فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە دیاریکرانی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠١
یەکشەممە ۲۲-۱۲-۱۴۰۰   |  13-03-2022

سەرەنجام دوای چەندین مانگ چەنەلێدان لە شۆرای باڵای کاری پێکهاتوو لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی و نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربە ڕژیمی ئیسلامی و دوای کۆبوونەوە چڕوپڕەکانی ئەم ناوەندە دژەکرێکارییە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ١٨ و ١٩ی ڕەشەممە، ئاستی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٤٠١ دیاری کرا. بەپێی پەسندکراوی “شۆرای باڵای کار”ی ڕژیم، لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران لە ٢ ملیۆن و ٦٥٥ هەزار تمەن لە ساڵی ١٤٠٠ەوە بۆ چوار ملیۆن و ١٨٠ هەزار تمەن لە ساڵی ١٤٠١ بەرز دەبێتەوە. بەمجۆرە کرێکارێک  کە پێشینە و سەنەوات و منداڵی نییە، بە حیساب کردنی حەقی مەسکەن و “بۆنی کرێکاری” نزیک بە پێنج ملیۆن و ٦٨٠ هەزار تمەن وەردەگرێت. دیاریکردنی ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست لە حاڵێک دایە کە دەوڵەت هەزینەی دابینکردنی سەبەتەی بژێوی کرێکارانی ٩ ملیۆن تمەن لە مانگدا ڕاگەیاندووە. لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو بۆ ساڵی ١٤٠١ تەنانەت بەپێی هەزینەیەک کە دەوڵەت بۆ دابینکردنی سەبەتەی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاری دیاریی کردووە و ڕایگەیاندووە، ٤٠ لەسەد خوارتر لە هێڵی هەژارییە. لەگەڵ بڕیاری دەوڵەت بۆ لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی بۆ هاوردەکردنی زۆرێک لە پێداویستییەکان، و پێشبینیی گرانی و تەوەرۆمی سەرسووڕهێنەر مەعلووم نییە کە بنەماڵەیەکی کرێکاری چۆن دەتوانێت هەزینەی قورسی ژیانی دابین بکات؟

دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی لە درێژەی سیاسەتە نێئۆلیبرالییەکاندا بە ڕاگەیاندنی بڕی دیاریکراو بۆ لانیکەمی حەقدەست بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە دەیهەوێت باری قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و زیانەکانی سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتی زێدەخوازانەی ڕژیم و گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لەڕێگەی هەژاری و فەلاکەتی زیاترەوە بەسەر ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاریدا بسەپێنێت. شۆرای باڵای کاری دەوڵەتی ڕەئیسی لە حاڵێکدا لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکارانی چوار ملیۆن و ١٨٠ هەزار تمەن لە مانگدا بۆ ساڵی ١٤٠١ دیاری کردووە کە شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، یەکیەتیی خانەنشینکراوان و ژمارەیەکی دیکە لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە سەرەنجدان بە لێکدانەوەی هەزینەی ژیانی مانگانەی بنەماڵەیەکی شاری و بەلەبەرچاوگرتنی تەوەرۆمی هەوسارپچڕاوی ئێستا و تەوەرۆمی چاوەڕوانکراوی ساڵی داهاتوو، لەسەر حەقدەستی مانگانەی ١٦ ملیۆن تمەن تەئکیدیان کردووە. شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت ڕایگەیاندووە کە حەقدەستی هیچ کرێکارێک نابێ لە ١٦ ملیۆن تمەن لە مانگدا کەمتر بێت. بەم حاڵەوە مەودای لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن “شۆرای باڵای کار”ەوە لەگەڵ هەزینەی دابینکردنی سەبەتەی بژێوی کرێکاران کە لە لایەن خودی دەوڵەتەوە ٩ ملیۆن تمەن لە مانگدا ڕاگەیەندراوە، نیشانی دەدات کە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران تەنانەت حازر نییە هەزینەی بەرهەمهێناوەوەی هێزی کار کە شتێک نییە بێجگەلە هەزینەی پێداویستیی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی واتە هەزینەی  خواردن و پۆشین و تەندرووستی بدات.

