لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ئاگرێکی بەرین دارستانەکانی دەورووبەری مەریوانی لە دوو ناوچەی سەربەم شارە داگرتووە و هەتا ئێستا ئەگەرچی لە هێندێک لە ناوچەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێ بەڵام هێندێک جار دووبارە سەرهەڵدەداتەوە. ئەم ئاگرە مەترسیدارە لەلایەکەوە لە دارستانەکانی دەوروبەری ئاوایی “کانی میران”ەوە دەستیپێکرد و دارستانی گوندەکانی “ماسییەر”، “کۆلیت”، “باخان”، “گۆمارەلەنگ”و “دەرەوەران”ی تێپەڕاند و لە بەشی سنووریش ڕۆژی چوارشەممە ١١ی مانگی گەلاوێژ دارستانەکانی ئاوایی “ئاسنەوە”، “نەچی”، “شێخان”، “سیف”، “مێرگەدرێژ”، “قەلەنجان”ی داگرت. بە بەرئاوردی ناوەندی مەدەنیی “ئەنجومەنی سەوزی چیا” هەتا ئێستا نزیکەی ٢٠٣٥ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی دەوروبەری مەریوان لەم ئاگرەدا سووتاوە.
سەدان کەس لە خەڵکی مەریوان و شارەکانی دەوروبەر و چالاکانی سیاسی و ژینگەپارێزان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆبەخشانە وەک هەمیشە قۆڵی هیمەتیان هەڵماڵیوە و بە ئیمکاناتی زۆر کەم و سەرەتایی، شەووڕۆژی و لە هەموو لایەکەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاگرە تێدەکۆشن. چالاکان و ئینسانە شەریفەکان ساڵەهایە لەپێناو پاراستنی ژینگە بەرەنگاری هەوڵی تێکدەرانەی حکوومەتی ئیسلامی و کەسانی قازانجپەرستی سەربە ڕژیم بوونەتەوە کە بەئانقەست دارستانەکان ئاگرتێبەردەدەن، و ئەوەش بووەتە سوننەتێکی پێشڕەو و پێشکەوتوو. ئەم فیداکارییانە لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێ کە بەهۆی کردەوەی جەنایەتکارانەی چاندنی مین لەلایەن ڕژیمەوە یەکجار مەترسیدارن و بوونەتە قەتڵگا. چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە دەوروبەری گوندی “کانی میران” بەهۆی تەقینەوەی مین حەوت کەس لە ژینگەپارێزان برینداربوون.
کاربەدەستانی ڕژیمی دەرماندەی کۆماری ئیسلامی کە خۆیان گەلێک جار لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی ئەم ناوچەیەدا دەستیان بووە، بە نیگایەکی ئەمنیەتی لەگەڵ ئەم ئاگرکەوتنەوەیە هەڵسووکەوت دەکەن و بۆ پاساوکردنی بێعەمەلی و زەبوونیی خۆیان ئەم ئاگرکەوتنەوەیان سەتحی و ئاکامی “گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا” ڕاگەیاندووە. حکوومەتی ئیسلامی هەتا ئێستا نەتەنها بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاگرە هەوڵێکی نەداوە، بەڵکوو چالاکانی ژینگەپارێزیشی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە و ئەزیەت و ئازاری داون. لەم پێوەندەدا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ڕژیم چەند کەسی بەناوەکانی “دلێر محەممەدی” و “ئالان ئەردشیری” ( ڕۆژی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژ) و “ئازاد ڕووحی”، “لایەق ئەحمەدی” و “سەرکەوت عیبادی”ی ڕۆژی دواتر لە هێرشێکی وەحشیانەدا دەستبەسەرکردووە. تەنیا تاوانی ئەوان بەیانی ئەو واقعیەتە بووەتە کە “ناوەندە دەوڵەتییەکان بەئەنقەست بایەخ بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاگرە نادەن و ئیهمالی دەکەن”.
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کردەوەی تێکدانی ژینگە لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دەستبەسەرکردنی ژینگەپارێزان و ئەو بەربەستانەی کە دەیخاتە سەر ڕێگای جەماوەری خەڵک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، بەتوندی مەحکووم دەکات. کۆمەڵە وێڕای پشتیوانی و ڕێزگرتن لە ژینگەپارێزان و باقیی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەڵکی ئازادیخواز کە بۆ خامۆشکردنی ئاگر تێدەکۆشن و گیانفیدایی دەکەن، داوا لە خەڵکی تێکۆشەری مەریوان دەکات کە بەرانبەربە سیاسەتی دژەژینگەی ڕژیمی ئیسلامی و بێعەمەلیی بەئەنقەست و ئاشکرای لەئاست ئەم کارەساتە، ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و یەکپارچە بەڕێوەبەرن. کۆمەڵە لە خەڵکی تێکۆشەری شارەکانی دیکەی کوردستان و سەرانسەری ئێران داواکارە کە بە هەر شێوەیەک دەتوانن حمایەت و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی شاری مەریوان ڕاگەیەنن.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢
٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٣