فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕزگاریی یەکجاریی ژن لە گرەوی ڕزگاریی چینی کرێکاردایە
یەکشەممە ۱۵-۱۲-۱۴۰۰   |  06-03-2022

٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن بەڕێوەیە. ٨ی مارس ڕۆژی ڕێزگرتن لە خەباتی جیهانیی ژنان بۆ ڕزگاری، ڕۆژی دادخوازیی مرۆڤایەتیی پێشکەوتوو دژبە ستەمی مێژوویی ژنە. ستەمێک کە ڕیشەی سەرەکیی لە نیزامێکدایە کە بناغەکەی لەسەر چەوساندنەوەی هێزی کاری مرۆڤ بیناکراوە و هەر بەم دەلیلە تەنانەت لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریشدا دەکرێ شێوازە ئاشکرا و نهێنییەکانی دەستنیشان بکرێت.
بۆچی نیزامی سەرمایەداری تەنانەت لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانیش هۆکاری مانەوەی ستەمی ژنانە؟ وڵامی ئەم پرسیارە لە جەوهەوی نیزامی مالیکانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادایە. نیزامی سەرمایەداری لە پیاوسالاری و باوکسالاری و هەڵاواردنی ژن و پیاو کەڵک وەردەگرێت و هەر بەم دەلیلە بۆ مانەوەی هەوڵ دەدات. دیارە ئامانجی سەرمایەداران لە بەرهەمهێنان وەدەستهێنانی قازانجە و ئەوان بۆ گەیشتن بەم قازانجی زیاتر پێویستیان بە کاری هەرزانە. بەڵام بۆ ئەوەیکە کاری هەرزان بەدەست بێنن دەبێت هێزی کاریش وەک هەموو کاڵایەکی دیکەی ناو بازاڕ فراوان بێت و هەم ڕیزەکانی هێزی کار بەدەلیلی پەیوەندی پڕ لە هەڵاواردن و ستەمکارانە، پڕژوبڵاو و نایەکگرتوو بن. لە وەها حاڵەتێکدایە کە نیزامی سەرمایەداری بەئاسانی بە یەکێک لە سەرچاوە لەبن نەهاتووەکانی کاری هەرزان دەستی ڕادەگات. هەر کات بە پێویستی زانی بە گرتنەبەری چەند سیاسەتێک ژنان ڕەوانەی بازاڕی کار دەکات و کاری ئەوان بە بەهایەکی کەمتر لە پیاوان دەکڕێت و هەرکاتیش پێویستی پێیان نەما بەگرتنەبەری چەند سیاسەتێکی دیکە سەرلەنوێ دەیانخاتەوە سووچی ماڵەکان تا ئەمجارەیان بەبێ حەقدەست لە چوارچێوەی ماڵدا خزمەت بە نیزامی سەرمایەداری بکەن. کاری ناوماڵی بێ مزدی ژنان کە یەکێک لە دیمەنە بەرچاوەکانی ستەمی ژنە، ئەو دەرفەتە بۆ سەرمایەداران دەخوڵقێنێت کە بەبێ دانی هەزینەیەکی تایبەت هێزی کاری پیاوان دووبارە بەرهەم بێننەوە. ژن لە بنەماڵەدا ڕۆڵی بەرهەمهێنانەوەی دووبارەی هێزی کاری هەرزانی هەیە. ژن لە بنەماڵەدا بەستێنی توانا بەخشین بە کرێکارێکە کە سبەینێ دەبێت بڕواتەوە سەر کار. ژن لە بنەماڵەدا بێ هیچ حەقدەستێک، بەکاری خۆی ئامرازی حەسانەوەی کرێکارانی لەسەرکار دابین دەکات و کرێکارانێکیش بۆ سبەینێی سەرمایە بەدنیا دێنێت و پەروەردەیان دەکات.
