فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی مانگرتنی یەکپارچە لە کوردستان و ناڕەزایەتییەکان لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری
سێشەممە ۲۸-۰۶-۱۴۰۲   |  19-09-2023

ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی خەرمانانی ١٤٠٢ خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی یەکپارچە و ناڕەزایەتیی شەقام لە چەند شار ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییان لە ئێران ڕێزلێنا. خەڵکی خەباتکاری کوردستان لە بارودۆخێکدا یەکگرتوویی و هاوپشتیی خۆیان نیشان دەدەن کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شڵەژاو و بەپەلە، بە بەرقەرارکردنی حکوومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراو، بە بردنی تانک و زرێپۆش بۆسەر گۆڕستانی “ئایچی”ی سەقز، بە ڕەوانەکردن و جێگیرکردنی هێزی نیزامی بە ئارایشی جەنگی، هەموو شارەکانی کوردستانی میلیتاریزە کردبوو. حکوومەتی ترساوی ئیسلامی لە ڕۆژانی بەر لە ٢٥ی خەرمانان لە هەموو شارەکان بە بانگکردن، هەڕەشەکردن و ئەزیەت و ئازار و دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکرداوون، بە پەرەپێدانی کەشوهەوای ئەمنیەتی لە کوردستان داماوانە هەوڵی دا تا بەڵکوو بتوانێ لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری تووڕە و وەگیانهاتوو ڕێگری بکات. بەکرێگیراوانی ڕژیم لە درێژەی پەرەپێدانی فەزای سەرکوت ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان فەردین جەعفەری کرێکاری زەحمەتکێشی خەڵکی سەقزیان لە نزیک گۆڕستانی ئایچی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بەتوندی بریندارکرد و ژمارەیەکی تر لە لاوانیشیان لە شارەکانی تر دەستبەسەرکرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو، لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئێرانیش ڕژیم بە جێگیرکردنی هێزی چەکدار فەزای نیزامی و ئەمنیەتیی پەرەپێدابوو.

سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە لاوانی شۆڕشگێڕ و پڕگوڕوتین بە چالاکیی تەبلیغی و سازماندراو بەشێوەی جۆراوجۆر پێشوازییان لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری کرد و ئەم ڕۆژەیان لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا تۆمارکرد. ئێوارەی ئەم ڕۆژە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە شارەکانی تاران، ڕەشت، لاهیجان، ئیزە، ئەراک، سنە، مەریوان، کرماشان و چەند شاری دیکە بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی هاتنە سەر شەقام و بە نیشاندانی عەزمی خۆیان بۆ درێژەی خەبات، ڕێزیان لەم ڕۆژە گرت. لەم ڕۆژەدا لەسەر بانگەوازی هێزە چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتنخوازەکان لە ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی جیهان ئاکسیۆن و کارناواڵی شکۆدار بۆ هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران و بە نیشانەی ڕێزگرتن لە ٢٥ی خەرمانان بەڕێوەچوو.

مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕۆژی شەممە بۆ جارێکی دیکە بە ڕژیمی نیشاندا کە بزووتنەوەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران تا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر، بەردوام دەبێت. ٢٥ی خەرمانان و ڕۆژانی پێشتری، ئەوپەری ترس و سەرلێشێواویی ڕژیمی نیشان دا و جەماوەری خەڵک بۆ جارێکی تر لە سیمای ترسلێنیشتووی دوژمندا ئەوپەڕی هێز و توانای خۆیان بینی. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە و گوڕوتینی لاوانی شۆڕشگێڕ بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە سەرەڕای هەموو جەنایەتەکان و پەرەپێدانی سەرکوت و میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان ئیرادەی خەڵک بەرانبەر بە ڕژیم قایمتر و ڕیزەکانیان یەکگرتووتر بووە. لە هەمان حاڵدا پەرەپێدانی سەرکوت و میلیتاریسمی ڕژیم، کە بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ جەنایەتێک دەریغ ناکات، نیشانی دا کە ڕێگایەک بۆ پاشەکشەی جەماوەری ڕاپەڕیو نەماوەتەوە. پێویستە خەبات وشیارانە تر، نەخشەمەندتر، ڕێکخراوتر و بە هێنانەمەیدانی هێزی چەند بەرابەر بەتواناتر لە هێزی دوژمن، درێژەی بێت.

٢٥ی خەرمانان بەرهەمی فیداکاری و هەوڵی ماندوویینەناسانە و بێدەریغی لاوان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و تێکۆشەر بووە کە بە خەباتی خۆیان ترسی مەرگیان خستووەتە جەستەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە. کۆمەڵە ستایشی هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەم ئازیزانە دەکات. بێگومان دەرسەکانی ئەم ڕۆژە مێژووییە، ئەزموونی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەپێناو درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەوڵەمەندتر دەکات.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بەرقەرار بێ دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢

١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