لەدرێژەی دەستبەسەر کردن و ڕفاندنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، هێزەکانی ڕژیم، شەش هاووڵاتییان لە ئابدانان ڕفاند و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندان، هێزەکانی ڕژیم هێرشییان کردووەتە سەر ماڵەکانی محەممەد چراغی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، زەبیحوڵڵا جەمادی و سامان مۆرادی وندان و ئەم چوار هاووڵاتییەیان ڕفاندووە. جێگەی ئاماژەیە، لەم نێوەدا، سامان مۆرادی وندان پێشتر لە جێگای براکەی سەجاد مۆرادی وندان، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە بارمتە گیرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک لە دەستبەسەرگە و مانگرتنی لەخواردن، لەم دواییانەدا ئازادکرابوو. سەجاد مۆرادی وندان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بەسەر کەوێڵێک لە نزیک مەسجد سولەیمان ڕفێندرا و خەڵکی ئاودانان بەمەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، ڕژانە سەر شەقامەکان و بەهۆی دەستتێوەردانی ناوەندەکانی ڕژیم توندوتیژی لێکەوتەوە و هێزەکانی ڕژیم خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامیدا، لانیکەم ٦ کەس برینداربوون. بەدواداچوونەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخی ئەم شەش هاووڵاتییە بێ ئاکام ماوەتەوە و هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە. بە پێی ئامارەکان، لە ڕەوتی ئاخێزی جەماوەریی ئەم دواییەی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون کە هەتا ئێستا ناوی ٩٨ کەسیان زانراوە.