فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بە کام ڕێگەدا تێدەپەڕێ؟
پێنجشەممە ۱۳-۰۷-۱۴۰۲   |  05-10-2023

ئەمڕۆ لە ئێران تەنانەت شرۆڤەکارانی حکوومەتیش ناتوانن حاشا لە بوونی بزووتنەوەیەکی چەپی کۆمەڵایەتیی بەهێز بکەن. ئەم ڕەوتە هێزی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری کە ئاڵای داخوازیی کرێکارانیان هەڵکردووە و لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاریدا دەورونەخش دەنوێنن، داهێنەری پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوەندە سەنعەتی و کرێکارییەکانن و ئیدەی ڕێکخستنی شۆرایی دەبەنە ناو کرێکارانەوە، پێگەیەکی تایبەتیان لەم ڕیزبەندییەدا هەیە. ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە ئەو بەشە لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لەخۆدەگرێت کە لە بەرامبەر فێمێنیسمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و فێمێنیسمی نیۆلیبراڵدا ئاڵای ڕزگاریی ژنانیان بە ئاسۆی دژەسەرمایەدارییەوە بەرز کردووەتەوە. ئەو ژنە خەباتکارانەی کە بە بەشداریی خۆیان لە پێشەوەی خەباتی مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران، پەرستاران و لەناو ڕیزی خەباتی کرێکاران و بە خۆڕاگریی بەرین لەبەرامبەر سیاسەت و یاسای دژی ژن، ئاسۆی ڕزگاریی ژن لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەدارییان بەرەوڕووی کۆمەڵگا کردووەتەوە. ئەم ڕەوتە چەپە کۆمەڵایەتییە، هەروەها ئاراستەی سۆسیالیستیی ناو بزووتنەوەی خوێندکاری لەخۆدەگرێت کە بەرامبەربە ئاراستەی نیۆلیبڕالیی بورژوایی ئێران و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، ئاڵای یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی هەڵکردووە. ئەو خانەنشینانەی کە بە گەڵاڵەکردنی ڕادیکاڵی داخوازییە ڕەواکانیان یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتییان لە مێژووی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا تۆمار کردووە. ئەو بەشە لە نووسەران، هەواڵنێران، مامۆستایانی زانکۆ، سینەماکاران و هونەرمەندان لەخۆدەگرێت کە بەرەنگاری کلتوور و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدار بوونەتەوە و لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاعیان کردووە. بەشێک لەم هێزە کۆمەڵایەتییە لە کوردستان ئاڵای هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری ئێرانیان بەرز کردووەتەوە.

ئەم هێزە چەپ و ڕادیکاڵە ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لە ساڵەکانی ڕابردوودا هەبووە. لە ئاخێزی جەماوەریی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا مۆری خۆی بەسەر ئەم بزووتنەوە سیاسییانەدا کوتا. ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژی سەرمایەدارییە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی، بە دەورونەخش نواندنی هەر ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە دەستیپێکرد و هەروا لەئارادایە. ناوەرۆکی خواست و داخوازیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە، درووشمی “نان، کار، ئازادی” پەیوەندی داوە. لەلایەکی دیکەشەوە شایەدی چالاکیی حیزب، ڕێکخراو و هێزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێرانین. ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی چالاکیی ئەم هێزانە لەناو ئەم بزووتنەوەیە، دەتوانین لە بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و شەفافبوونی خواستی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا ببینین، بەڵام حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێستا سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکانیان هێشتا لەئاستی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نییە. بە واتایەکی تر هێشتا بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی موتەحەزیب و ڕێکخراو پێک نەگەیشتوون.

کەموکوڕییەکی جیدیی ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و ئەو ناڕەزایەتی و ئاخێزانەی کە بە هەوڵ و دەخاڵەتی ئەم هێزە لەئارادایە، ئەو واقعیەتەیە کە ئەم حەرەکەتانە هێشتا لە بزووتنەوەیەکی واحیدی سیاسی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بۆ گۆڕینی وشیارانەی نیزامی سەرمایەداری تێکهەڵنەکێشراون. ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە خاوەنی ڕێبەرییەکی سیاسی سەرانسەری نییە. هەربۆیە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە هێشتا ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز لە مەیداندا نابینن کە بۆ ڕزگاری خۆیان پێی هیوادار بن. ئەگەرچی نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێزی شۆڕشگێڕانە لە دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا وەک کەموکوڕی نەدەبیندرا، بەڵام لەئێستادا و لەگەڵ تێپەڕینی زیاتر لە یەکساڵ لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە ئەم کەموکوڕییە لە هەموو کاتێک زیاتر هەستی پێدەکرێت. جەماوەری بەرینی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نیگەرانن و وێنەیەکی ڕوونیان لەوە نییە کە بەدیلی ئەم باروودۆخە یەکجار قەیراناوی و شڵەژاوە دەتوانێ چی بێت. ئەوە ڕاستە کە لە کێشمەکێشی ئاڵتێرناتیڤەکاندا، بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی بەهۆکاری بێگانەبوونیان لەگەڵ خواستی ئابووری و ئازادیخوازانە کە لە ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا دێتە گۆڕێ، بەهۆی نامۆبوونیان لەگەڵ داخوازیی نان، کار، ئازادی، نفووزێکی بەرچاویان لەناو جەماوەری ناڕازیدا نییە. بەڵام لە نەبوونی هێژمۆنیی چینی کرێکار بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی، لە نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی سۆسیالیستیی بەهێز، بەردەوام ئەو مەترسییە لەئارادایە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ببێتە خۆراکی شەپۆلی تەبلیغاتی ناسیۆنالیستی و مەزنخوازانەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی لایەنگری ڕۆژاوا و هێزیان بکەوێتە خزمەت مانەوەی نیزامی چینایەتیی و بەدەسەڵات گەیشتنی دیکتاتۆرییەکی غەیرەدینی.

