درەنگانی شەوی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦ و ٤ پلەی رێختەر ناوچەی جاجارکۆتی لە رۆژئاوای نیپاڵی هەژاند و بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لانیکەم ١٢٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش بریندارن.
چەقی بوومەلەرزەکە لە گوندی “رامیداندا”ی ناوچەی جاجارکۆت بووە و بەهۆیەوە سەدان باڵەخانەی رۆژئاوای نیپاڵ ڕووخاون و لە شاری “دێهلی نەو” لە هێندوستانیش کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەو وڵاتە، هاووڵاتییان هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و باڵەخانەکانی هەژاندووە. هاوکات هاریش شاندرا شارما، بەرپرس لە ناوچەی جاجارکۆت بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییان زیاتر بەرزببێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠١٥ دوو بوومەلەرزەی بەهێز نیپاڵیان هەژاند و بەهۆیەوە لانیکەم ٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیاتر لە ملیۆن خانوو و باڵەخانە وێران بوون و بە بڕی شەش ملیارد دۆلار زیانی دارایی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیشت.