فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی خەباتی جیهانیی ژن (۲۰۲۲)
سێشەممە ۱۷-۱۲-۱۴۰۰   |  08-03-2022

گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری لە ئێران لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوو و بەردەوامیی ڕەوتی سەنعەتی بوونەوە، هاوکات لەگەڵ گۆرانی پێگەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ئەم چینە پێگەی ژنانیشی گۆڕیوە. ئەگەرچی ئاستی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاری ڕەسمی هیچ هاوسەنگییەکی لەگەڵ ڕەوتی سەنعەتی بوونەوە و چەند بەرابەر بوونی کرێکارانی واحیدە سەنعەتییەکان نییە، بەڵام بەم حاڵەوە قووڵتربوونەوەی بۆشایی چینایەتی و پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ژمارەیەکی زیاتری لە ژنان بەرەو بازاڕی غەیڕە ڕەسمی بردووە. حزووری بەرچاوی ژنان لە بازاڕی غەیرە ڕەسمی، ڕووکردنیان لە خوێندنی باڵا و هەورەها حزووری داهێنەرانە و بەتوانایان لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان، بەستێنە بابەتییەکانی گۆڕانکاریی لەناو بزووتنەوەی ژناندا پێکهێناوە. باروودۆخێکی فەلاکەتبار کە بنەماڵە کرێکاری و کەم داهاتەکان تێیدان، ژمارەیەکی زیاتری لە ژنان لە سووچی ماڵەکان هێناوەتە دەر و ڕەوانەی بازاڕی کار و تەحەمولی باروودۆخی دژوار و چەوساندنەوەی کردوون. ئەم گۆڕانکارییانە بەستێنی بابەتیی بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی ژنان نەتەنیا لە خەبات دژبە کلتووری پرتووکاوی پیاوسالاری و یاسای مەزهەبی زاڵ دابین کردووە، بەڵکوو ئەوانی لە خەبات دژبە پەیوەندی چەوسێنەرانەی سەرمایەدرای خستووەتە پێگەیەکی گونجاوترەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر بزووتنەوەی ژنان ئاگادار بووە لەماوەی ئەم ساڵانەدا کردەوەی هەڵاوارنی ڕەگەزی لە بازاڕی کار و لە دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی خوێندنی باڵا دژبە ژنان توندتر کردووەتەوە.

گەڵاڵەی “دوورکاری” کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی دەوڵەتی ڕووحانیدا پانتایی بەرینی بەخۆی گرت، سیاسەتی دامەزراندنی نیوەوەختی ژنان، سیاسەتی خانەنشینکردنی پێشوەختیان، پێکهێنانی بەربەست لە کافی شاپ و قاوەخانەکان، بەکردەوەدەرهێنانی گەڵاڵەی کۆنەپەرستانەی “سەهمیەبەندیی جنسییەتی”، سیاسەتی “بوومی گۆزینیی جنسییەتی”، “هەڵاواردنی جنسییەتی”، لابردنی زۆرێک لە لقەکانی خوێندنی زانکۆ و ڕێگری لە خزمەتگوزاریی بەخۆڕایی پێشگیری لە دووگیان بوون، بەشەکانی یەک نیزامی سیستماتیکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دژبە ژنان بوون کە لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە داسەپاون. سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی کە بەشێک لە پێناسەی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی پێک دێنێت، بە بزووتنەوەی ژنان دژبەم بێ مافیانە خەسڵەتێکی یەکجار سیاسیی بەخشیوە و کردوویەتە ستوونێکی بەهێزی خەبات لەپێناو ڕووخاندنی ڕژیم. کاتێک پەیڕەو نەکردنی حیجابی ئیسلامی و ئاشکرابوونی تاری مووی ژن و ژێرپێخستنی یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی لە چوارچێوەی بنەماڵە و لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان و دژایەتی لەگەڵ منداڵ هاوسەری، ئیدێئۆلۆژیی زاڵ لەگەڵ قەیران و بنبەست بەرەوڕوو دەکاتەوە و دیفاع لە مافی بەرابەری ژن و پیاو، گشت نیزامی سیاسی دەباتە ژێر پرسیارەوە و بە خەباتی ژنان خەسڵەتێکی سیاسی و دژەدین دەبەخشێت، ستراتێژی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بە خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و نیزامی چینایەتیی زاڵەوە گرێ دەخوات.