سەبارەت بە پڕۆسەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی پێویستە تەئکید بکرێت کە لە باروودۆخی ئێستای ئێراندا درێژە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و تێکەڵ بوونی خواستی ئابووری و خواستی سیاسی و لەدرێژەدا بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی سیاسی کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر بکات، ڕەوتی چاوەڕوانکراوی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە لەپێناو ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانین کە مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاران کە ستوونی سەرەکیی مانگرتنی گشتیی سیاسییە، ناتوانێ ئاکامی حەرەکەتێکی خۆڕسک بێت.بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستیی ئەم بزووتنەوە چینایەتییە، لە باروودۆخی ئێستادا پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن، درووستکردنی کۆمیتەی کارخانە و پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان یەکجار گرینگە. ژنان کە ڕۆڵی پێشەنگیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بینیوە و بنەمای هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بوون هێستا بەشێکی چکۆلە لە هێزی خۆیان هێنانەتە مەیدانی نەبەردەوە. پێویستە بە کاری وشیاریدەرانە و ڕێکخراو بەرەی مەزنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بێنە مەیدانی نەبەردەوە. ناوەند و ڕێکخراوەکانی خوێندکاریی چەپ و ڕادیکاڵ کە لە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی ئێراندا پێکهاتوون پێویستە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەهێز بکەن و بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و ستراتێژی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست ڕۆڵی ڕۆشنگەرانەی خۆیان بەجێ بێنن. تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران پێویستە پەیوەند و پایەی جەماوەریی خۆیان پەرە پێبدەن و بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی ئاخێزی سەرانسەری مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە بواری تاکتیکیشەوە شێوازی جەماوەریکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام فێربن. پێویستە فێری ئەوە بین کە چۆن تاکیتکەکانی هێزی سەرکوتی ڕژیم بۆ ڕێگری لە جەماوەری کردنەوەی ناڕەزایەتییەکان پووچەڵ بکەینەوە و فێربین کە چۆن ئەو تاکتیکانەی کە ئامانجیان زەربەلێدان لە جەماوەری بوونەوەی ناڕەزایەتییەکانە، دووری بکەین. ناڕەزایەتیی شەقام بەشێکی جیانەکراو لە ئازادیی ڕادەربڕین و مافی سەرەتایی خەڵکە و پێویستە هەر ئەم باوەڕە سادەیە لە ناو جەماوەری خەڵکدا پەرەی پێبدرێت و بەهێز بکرێت. بارودۆخی ئێستا لە هەموو نووسەران، هەواڵنێران، مامۆستایانی زانکۆ، سینەماکاران و هونەرمەندان کە بەرەنگاری کلتوور، سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی چینی دەسەڵات بوونەتەوە و لە بەرژەوەند و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاع دەکەن دەخوازێت کە ڕێکخراوتر لە ڕابردوو هەنگاو هەڵگرن. سازماندان کلیلی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەدارانە.

لە هەلومەرجی ئێستادا بزووتنەوەی کرێکاری دەرفەتێکی گونجاوی بۆ هێزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران خوڵقاندووە تا بە گرینگی دان بەم بزووتنەوە واقعییە و بە هەوڵ و یارمەتی بۆ لابردنی کۆسپ و بەربەستەکان، بتوانن بەسەر ئەم جیاییەدا زاڵ بن و پێش مەرجەکانی پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سیاسیی سەرانسەری بە ستراتێژی سۆسیالیستییەوە فەراهەم بکەن. وڵامدانەوەی هاوبەشی چالاکان و ڕێبەرانی ئەو هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و چەپی موتەحەزیب بە کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریی ئێستا، کلیلی پێک­گەیشتنی ئەم دوو بەشە چەپە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستییەیە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co