بێگومان مەزهەب و کلتوور و پیاوسالاری کە ڕووبەنای کۆمەڵگای چینایەتین، پانتایی ستەمی ژنان بەرینتر و وەحشیانەتر دەکەنەوە و درێژەی گەڕانی سەرمایەش، زەروورەتی چالاکیی ئەم فاکتۆرانە کە لەڕاستیدا بۆ سەرمایە سوودبەخشن، پاساو دەکات. بەڵام لەو جێگەوە کە گۆڕینی نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری تەنیا لە توانای چینی کرێکاردایە، ئەوە تەنیا چینی کرێکارە کە لەبورای بابەتییەوە هیچ قازانجێکی لە مانەوەی ئەم ستەمەدا نییە و هەربۆیە دەتوانێ کۆتایی پێبێنێت.
تیۆریسییەنەکانی بۆرژوایی، سەبارەت بە ژنانی ستەملێکراو، گەلێک بابەت و کتێبیان نووسیوە و تەنانەت هەموو ناحەزییەکانی ئەم ستەمەیان وەسف کردووە، بەڵام هیچکات نایڵێن کە لەسەر بەستێنی سیستم و نیزامی دڵخوازی ئەوانە کە نەریت و سوننەت و ئایین و پیاوسالاری جێیان خۆش کردووە و ستەم بەرامبەر ژن پەرەی پێدەدرێت. لەڕاستیدا هەتا کاتێک کە مرۆڤ بە تەواوی لە بەندی دەسەڵاتی سەرمایە ئازاد نەبێت، هیچ ئاستێک لە پێشکەوتوویی و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و هتد، ناتوانێت ستەمی ژن بە تەواوی ڕیشەکێش بکات. ئەگەرچی ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتان، بەڕواڵەت بەرینترین ئازادییەکان بوونیان هەیە و بەپێی یاسا ژن و پیاو یەکسانن و هەڵاواردنی ڕەگەزی تاوان دێتە ئەژمار، بەڵام لەو جێگەوە کە ستەمی ڕەگەزی بەقازانجی مانەوەی نەزمی سەرمایەیە، دەکرێ هەر لەم کۆمەڵگایانەشدا، هەڵاواردنی ڕەگەزی بەشێوازی جۆراوجۆر بەدی بکرێت.
ئاشکرایە لە وڵاتێکی وەک ئێران کە لەڕێگەی شەرع و ئایینەوە باس لە حیکمەتی نابەرابەریی ژن و پیاو دەکرێت و بۆ داسەپاندنی ستەم بەرامبەر بە ژنان یاسا داندراوە، ئەم ستەمە زیاتر و بەرچاوتر لە هەموو شوێنێکە. لێرەدایە مەعلووم دەبێت کە سەرەڕای بوونی کۆماری ئیسلامی، چۆن پێگەی ژێردەستی ژن پەرەی پێدەدرێت و چلۆن سەرمایە هەوڵ دەدات کەڵک لەم بابەتە وەربگرێت تا قازانجی زیاتر بۆ سەرمایە و ڕژیمی سەرمایەدار زەمانەت بکرێت.
لە ئێران و لە هەر شوێنێکی دیکە تەنها چینی کرێکاری وشیار و ڕێکخراو لە بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستیدایە کە دەتوانێت کۆتایی بەم ستەمە بێنێت. چینی کرێکار کە نیوەی لە ژنان پێکهاتووە ئەو کاتە دەتوانێ بە ڕزگاری بگات کە ڕزگاریی ژنی دەستبەر کردبێت.
چینی کرێکار نەتەنیا ئەم ئەرکەی وەئەستۆیە کە بۆ ڕزگاریی یەکجاریی ژن، دەورونەخش بنوێتنێت، بەڵکوو پێویستە لە سووککردنی هەر ئاستێک لەم ستەمەش خافڵ نەبێت. کۆمۆنیستەکان و چالاکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بەر لە هەمووان ژنانی کۆمۆنیست ئەو ئەرکەیان لەسەر شانە کە بزووتنەوەی ژنان لەژێر دەست و باڵی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی و لیبرالەکانی بۆرژوای ناپەیگیر بێننە دەر و هەموو بەشەکانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کۆمەڵگا بۆ ڕزگاریی گشت مرۆڤایەتی، بکەنە هاوڕێ و هاوخەباتی خۆیان.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
https://alternative-shorai.tv