لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنانی کردووەتە یەکێک لە ئەولەوییەتە ستراتێژیکەکانی سەرکوتی خۆی. زۆرێک لە دامودەزگاکانی سەرکوت و خورافەی لە گیانی خەڵک بەرداوە تا لە شوێنە گشتییەکان بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە ژنان بەخاتری بایەخ نەدانیان بە “حیجابی ئیسلامی” توندتر بکەنەوە. بێجگەلە موزاحیمەتی خەیابانیی ئەرازێل و ئەوباشەکانی “گەشتی ئێرشاد”، شێوازی تریش بەکار دێنن. ژنانێک کە بە قەولی خۆیان “بەدحیجاب”ن لە چوونە ناو ئیدارات و بانک و مێترۆ و باقیی ناوەند و شوێنە گشتییەکان ڕێگریان لێ دەکەن و ناڕەزایەتیی ژنان دژبە پۆشش و حیجابی ئیجباری، بە پیلانگێریی دەزگاکانی سیخوڕیی “دوژمنانی دەرەکی” نیسبەت دەدەن. “مۆحسێن ئێژەیی” سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیم فەرمانی بە دەزگاکانی ئیتلاعاتی داوە تا بە قەولی ئەو “دەستی پشتی پەردەی بێ حیجابی” پەیدا بکەن. ڕەئیسیی قاتڵ، بێ حیجابیی “پەرەپێدانی گەندەڵیی ڕێکخراو” ناولێنا و بەناو “شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی”ی ڕێژیمیش دەستووری داوە تا پەسندکراوی کۆنەپەرستانەی ساڵی ١٣٨٤ سەبارەت بە حیجاب و عیفاف بەکردەوە دەربێنن. هەروەها ڕێژیم دەستی داوەتە دەستگیرکردنی بەرینی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لە شارەکان و تەنانەت بەردی سەر قەبری ژنانێک کە وێنەی بێ حیجابیان پێوەیە، تێکی داون.
عەلی خامنەییش لەم پێوەندەدا هەتا ئێستا چەندین جار دەخاڵەتی کردووە. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە پێنجی مانگی گەلاوێژ ئاخوندەکانی ئیمام جومعەی کۆکردنەوە و دوای سەفسەتە و مەوعیزەی دوورودرێژ، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نیزام کە لەڕاستیدا بزووتنەوەی ڕوو لە گەشەی ژنانە، بۆی باس کردن. ئەو بۆ جارێکی دیکە بە خۆ گێل کردنی لەئاست بوونی بزووتنەوەی چالاک و کۆمەڵایەتیی ڕزگاریی ژن لە ئێران، تۆمەتی هەمیشەیی و بێبنەمای وابەستەبوون بە ڕۆژاوا و پیلانگێریی دوژمنی لەم بزووتنەوەیە دا و لە بەشێکدا وتی:” بە باوەڕی من غەربییەکان لە ژنی ئێران تووڕەن و بە بیانووی حیجابەوە دەست دەدەنە گومان نانەوە و فەزاسازی. ئەوان دەڵێن تا کاتێک کە ژن لە قەیدی ئەخلاق و شەرع ڕزگار نەبێت، ناتوانێ بەرەوپێش بچێت”. خامنەیی چەند ڕۆژ پێشتریش سەبارەت بە ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتبووی: “هەرچەند وەخت جارێک دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە و ئەمنییەتی ڕەوانیی خەڵک لەناو دەچێت”.
بەڵام لەڕاستیدا ڕق و تووڕەیی خامنەیی و باقیی کۆنەپەرستانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵات لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ٤٣ ساڵ دانی هەزینەی کەڵان لە گیرفانی خەڵک و ٤٣ ساڵ چالاکیی تەبلیغیی ناوەندە ڕەنگاوڕەنگەکانی جەهل و خورافەی مەزهەبی و دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم نەیانتوانیوە “بەربەستە شەرعییەکان”ی دڵخوازی خامنەیی جێگر بکەن و دایسەپێنن. قەید و بەربەستی ئیسلامی بەمانای بە بەند کێشان و لەناو ماڵدا هێشتنەوە و بێ مافکردنی یەکجاریی ژنانە. خامنەیی بێجگەلە ئەوەیکە دەیهەوێ ژنان لە هەمان قەید و بەنددا ڕابگرێت، فێڵبازانە بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی ئێران لە کێشەی ژیان و قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕێژیم، بەتەمایە مەسەلەی حیجاب، ئەم هێمایەی کۆیلەتیی ژنان، بکاتە مەشغەڵەی ئەوان. خامنەیی بەنیازە بە شێوازێکی تر بە هێنانە مەیدانی کۆنەپەرستانی ئیمام جومعە و بەکارهێنانی مەنبەری مزگەوت و بە خورافەی مەزهەبی و دینی بەرەنگاری خەباتی ژنانی ئازادیخوازی ئێران بێتەوە. کینە و نیگەرانیی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە خەباتی ژنان لەخۆڕا نییە. ڕۆڵی ژنانی خەباتکار بەتایبەت دوای ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لە خەبات و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و موتالباتیی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە حاشاهەڵنەگرە. ژنانی خەباتکار لە ڕیزی یەکەمی ئەم بزووتنەوانە دان و لە هیدایەت و ڕێبەرییاندا ڕۆڵی ئەساسییان بینیوە. هەوڵی هەتا ئێستای ڕێژیم لەم بوارەدا بێ حاسڵ بووە و ناتوانێ بەر بە خەبانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژبە قەید و بەندی ئیسلامی و حیجاب بگرێت. نیسبەت دانی ئەم خەباتە بە دوژمن و دەست و پەیوەندی دەرەکی لەلایەن خامنەیی و باقیی کارگێڕانی دژەژنی ڕێژیمی ئیسلامی، خەنەیەکی بێ ڕەنگە و نیشانەی داماوییە و بێگومان کەسی پێ فریو نادرێت.