بەڵام سەرەڕای تێکهەڵکێشراوبوونی بەربەریەتی سەرمایەداری لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و ئەو بێبەشیانەی کە بەسەر ژناندا سەپاوە و سەرەڕای ئەوەیکە هەژاری زیاتر لە هەموو کاتێکی تر ڕوخسارێکی ژنانەی بەخۆی گرتووە، ژنان نەتەنیا قوربانییانی خامۆشی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی و باروودۆخی فەلاکەتباری ئابووری نین، بەڵکوو لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دژبە کۆماری ئیسلامیدان. کام بواری خەبات بوونی هەیە کە ژنان مۆری خۆیان بەسەردا نەکوتابێت؟ لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی پڕگوڕوتینی بێبەشانی شاریدا بوون و جەستەی کۆماری ئسیلامییان خستە لەرزە. لە جەرەیانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێتشرۆشیمی، ژنان شان بە شانی هاوسەرەکانیان پایەکی ئەم خۆڕاگری و پایەدارییە چینایەتییە بوون. لە ئاخێزی خەڵکی خووزستان و ئیسفەهان دژبە قەیرانی کەم ئاوی و دژبە سیاسەتی وێرانکەری ژینگەیی ڕژیمی ئیسلامی، خرۆشی دەنگی ژنان لە هەموو شوێنێک دەبیسترا. بڕواننە ڕیزی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری و شکۆداری مامۆستایان و خانەنشینکراوان، ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدان. ئەوان هاودەنگ لەگەڵ هاوکارانی پیاویان درووشمی “مامۆستا ڕاپەڕە، بۆ نەمانی هەڵاواردن” بە دەنگی ڕەسا دەڵێنەوە. ژنانی مامۆستا و خانەنشینکراو کە ئاڵای خەبات دژبە هەڵاواردنیان لە نیزامی حەقدەستەکاندا بەدەستەوە گرتووە، دەتوانن ئاڵای خەبات دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزیش هەڵکەن. کچانی شەقامی ئینقلاب وەبیر خۆتان بێننەوە، کە بە ڕۆژی ڕووناک لەسەر سەکۆکان حیجاب واتە هێمای کۆیلەتییان بە زەوی دادا. لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی خوێندکاریشدا بەشداریی ژنان حاشاهەڵنەگرە. ژنان لە سەردەمێکیشدا کە قەیرانی کۆرۆنا سێبەری مەرگی خستبووە سەر کۆمەڵگا، وەک دکتور و پەرستار لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دژبە کۆرۆنا گیانفیداییان کرد و بە خستە مەترسیی گیانی خۆیان، خەڵکیان لە مەرگ ڕزگار دەکرد. بڕواننە سەنگەری خەبات لە زیندانەکاندا، ژنان کاتێکیش کە لەلایەن خوێنڕێژانی جەهل و سەرمایەوە بەدیل گیران و ئەشکەنجەکران، سروودی ئازادییان خوێند و ئیدیعانامەی خۆیان کە ڕاگەیاندنی شەڕێکی ئاشکرا بوو دژبە ڕژیمی جەهل و سەرمایە، هاوار کرد. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە حزووری بەرچاوی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی نەبەرد و خەبات بەتایبەت حزووری پڕڕەنگی ژنان لە ڕیزی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان، دیمەنی تازەی بە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بەخشیوە و ئەم بزووتنەوەیەی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە.

کەوابوو ئەگەر ٨ی مارس هەر لە سەرەتاوە مۆری ڕاپەڕینی ژنانی کرێکاری بەناوچاوانەوە بوو، پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنانیش بێجگەلە هاتنە مەیدانی ڕێکخراوی جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش زەمانەت ناکرێت. بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەنیا لە پەرتەوی ئاسۆ و ستراتێژی سۆسیالیستی و لە پێکهێنانی بزووتنەوەی کرێکاری دایە کە دەتوانێ بە پاشەکشەپێکردن بە ئاراستەی فێمێنیسمی بۆرژوایی، خۆی لە زنجیری ئاپارتایدی جنسییەتی ڕژیمی سەرمایەی ئیسلامی ڕزگار بکات و پێشڕەویی خۆی زەمانەت بکات.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ڕێزلێنان لە ٨ی مارس، هێمای خەباتی ئەنترناسیۆنالیستی بۆ ڕزگاریی ژن، هەموو چالاکان و پێشڕەوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری بانگهێشتی ئامادەکاریی بەڕێوەبردنی هەرچی باشکۆتری ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی ٨ی مارس دەکات کە لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوودا بوونەتە یەکێک لە دیمەنەکانی بەردەوامبوونی بزووتنەوەی ژنان دژبە دیکتاتۆری دژەژنی ڕژیمی سەرمایەی ئیسلامی.

پیرۆزبێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٠

٢٣ی فێوریەی ٢٠٢٢