بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە سایتی کۆمەڵە، ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان بە هاوکاریی ناوەندەکانی ڕژیم، دەیانەوێ ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک لە ناوچەی پرد شیرازی لە قەسری شیرین بڕووخێنن .
خەڵكی ئەم ناوچەیە دەڵێن ئێمە ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە کە چەند هێکتار لەم زەویەمان بە پارە لە دەوڵەت کڕیوە و تێێدا ماڵمان درووست کردووە و بەڵگەی خاوەندارەتیی فەرمیشمان پێیە.
گوشارەکانی ڕژیم بۆ سەر خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ داگیرکردنی زەویەکانیان لەکاتێکدایە کە ئەم خەڵکە دەیان ساڵە لەم شوێنەدا دەژین و تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک ئاو و کارەباشیان بۆ دابین نەکراوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندەکانی سەر بە ڕژیم، بە مەبەستی تێکدان و ڕووخاندنی ماڵی ئەم خەڵکە، هێرشیان کردووەتە سەر ئەم هاووڵاتییانە و بە بۆڵدۆزێر ویستوویانە ماڵەکانیان بڕووخێنن کە لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی خەڵکەکە بەرەوڕوو بوونەتەوە.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی پرد شیرازی لە قەسری شیرین، خەڵکی دەوروبەری داڵاهون کە نزیکەی ٢٥ ساڵ پێش ئەم زەویانەیان لە دەوڵەت کڕیون و لەوێ نیشتەجێ بوون.
هەتا ئێستا بەدواداچوونی خەڵکی ئەم ناوچەیە و سەردانیان بۆ ناوەندەکانی ڕژیم بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بێ ئاکام بووە و بە وتەی خودی خەڵکەکە، فەرمانداریی شاری قەسری شیرین ڕۆڵی سەرەکیی لەم گوشارهێنانە بۆ سەر خەڵک هەیە.