کەمتر لە دوو مانگی تر ساڵڕۆژی قەتڵی ژینا (مەهسا) ئەمینییە بەدەستی خوێنڕێژانی دەسەڵاتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی. کوشتنی مەهسا کردەوەیەکی زەبوونانە بوو کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی و لە نەبەردێکی نابەرابەردا ڕژیمی تا سەرلێواری ڕووخان برد. دەرفەتێک کە جەماوەری وەگیانهاتوو بەتایبەت لاوانی بوێر و فیداکار، سەرتاپێی ئەم دەسەڵاتەیان بردە ژێر پرسیارەوە. پاشلەرزەکانی زیاتر لە دە مانگ خەباتی شۆڕشگێڕانەی پڕ لە سۆزیان، تا ئێستاش ترس دەخاتە جەستەی دەسەڵاتەوە و دەیهەژێنێ.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی داوە لەڕێگەی پەرەپێدانی سیاسەتی سەرکوت و تیرۆر، ئێعدام و کوشتنی زیندانیانی سیاسی لەژێر ئەشکەنجە یان لەبەردەم خەڵک، ماندگاربوونی دەسەڵاتەکەی بۆ کۆمەڵگایەک بسەلمێنێ کە ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرست و جەنایەتکارەی قەبووڵ نییە و نایهەوێ. ئەم کردەوانە ئەگەرچی هەزینەی زۆریان بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران بووە بەڵام بەهیچ شێوەیەک نەیتوانیوە عەزمی شۆڕشگێڕانەی لاوان، کرێکاران، زەحمەتکێشان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی ئازادیخواز و بەڵێندار بە خەڵک، ژنان و باقیی جەماوەری خەڵکی ئێران لەپێناو ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە مرۆڤکوژە لاواز بکات.
کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی قەیرانی ئابووری، ئایدیۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و کلتووریدا بەسەر دەبات. گەندەڵی، دزی و ئیختلاس سەرتاپێی ڕژیمی داگرتووە. لە هەمان حاڵیشدا تاڵانکردنی زیاتری ئیمکانات و سەروەتی وڵات و هەروەها هەژاریی زۆرینەی خەڵک بەهۆی بێتوانایی لە وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانیان بەردەوام پەرەدەستێنێت.
لەئێستادا لە هەلومەرجێکداین کە شەپۆلی تووڕەیی شۆڕشگێڕانە و بێزاریی بێ پایانی خەڵک دژبەم دەسەڵاتە قووڵتر بووەتەوە و لە دەرفەتێک دەگەڕێن تا توماری ئەم ڕژیمە تێکەوەپێچێن. نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەو زەنگە مەترسییەیە کە هەرچی ڕەساتر بە بەرینایی هەموو کۆمەڵگا دەنگ دەداتەوە. پەرەپێدانی سەرکوت و تیرۆر و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لەپەنا دەستگیرکردنی بەرینی چالاکانی کرێکاری و دەرکردنی حوکمی درێژماوەی زیندان، بێبەریکردن لە کار و دوورخستنەوە، بەئامانجی پێکهێنانی ترس و وەحشت لەئاستی کۆمەڵگا و بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخاندنی ڕژیم ئەنجام دەدرێت.
لە وەها هەلومەرجێکدا کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو هێزە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان دەکات کە بە هەموو توانا و ئیمکاناتەوە بەشێوەی بەرین و سەرانسەری بۆ ساڵوەگەڕی قەتڵی مەهسا ئامادەکاری بکەن. پێویستە بە دەورونەخش و ڕۆڵ بینینمان، هەرچی زیاتر یارمەتیدەری بزووتنەوەی ئازادی و بەرابەریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بین لەپێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
گلاوێژی ١٤٠٢