فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە: لە ناڕەزایەتیی خەڵکی تێکۆشەری سەقز پشتیوانی بکەین!
شەممە ۲۷-۰۳-۱۴۰۲   |  17-06-2023
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە: لە ناڕەزایەتیی خەڵکی تێکۆشەری سەقز پشتیوانی بکەین!

لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ٩ مانگی ڕابردوودا خەڵکی خەباتکار لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان لەگەڵ بنەماڵە جەرگسووتاوەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوون و بە حزووریان لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی ئازیزانیان، هاوپشتی و هاوسۆزیی قووڵی خۆیان نیشان داوە. ڕژیمی داماوی ئیسلامی کە لە سێبەری خۆشی دەترسێ، لەژێرناوی جۆراوجۆردا لەئاست کۆبوونەوەی بنەماڵەکان کاردانەوەی نیشان داوە و ئەم هێمایەی یەکگرتوویی و هاوپشتییەی داوەتە بەر هەڕەشە و هێرش. بەکرێگیراوانی ڕژیم بە هێرشی وەحشیانە بۆسەر ئەم کۆبوونەوانە، بە بانگکردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و دایکانی دادخواز و بە کردەوەی سەرشۆڕانەی تێکدانی گڵکۆی ئەم ئازیزانە و بە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لەم گۆڕستانە، هەوڵیان داوە بەر بە کۆبوونەوەی بنەماڵەکان و خەڵکی تێکۆشەر بگرن.

بەکرێگیراوانی ڕژیم لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە گۆڕستانی “ئایچی” شاری سەقز دەستیان کردووە بە گۆڕانکاری لە دەوروبەری گڵکۆی “ژینا ئەمینی”. ئەو ژینایەی کە مەرگی بوو چەخماخەی تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پنگخواردووی جەماوەری ئێران و ئاخێزێکی خستە ڕێ کە پایەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە دژەئینسانەی خستە لەرزە. ئەم گۆڕانکارییانە بەئامانجی پێکهێنانی بەربەست و ڕێگری لەو کۆبوونەوانەیە کە بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە لەوێ بەڕێوەدەچێت. خەڵکی خەباتکار و بوێری سەقز لە ئیعتڕاز بەم کردەوە سەرشۆڕانەیەی ڕژیم، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان بە داخستنی دوکانەکان و بە دەست لە کار کێشانەوە لە زۆرێک لە ناوەندەکان، لە مانگرتنێکی گشتیدا هۆشداریان بە ڕژیمی خوێنڕێژی ئیسلامی دا کە بەرانبەر بە سنوودارکردنی گڵکۆی “ژینا ئەمینی”، بە هەر تەرفەند و لەژێر هەر ناو و بیانوویەکدا بێت، ئیعتڕاز دەکەن و ڕادەوەستن.

کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، وێڕای حمایەت و پشتیوانی لەم حەرەکەتە ئیعتڕازی و شۆڕشگێڕانەیەی خەڵکی تێکۆشەری سەقز، کردەوەی ڕژیمی ئیسلامی لەم پێوەندەدا مەحکووم دەکات و بە نیشانەی داماوی و وەحشەتی ڕژیمی ئیسلامیی دەزانێ. داوا لە خەڵکی خەباتکاری شارەکانی دیکەی کوردستان دەکەین کە لە خەڵکی تێکۆشەری شاری سەقز و بنەماڵەی گیانبەختکردووان پشتیوانی بکەن و دژبە تەعەڕوزی دەسەڵاتی ئیسلامی هەروەک هەمیشە ناڕەزایەتی دەربڕن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)


٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢

١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٣