فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕژیمی ئیسلامی بە شەپۆلی ئێعدامەکان ناتوانێ ترسی خۆی بشارێتەوە
پێنجشەممە ۱۴-۱۰-۱۴۰۲   |  04-01-2024

لەماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٢٢ بەندکراوی تر لە ژێرناوی جۆراوجۆر لە زیندانەکانی ئێران لە لایەن ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییەوە ئێعدام کراون. بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو و “هرانا” ئۆرگانی هەواڵنێریی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١١ی مانگی بەفرانبار لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی نوێی زایینیدا خوێنڕێژانی ڕژیمی ئیسلامی لە زیندانی ناوەندیی کەرەج، پێنج کەسیان ئێعدام کرد. ڕۆژێک پێشتریش شەش بەندکراوی دیکەیان لە زیندانی بیرجەند و کەسێکی تریان لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز ئێعدام کردبوو. ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی بەفرانبار لە زیندانی قزڵ حەسار بەندکراوێکی دیکەی دانیشتووی ئیلامیان ئێعدام کرد. بەپێی ڕاپۆرتی هرانا ڕۆژی هەینیش ڕژیمی ئیسلامی دوو بەندکراوی دیکەی لە زیندانی مشکین شار ئێعدام کرد و ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی مانگی بەفرانبار جەلادانی کۆماری ئیسلامی سێ کەسی دیکەیان لە کاشان، بەندەرعەباس و یەزد کوشت. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “حال وەش” بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی مانگی بەفرانبار چوار بەندکراوی دیکە لەوانە سێ ژن لە زیندانی بیرجەند لەلایەن ماشێنی کوشتاری ڕژیمەوە ئێعدام کران.

ئێعدامی ئەم ئینسانە بێدیفاعانە لە سیاچاڵەکانی ڕژیم دوای موحاکماتی کەزایی و لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچووە کە بە ئیعترافی هێندێک لە کاربەدەستانی قەزایی ڕژیم، ژمارەیەک لە ئێعدامکراون چەندین جار داوای پێداچوونەوەی حوکمی دادگایان کردبوو بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن دیوانی باڵای ڕژیمەوە ڕەت کرابووەوە. بێگومان ڕژیمی ئیسلامی بە ئامانجی پەرەپێدان بە فەزای ئەمنیەتی و ترساندنی کۆمەڵگا ئەم شەپۆلەی ئێعدام، کە هێندێکیان لەبەرچاوی خەڵک بەڕێوەدەچێت، خستوویەتە ڕێ. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی “هەنگاو” ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆتایی هات، لانیکەم ٨٢٣ بەندکراو کە پێنجیان لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بوون، ئێعدام کردووە. بێجگەلە ئەم ئێعدامانە، ڕژیمی ئیسلامی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە دادگا فەرمایشییەکانیدا بۆ ١٥٥ بەندکراوی دیکە حوکمی ئێعدامی دەرکردووە کە هێستا ئیجرا نەکراون. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە حوکمی ژمارەیەک لە بەندکراوانی ئێعدامکراو لەم دەورەیەدا تەنانەت بە بێ چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ بنەماڵە بەڕێوەچووە و هەواڵی ئێعدامکردنیان لەلایەن بەرپرسانی زنیدان و ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە ڕانەگەیەندراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی هرانا “حوکمی ئێعدامی ژمارەیەکی دیکە لە بەندکراوانی سیاسی لەوانە موجاهد کورکوری و ڕەزا ڕەسایی، لە دەستبەسەرکراوانی ئیعتڕازاتی سەراسەری، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکم بۆ لقەکانی ئیجرای ئەحکامی ئێعدام ڕەوانە کراون”. حوکمی ئێعدامی ئەم ئینسانانە بەپێی تۆمەتی بێبنەما و درۆی دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیم کە بەسەر دادگاکاندا دیکتە دەکرێ، دەرکراوە. تۆمەتی ساختەی وەک “تەقەکردن بەرەو قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لەوانە (کیان پیر فەلەک)، بەرپرسیار بوون لە بریندارکردنی بە ئەنقەست و قودرەت نەمایی و تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگەی ئاژاوەنانەوە” و هیتر.

ئاماری ئێعدام لە ساڵی ڕابردووی زایینی لەچاو ژمارەی ئێعدامەکانی ساڵی ٢٠٢٢، ٤١ لەسەد بەرزبوونەوە نیشان دەدات. لە حاڵێکدا کە ژمارەی ئێعدامکراوان لە ساڵی ٢٠٢١ لە ئێران ٣١٤ کەس بوو، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا گەیشتە ٥٨٢ کەس و لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەم ژمارەیە بۆ ٨٢٣ کەس بەزر بووەتەوە. پەرەپێدانی ئێعدام و بەڕێوەبردنی ٦ ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک بەڕوونی نیشانی دەدات کە دەرکردنی ئەحکامی ئێعدام لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا پەیوەندییەکی بە بواری یاسایی و قەزاییەوە نییە. بەڵکوو کردەوەیەکی سیاسییە بۆ پێکهێنانی فەزای ترس و تۆقاندن و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی قۆناغێکی دیکە لە ناڕەزایەتییەکانی شەقام. کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتیدا هەرکات بەرەوڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری و شکست و ناکامی لە سیاسەتە سەرەکییەکانی بووەتەوە، بەئامانجی پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەرجۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگا، دەستی بردووە بۆ ئێعدامی بەکۆمەڵی بەندکراوان، تا لەم ڕێگەوە درێژە بە دەسەڵاتە دژەئینسانییەکەی بدات. کردەوەی جەنایەتکارانەی ئێعدام لەلایەن ئەم دەسەڵاتە، کە لە دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری لە ساڵی ڕابردووەوە بۆ جارێکی تر پەرەی پێداوە، هەوڵێکی دیکەیە بۆ خۆدەربازکردن لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری ستەمدیدەی ئێران بەدژی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی چەوسێنەری ئیسلامی.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا درێژە و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، چوونەسەری ڕێژەی تەوەرۆم، گرانی و هاتنەخواری زیاتری توانای کڕینی خەڵک، ژیان و گوزەرانی ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگای بەرەوڕووی هەژاری و برسیەتی کردووەتەوە. پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکارییەکان بۆ نموونە مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی فوولاد لەم ماوەیەدا، درێژەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، ناڕەزایەتیی خوێندکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، ئاشکرابوونی پەروەندەی دزی و گەندەڵیی سەدان ملیارد تمەنیی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم، ئاکامەکانی سیاسەتی کارەساتباری دەخاڵەتگەریی نیزامی ڕژیمی ئیسلامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە بەتایبەت لە بارودۆخی هەستیار و مەترسیداری ئێستا، ئەو زەمینانەن کە ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامیی لە سەرهەڵدانی قۆناغێکی دیکە لە ناڕەزایەتیی شەقام نیگەران کردووە. سیاسەتی پەرەپێدانی ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی لە وەها بارودۆخێکدا هەوڵێکی بێهوودەی ڕژیمە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەدژی حکوومەتی ئیسلامی.

بەڵام هەروەک ئەزموونی سێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان نیشانیان داوە شەپۆلی ئێعدام و پەرەپێدانی سەرکوت نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە بەدواداچوونی خواستەکانیان پاشگەز بکات. بێگومان مانگرتن و ئیعتڕازاتی ڕۆژانەی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان، ژنانی ئازادیخواز و توێژە بێبەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەرینتر و بەهێزتر درێژەی دەبێت. لە جەرگەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکاندا بواری ڕێکخستن و ڕێبەری تەقویەت دەبێت و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لەم ڕەوتەدا پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی فەراهەم دەکەن.