نوێنەرانی پارلمانی بێلژیک ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١، ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییانیان لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد، ئەم هەوڵە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئازادکردنی دیپلۆمات تێرۆریستێکی رژیم کە بە تاوانی تێرۆر لە بلژیک زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دا سەپاوە.
ئەم ڕێکەوتنە دوای دوو ڕۆژ وتووێژ بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی و ٤١ دەنگی نەرێنی پەسەند کرا و بەو پێیە ”ئەسەدوڵڵا ئەسەدی”، دیپلۆمات تێرۆریستی ڕژیم کە بە تاوانی بەڕێوەبردنی پیلانی تێرۆریستی دەسبەسەر کرابوو، ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران زیاتر دەبێت. ئەم ڕێکەوتنە کە پێشتر لەلایەن کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی پارلمانی بلژیک پەسەند کرابوو، ڕووبەڕووی دژایەتیکی زۆر بووەوە.
دەنگ وەرگرتنی پارلمانی بلژیک بۆ پێداچوونەوە بەم ڕێککەوتنە پێشتر لانیکەم دوو جار دوا کەوتبوو. لەم پێوەندییەدا ١١ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە پارلمانی بلژیک کردبوو ڕێککەوتنی ڕادەستکردنەوەی بەندکراوان لەگەڵ ئێران پەسەند نەکات.