“وەلید فەیاز” وەزیری وزە و ئاوی لوبنان ڕایگەیاند، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕیارە سووتەمەنیی وڵاتی لوبنان بە خۆڕایی دابین بکات و وەرگرتنی سووتەمەنیی خۆڕایی وەک دەستپێشخەری و زیرەکیی “حەسەن نەسروڵڵا” سەرۆکی حیزبوڵلای لوبنان وەسف کردووە. “فەیاز” وتوویەتی، “لوبنان” لەو سووتەمەنییە بۆ وزەخانەکانی بەرق کەڵک وەردەگرێت و لەو هەوڵەی کۆماری ئیسلامی پێشوازیی دەکات.
“موجتەبا ئەمانی” باڵوێزی ڕژیم لە لوبنان ڕایگەیاندووە، کە نەتەنیا سووتەمەنیی ئەو وڵاتە بەخۆڕایی دابین دەکات بەڵکوو لە هەر بوارێک کە پەیوەندیی بە بەشی وەزەوە هەبێت بە تایبەت لە بەشی دروستکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنان یارمەتیی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەو کاربەدەستەی ڕژیم لە درێژەدا وتوویەتی، ئەو سووتەمەنییە خەڵاتێکە لەلایەن ئێمەوە بۆ خزمەتگوزاریی بە خەڵکی لوبنان. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەوە یەکەم جار نییە کە لەو جۆرە هەوڵانە ئەنجام دەدات بەڵکوو تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین باری سووتەمەنیی داوەتە حیزبوڵڵای لوبنان.