپەینی شانۆی هەڵبژاردنیشیان بە مەیدانی شەڕ وەسف کردووە و باس لە بەڕێوەبردنی “ڕەزمایش لە فەزای مەجازی” بۆ “زۆرترین بەشداری” و باس لە ناردنی “هادیانی سیاسی” بۆ شار و گوندەکانی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک بەشێوەی بەرینتر بەشداری بکەن.
بەڵام تووڕەیی پەنگخواردوو و ناڕەزایەتیی گشتی دژبەم بارودۆخە هەموو ئەم پلانانەی دەمێکە بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە. دەمێکە کرێکاران و جەماوەری ئێران نە تەنیا لە ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بۆ ڕێفۆرمی ڕژیمی ئیسلامی، لە شێوازی هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر و لە سندووقی دەنگدان، بەڵکوو لە گشت نیزامی ئیسلامی تێپەڕیون و خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز. لەئێستادا کە ترسی ڕووخان بووەتە مۆتەکەی هەموو باڵەکانی حکوومەت و هەمووان دەستیان خستووەتە دەستی یەکەوە تا دەسەڵاتی ئیسلامی لەم مۆتەکەیە دەرباز بکەن، پێویستە ئەمجارەش بڕیاردەرانە ١٤هەمین گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تێکبشکێنین. پێویستە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، خوێندکاران و … لێبڕاوانە و بە دەنگی ڕەسا ڕایگەیەنین کە ئێمە لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران کە ژیانی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەرەو ژێر هێڵی هەژاری بردووە، ئینسانەکانی بەخاتری باوەڕیان خستووەتە زیندانەوە و ئێعدامیان دەکات، بۆ داسەپاندنی یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی شەڕی سەرتاسەریی لەدژی ژنان ڕاگەیاندووە، کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە سیستان و بەلووچستان وەبەر گولـلە دەدات و بە هۆکاری داسەپاندنی هەزار و یەک مەحروومیەت و بێبەشیی دیکە بەشداری ناکەین. ناوەند و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ژنان و خوێندکاران پێویستە لە بەیاننامەکانی خۆیاندا ڕایگەیەنن کە مەزحەکەی ئینتخاباتی حکوومەتی سەرمایەداران بۆ دەستنیشانکردنی مۆرەیەکی دیکەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی ئێرانەوە نییە. پێویستە ئەم مەزحەکە ئیتخاباتییەش چالاکانە و بەهێز بەرەوڕووی شکست بکەینەوە و ئەم شکستەش بکەینە سەنگەرێک بۆ پێشڕەویی خەبات لەپێناوی ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی.
لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا لە سەرانی حکوومەتی ئیسلامی شاراوە نییە کە ئەم گاڵتەجاڕییە ئینتخاباتییەش تووشی شکست دەبێت. هەربۆیە ئەوانیش بۆ شکستێکی “ئابڕوومەندانە” بەرنامەڕێژییان کردووە. کادری ڕێبەریی سپا و هەستەی مەرکەزیی ئوسوولگەراکان دەزانن کە مانەوەی ڕژیم نەک لە ڕێگەی ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و بەدەستهێنانی مەشرووعییەتی ئینتخاباتی، بەڵکوو بە لۆژیکی بەهێزکردنی توانای سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی دێتە دی. لە وەها بارودۆخێکدا بۆ تێکشکاندنی ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوت پێویستە ستراتێژییەکی ڕوون بگرینە بەر. کلیلی زەمینگیر کردنی ماشێنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەناو دەستی چینی کرێکاردایە. چینی کرێکار لە جەرگەی بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ئێستا و بە پشت بەستن بە لێهاتوویی ئەو ڕێبەرە سۆسیالیست و خۆشناوانەی کە لەناو دڵی خۆیدا پەروەردەی کردووە، توانای ئەوەی هەیە کە هێزی خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی بزووتنەوەی کرێکاری لەگەڵ باقیی بزووتنەوەی پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەن. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٤ی زایینی