دیاردەی “دیاریکردنی و یاساییکردنی لانیکەمی حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری” ئەگەرچی بووەتە یەکێک لە دەرکەوتەکانی بێ مافیی کرێکاران لە ئێران، بەڵام بەتەنیا ماهییەتی زاڵمانەی نیزامی حەقدەستەکان نیشان نادات. لە ئێران ملیۆنان کەس لە کرێکاران و بەتایبەت ژنان کە لە کارگە چکۆلەکاندا کار دەکەن و یاسای کار بەریان ناکەوێت، تەنانەت لە وەرگرتنی ئەم لانیکەمە حەقدەستەش بێبەرین و حەقدەستی یەکجار کەمتر وەردەگرن.

بەلەبەرچاوگرتنی سەرسەختیی سەرمایەداران بۆ لەخوارێ ڕاگرتنی لانیکەمی حەقدەستەکان، دیاریکرنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، و دیاریکردنی هێڵی سوور بۆ سەرمایەداران تا حەقدەستەکان لەئاستێک نەتوانن کەمتر بکەنەوە، یەکێک لە داخوازییەکانی کرێکاران و لە خاڵە هەستیارەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە. بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکاری جیهانی بەو ئامانجەوە کە کەم داهاتترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێت بەسەرەنجدان بە ئاستی تەوەرۆمی واقعی، پێداویستییە ئەساسییەکانی ژیانی خۆی دابین بکات، لەسەر بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان تەئکید دەکات.

دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری، یاساییکردنی دەستدرێژی بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکارانە. لەم باروودۆخە قەیراناوی و پڕ لە بێسەرەوبەرەیی و گەندەڵیی نیزامی سەرمایەداریی ئێراندا، کە هەموو کارێک بە یاسامەندیی خەباتی چینایەتییەوە گرێی خواردووە، کرێکاران بۆ ئەوەیکە بتوانن هەزینەی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاریان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا بسەپێنن و هەزینەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی خۆیان دابین بکەن، ڕێگایەکیان بێجگەلە ڕێکخستنی ئیرادەی خۆیان نییە. لەم نەبەردە چینایەتییەدا، کرێکاران بەهەر ڕادەیەک کە هێزی چینایەتیی خۆیان یەکگرتوو و ڕێکخراو بێننە مەیدان هەر بەو ڕادەیەش دەتوانن بەرەنگاری چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانی ببنەوە و حەقدەستی گونجاو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بەسەر سەرمایەرداراندا بسەپێنن.

دیاریکردنی ئاستی حەقدەستی کرێکاران بەکردەوە و لە دینای واقعیدا بەر لە هەموو شتێک بە هێزی چینی کرێکار و توانای خەباتیان لەگەڵ دەوڵەتی سەرمایەدارانەوە گرێی خواردووە. لە باروودۆخێکدا کە بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان بەپێی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی خاوەن هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە و بووەتە داخوازیی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکاری ئێران، لەڕاستیدا یەکێک لە پێش مەرجە گرینگەکانی سەراسەری بوونەوەی خەبات بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان ئامادە بووە. مامۆستایان وەک بەشێک لە چینی کرێکاری ئێران بە پشت بەستن بە خواست و داخوازیی هاوبەش و بە ڕێکخستنی سەرتاسەری توانییان مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی شکۆدار ڕێک بخەن. ئێستا نۆرەی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکارییە، بەتایبەت هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانێک کە لەگەڵ ناوەندە داغەکانی خەباتی کرێکاران پەیوەندیی زیندوو و ئۆرگانیکیان هەیە. ئەوان پێویستە بکەونە بەرەەوە و دەست بخەنە ناو دەستی یەک و لەدەوری یەک کۆببنەوە و بۆ جێخستنی پەیوەندی و هاوکاری لەپێناو ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری کرێکاران لە دەوری بردنەسەرەوی ئاستی حەقدەستەکان بەستێنسازی بکەن. لەم باروودۆخەدا تەنیا بە یەکگرتوویی و سەرانسەری کردنەوەی خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکارن دەکرێت زیادکردنی حەقدەستەکان بەسەر دەسەڵاتی سەرمایەداراندا بسەپێت. هەوڵ بۆ یەکپارچەکردن و سەرانسەری کردنەوەی ئەم خەباتە لە هەمان حاڵدا بەستێنێکی گونجاو بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی ناو ڕیزەکانی کرێکاران و زەمینەسازی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکارانە.

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٠

١١ی مارسی ٢٠٢٢