فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە مەحکوومکردنی هێرشی بەرینی دەوڵەتی تورکییە بۆسەر ڕۆژئاوا
پێنجشەممە ۲۰-۰۷-۱۴۰۲   |  12-10-2023

لەماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا و لەناو بێدەنگیی میدیا نێونەتەوەییەکاندا دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بە بەکارهێنانی درۆن، تۆپخانەی قورس و فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ١٤٠ ژێرخانی خزمەتگوزاری لەوانە وزەخانەی بەرهەمهێنانی ئاو و کارەبا، پاڵاوگەی نەوت، ناوەندی دەرمانی و پەروەردەیی و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی لە کوردستانی سووریە (ڕۆژئاوا) بوردمان کرد.

بەهۆی ئەم هێرشانەوە هەتا ئێستا زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شار و گوندەکانی ئەم ناوچانە کەوتووە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیش کوژراون و یان بریندار و ئاوارە بوون. لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواش هێرشیان کردووەتە سەر ناوەند و بنکە سەربازییەکانی ئەرتەشی تورکییە لە کوردستانی سووریە و تەڵەفاتێکیان لێداون.

شەپۆلی ئەم دوایانەی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکییە لە ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕەزبەرەوە بە بیانووی هێرشی ئیتحاریی دوو گەریلای پەکەکە کە لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی فەرماندەیی گشتیی ڕێکخراوی ئەمنیەتی تورکییە لە ئانکارا ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر ئەنجامدرا، دەستیپێکردووە و هەتا ئێستا درێژەی بووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە خودی پەکەکە یەک ڕۆژ دواتر بەرپرسایەتیی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ و ئەم هێرشە ئینتحارییە پەیوەندییەکی بە خەڵکی کوردستانی سووریە و دەسەڵاتی خۆجێییەوە نییە. بەڵام دەوڵەتی تورکییە لە هاوئاراستەیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی بەشار ئەسەد، بە ئامانجی لەناوبردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، ساڵەهایە بە لەشکرکێشی و داگیرکردنی بەشێک لێی و بە بۆمباران و مووشەکباران و تۆپبارانکردن، خەڵکی ستەمدیدەی ئەم بەشە لە کوردستانی خستووەتە ژێر گوشارەوە. دەوڵەتی تورکییە لەپێناو ئەم ئامانجەیدا پێنج ساڵ لەمەوبەر بەدوای شکستی سەرشۆڕانەی لە داگیرکردنی کۆبانی، دەستی دایە ڕێکخستنی تاقمی تیرۆریست و تاوانکار لە سووریە و بە لەشکرکێشی بۆسەر کانتۆنی عەفرین، ئەم ناوچەیە و بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی داگیرکرد. لەو سەردەمەوە هەتا ئێستا ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکی ستەمدیدەی عەفرین و باقیی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکییە و بەکرێگیراوانی، بەگشتی زەوت کراوە. ئەم تاقم و گرووپە تیرۆریستانە وێڕای کوشتن و ئەزیەت و ئازاری خەڵک، ماڵ و داراییان تاڵان دەکەن.

هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و ژێرخانە خزمەتگوزارییەکانی، بە چرای سەوزی ئەمریکا و لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە هێزەکانی ئەمریکا لەژێرناوی “هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش” کە گۆیا “یەکینەکانی پاراستنی گەل” (یە پە گە) بەشێک لەو هاوپەیمانییەیە، لەوێ حزووریان هەیە. شەپۆلی ئەم دوایانەی هێرش و بۆمبارانی ژێرخان و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی سووریە لەلایەن ڕژیمی فاشیستی ئەردۆغان، بە ڕەزایەتی زمنیی دەوڵەتی سووریە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە چرای سەوزی ئەمریکا، بۆ جارێکی تر نیشانەی ئەو حەقیقەتە سادەیەیە کە هاوپەمانیی ستراتێژیکی هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە کوردستانی سووریە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا نەتەنها لە ڕاستای بەرژوەند و قازانجی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانی سووریەدا نییە، بەڵکوو زەربەی قەرەبوونەکراوەشی لە وەزن و ئیعتباری بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک لەم ناوچەیە داوە. دەوڵەتی ئەمریکا کە کارنامەیەکی پڕ لە کوودەتا و جەنایەت و سەرکوتی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی لە سەرانسەری جیهان هەیە، ناتوانێ لە کوردستانی سووریە ڕۆڵی ئازادیبەخشی هەبێت.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هێرشی دەوڵەتی فاشیستیی تورکییە بۆسەر خەڵکی تێکۆشەر و ڕەنجدیتووی کوردستانی سووریە و بۆسەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی ئاو و بەرق و بنکە دەرمانی و پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکان بەتوندی مەحکووم دەکات. کۆمەڵە بۆ جارێکی تر لەسەر ئەم واقعیەتە تەئکید دەکات کە لە بارودۆخی قەیراناویی ئێستادا کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانی سووریە تەنها بە پشت بەستن بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان و بە یەکگرتوویی و بە هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری سووریە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەتوانن بەرەنگاری پیلانگێڕیی دەسەڵاتە فاشیست و سەرکوتگەرەکان ببنەوە و توانا و وزەیەکی تازە بە خەبات بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، و دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و خۆشبژێویی ئینسانەکان ببەخشن.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران


١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢

٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