موقاومەت و خەباتی ژنان دژبە کۆماری ئیسلامی و یاسای کۆنەپەرستانە و دژەژنی ڕێژیم کە ڕۆژانە لە شارەکانی ئێران لە ئارادایە و سەرەڕای سەرکوتی وەحشییانە، بە هەشتەگێک دەتوانێ حەرەکەت و هەڵمەتێک دژبە کۆماری ئیسلامی و ساڵڕۆژی “حیجاب و عیفافەکەی” وەڕێ بخات، “ئەمنییەتی ڕەوانی”ی حاکمان و هێز و مۆرە سەرکوتگەرەکانی “ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر”ی زیاتر لە هەمیشە تێکداوە. خامنەیی دەزانێت کە حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەر موقاومەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازدا شکستی هێناوە. باش دەزانێت کە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی توندوتیژیی وەحشیانەی هێزە ئاتەش بەئیختیارەکانی دژبە ژنان و کچان لەڕێگەی هەمان “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” کە لە ڕوانگەی ئەوەوە بەڵایەکی تری نیزامە، تا چ ڕادەیەک ڕق و نەفرەتی جەماوەری خەڵکی نیسبەت بە ڕێژیم زیاد کردووە. هەربۆیە بەشێک لە وتەکانی بە پاشەکشەی تاکتیکیی ئەم دوایانەی حکوومەت تەرخان کرد و وتی: “بە بیانووی حیجاب دیسان ئەمانە مەسەلەی ژنیان هێناوەتەوە گۆڕێ. مەسەلەی حیجاب لە سەرەتای سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامییەوە بەردەوام باسی لێ کراوە. میدیاکانی ئینگلیس و ئەمریکا و هێندێک شوێنی تر هێرش دێنن و لە قۆناغێکدا لەسەر مەسەلەی ژن بیانوویەکیش پەیدا دەکەن، بۆ نموونە مەسەلەی حیجاب و ئەمجۆرە شتانە. کەوابوو دەبێت لەسەرەخۆ و مەنتقی لەگەڵ مەسەلەی حیجاب هەڵسووکەوت بکرێت” و داوای لە ئیمامانی جومعە کرد کە لە تەبلیغاتی نوێژی جومعەدا بیانوو نەدەنە دەست دوژمن.
بەڵام ئەمڕۆ ئیتر خەبات لەدژی یاسای کۆنەپەرست و دژەژنی سەدەکانی ناوەڕاستی ڕێژیمی ئیسلامی تەنیا مەسەلەی ژنان نییە و باقیی توێژ و چینە کۆمەڵایەتییەکانیشی گرتووەتەوە. ڕۆژی ٢٢ی مانگی پووشپەڕ، یەک ڕۆژ دوای ڕۆژی کەزایی “حیجاب و عیفاف”ی ڕێژیم، ١٥ ڕێکخراوی کرێکاری و خوێندکاری بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش سەرکوتی ئازادیی کۆمەڵایەتی و یاسای “سیانەت لە حیجاب و عیفاف”ی ڕێژیمیان مەحکووم کرد و خۆیان لە خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافی بەرابەر، بە هاوبەش و هاوڕێ پێناسەکرد. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا ١٢٠ چالاکی مافی ژنان بەیاننامەیەکیان لە ئیعتراز بە یاسای دژەژنی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە. لەئێستادا خەباتی ژنان بووەتە بەشێک لە خەباتی بەردەوام و ڕۆژانەی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئێران دژبە بێکاری، هەژاری، گرانی و باقیی کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێران و نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە ژنان و پیاوانی ئێران، لە خەباتی خۆیاندا بەرەو ئاراستەی درووست و ئوسوولی واتە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەنگاو هەڵدەگرن.