ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی مانگی خەزەڵوەر پارێزەرانی وریشە مورادی ناسراو بە “جوانا سنە” چالاکی سیاسی، ڕایانگەیاند کە لقی ١٥ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەلەواتی پێی ڕاگەیاندوون کە بۆ ئەم ژنە چالاکە سیاسییە کوردە بە تۆمەتی “بەغی” حوکمی ئێعدامی دەرکردووە. ئەم دادگا فەرمایشییە و ئەم حوکمە سیاسییە لە کاتکێدا بەڕێوەچووە و دەرکراوە کە ئەم قازییە جەنایەتکارە نە بە خودی وریشە و نە بە پارێزەرانی ئیجازەی دیفاع لە خۆی نەداوە. ئەو تەنانەت ئیجازەی بە پارێزەرەکانی نەداوە پەروەندەی تۆمەتەکانی وریشە ببینن و تەنیا دوای کۆتایی دووەمین جەلەسە بۆ ماوەی چەند سەعات ئیجازەی داوە کە پەروەندەکە بخوێننەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە کەیفەرخواستی سەرەتاییدا داوای سزای زیندانیکردن بۆ وریشە مورادی کرابوو، بەڵام ئەم قازییە جەلادە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.
وریشە مورادی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢دا بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی ژنانی “کەژار” لە دەوروبەری شاری سنە، وێرای لێدان و توندوتیژی دەستبەسەرکرا. وە زیاتر لە پێنج مانگ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا خرایە ژێر بازجوویی و ئەشکەنجەی وەحشیانەوە. یەکەمین جەلەسەی بەناو دادگایی ئەم ژنە تێکۆشەرە لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو. قازی سەلەواتی لە مانگی گوڵانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ئەم ژنە خەباتکارەی بە هۆکاری چالاکیی سیاسی، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کردووە. پێویستە بوترێ کە کۆماری ئیسلامی لەڕاستای تۆڵەسەندنەوە و سیاسەتی فشاری زیاتر بۆسەر خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و بەتایبەت ژنان، سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بۆ پەخشانی عەزیزی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتیش بەتۆمەتی کۆنەپەرستانەی “بەغی” حوکمی ئێعدامی دەرکرد. گیانی ئەم بەندکراوە سیاسییەش کە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ دەستبەسەرکرا، لە مەترسیدایە.
پەرەپێدانی حوکمی ئێعدام بۆ زیندانیان بەتایبەت زیندانیانی سیاسی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئامانجی سیاسی و بەدوور لە هەموو یاسا و پرەنسیپێک، بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مەدەنی و ئینسانی بەڕێوەدەچێت، نیشانەی ئەوپەڕی داماوی و زەبوونیی ئەم دەسەڵاتەیە. ڕژیمی ئیسلامی لەماوەی دەسەڵاتیدا هەرکات قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی توند بووەتەوە، هەرکات بەرنامە سیاسی و ستراتێژیکەکانی شکستی خواردووە، لە ئێعدامی زیندانیان وەک ئامرازێک بۆ پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا کەڵکی وەرگرتووە. لەم ڕاستایەدا لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٨٥٠ کەس لە زیندانیانی ئێعدام کردووە. هەفتەی ڕابردوو تەنیا لە دوو ڕۆژدا ٢٧ زیندانی لەلایەن ڕژیمەوە ئێعدام کران. لەم پەیوەندییەدا وریشە مورادی لە نامەیەکدا لە زیندانەوە داوای لە جەماوەری خەڵک کردبوو کە: ”ڕێگە مەدەن شەڕی دەرەوەی سنوورەکان سێبەر بخاتە سەر بابەتی سەرکوتی ناوخۆیی. ڕێگە نادەین دەنگی تێکۆشەرانی ناوخۆ لە هەراوگرمەی شەڕ و ماجەراجوویی بێ ئاکامدا گوم بێت”.
واقعیەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە داسەپاندنی سیاسەتی سیستماتیکی ئێعدامی زیندانیانی سیاسیش بۆ پەرەپێدانی خۆف و وەحشەت شکستی خواردووە و نەیتوانیوە کەشوهەوای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، ژنانی تێکۆشەر، موعەلیمان، خوێندکاران، پەرستاران و خانەنشینان هەروا درێژەی بووە و پەرەیسەندووە. بەدوای دەرکرانی حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی مانگی خەزەڵوەر، ژنانی خەباتکار لە زیندانی ئێڤین لە ناڕەزایەتی دژبە حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزیی هاوبەندیان، کۆبوونەوەیان بەرێوەبرد. و بە وتنەوەی دروشمی بەهێزی وەک “پەخشان – وریشە، بەندی ژنان هاودەنگ و هاوپەیمان، هەتا هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام، هەتا کۆتایی بەرخۆدان”، “وریشە مورادی، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، – حکوومەتی ئێعدامی دەبێ نابوود بکرێت”، “دەرکردنی حوکمی ئێعدام، تۆڵەی حاکمان، لە ژنانی کوردستان، تا هەر شوێنێکی ئێران” وە بە چەندین دروشمی دیکە نیشانیان دا کە ئێعدام ناتوانێ چاوترسێنیان بکات و ئەوان لە داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام و باقیی خواستەکانیان پاشگەز بکات.
بێگومان ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە بە ناڕەزایەتیی زیاتر لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات وڵام وەردەگرێتەوە. کۆمەڵە لە هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران داواکارە کە بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و بە هاوارکردنی دروشمی وریشە مورادی دەبێ ئازاد بکرێت، سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، هەروەک چۆن حکوومەتی ئیسلامییان ناچار کرد کە حوکمی جەنایەتکارانەی شەریفە محەممەدی هەڵوەشێنێتەوە، ڕژیم بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و ئازادکرانیان لە زیندان بخەنە ژێر فشارەوە. پێویستە بە پەرەپێدانی فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرکردنی ئەمجۆرە حوکمانە بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەزینەبەردار بکەین تا نەوێرێ بە هێرش کردنە سەر گیانی زیندانیان، ئامانجە سیاسییەکانی خۆی بەدی بێنێت.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی
١١ نوامبەری ٢٠٢٤ی زایینی