ئێستا کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا چووەتە ناو پێنجەمین هەفتەوە، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستە لە فکری درێژە و پێشڕەویی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا بین. ئەزموون نیشانی داوە کە شەڕ و تێکهەڵچوونی بەردەوام و هەموو ڕۆژێ لەسەر شەقامەکان لە هێز و توانای خەباتکارانی شەقام و زانکۆ دەگرێت و شەکەت و ماندوویان دەکات، کەوابوو پێویستە بە شێوەیەک ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام ڕێک بخەین کە هەم بەردەوام بوونی ناڕەزایەتییەکان زەمانەت بکرێت و هەم لە شەکەت بوونی هێزەکانمان ڕێگری بکەین. ئەگەر ناڕەزایەتییەکانی شەقام بە شێواز و ڕێتمێکی هێواشتر سازمان بدرێت و بەڕێوەبچێت، ئەوکات هەم بەربە ماندوویی و شەکەت بوونی هێزەکانمان دەگرین و هەم کاتی زیاترمان داناوە بۆ بەکاربردنی داهنێانی نوێ لەپێناو سەرانسەریتر کردنەوە و جەماوەریتر کردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخستن و ڕوونتر کردنی هەرچی زیاتری ئاسۆی ئەم ئاخێزە.
پێویستە ئاسۆی ڕوونی ئەم ئاخێزە هەرچی زیاتر لە دروشمەکانماندا ڕەنگ بداتەوە. بێگومان دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ جمهوری ئیسلامی دروشمێکی شۆڕشگێڕانەیە و نابێ لە دووپاتکردنەوەی ماندوو بین. بەڵام ئەم دروشمە بەتەنیایی ئاسۆیەکی ڕوون لە ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی نیشان نادات. هەروەک چۆن دروشمی مەرگ بۆ شا لە شۆڕشی ٥٧دا ئاسۆیەکی ڕوونی نیشان نەدا، شای ستەمکار ڕۆیشت، بەڵام ڕێژیمێکی ستەمکار و تاوانکارتر جێگای گرتەوە. دروشمی مەرگ بۆ موبارەک لە مسیر، مەرگ بۆ بێن عەلی لە تونس و مەرگ بۆ قەزافی لە لیبی لە ئاخێزە جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسۆیەکی ڕوونیان نیشان نەدا. ئەم دیکتاتۆرانە لەسەر کار نەمان بەڵام دەسەڵاتە سەرمایەدارە کۆنەپەرستەکان لەسەر جێگای خۆیان مانەوە و جەماوەری خەڵک سەرەڕای هەموو گیانفیداییەکانیان بە خواستەکانیان نەگەیشتن. هەربۆیە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و بڕووخێ کۆماری ئیسلامی پێویستە لە بەیانی خواستی جەماوەری ستەملێکراو کە وەدی هاتنی هەر کامیان گۆڕانێک لە ژیانیاندا پێک دێنێنت، مانا پەیدا بکات. واتە ئەو دروشمانەی کە پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە لەگەڵ چاوەڕوانیمان لە حکومەتی سەرچاوەگرتوو لە شۆڕش. بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی گشت دامودەزگای سەرکوت و بەرەو دواوە بردنی جەماوەر، جیایی دین لە دەوڵەت، ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی یاسای حیجابی زۆرەملی و هەموو قانون و یاسایەکی دژی ژن، بەرابەریی ژن و پیاو، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، دابین کردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو بێکاران، کۆتایی هێنان بە لەناوبردنی ژینگە، هەڵوەشاندنەوەی دیموکراسیی نهێنی و هێتر، لە زومرەی ئەو هەوڵانەن کە هەر دەوڵەتێکی سەرچاوەگرتوو لە ڕاپەڕینی سەرکەوتووانەی جەماوەر، دەستبەجێ دەبێ ئەنجامی بدات و یان بیخاتە دەستووری کارەوە. لەم ڕووەوە پێویستە هاوکات لەگەڵ دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی و هەروەها دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، دروشمەکانی وەک “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی شۆرایی”، “دین لە دەوڵەت پێویستە جیا بێت”، “حیجابی زۆری دەبێ نەمێنێ”، “بیمەی بێکاری دەبێ دابین بکرێ”، “ئازادیی سیاسی دەبێ دابین بکرێ”، هەرچی زیاتر جەماوەری ببنەوە. ئەگەر قەرارە خواستی کرێکاران، ژنان و جەماوەری ستەملێکراو بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕێژیمە وەدی بێت، کەوابوو پێویستە مانای ڕاستەقینە و وێنەیەکی ڕوون لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامی ببەینە ناو جەماوەرەوە. ئەم وێنە ڕوونە تا ئەو جێگایەی مومکینە پێویستە لە دروشمەکاندا ڕەنگ بداتەوە. دەستڕاگەیشتنی کرێکاران، ژنان، بێبەشانی شار و جەماوەری ستەملێکراوی کۆمەڵگە بە خواستەکانیان لە گرەوی ئەوە دایە کە ژنان و پیاوانی کرێکار واتە بەرهەمهێنەرانی سەرەکیی سەروەتی کۆمەڵگە، هەر ئەم ڕەزمەندانەی سەر شەقام، لە سبەینێی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، لە پێکهاتەیەیکی شۆراییدا دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرن و ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا هەبێت. واتە هەم داڕێژەری یاسا بن و هەم بەڕێوەبەری یاسا.
لە بواری ڕێکخستندا پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە تۆڕی پێکەوە پەیوەنددراوی لاوانی شۆڕشگێر لە گەڕەکی شارەکان و لە زانکۆکان کە لە سازماندانی ئەم ناڕەزایەتییانەدا دەورونەخشیان بووە، بەردی بناغەی شۆراکانی گەڕەک و زانکۆ پێک بێنن. ئەم شۆرایانە لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانن وەک ئۆرگانی ڕێکخستن و ڕێبەریی خەباتی جەماوەری ڕۆڵ ببینن و لەگەڵ لاوازتر بوونی ڕێژیمی ئیسلامی و لەگەڵ هەر بۆشاییەک کە لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی گەڕەک و شاردا پێک دێت وەک ئۆرگانی ئیدارە و مودیریەتی کۆمەڵگە دەورونەخشیان بێت. لەم بارودۆخەدا پێویستە بناغەی ڕێکخراو و شۆرای جەماوەریی ژنان داڕێژرێت. لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری هیچ دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری لەدەست نەدەین. ئەم چالاکییانە بۆ سازماندان دەتوانێ دەستکەوتی خەباتکارانە و گیانفیداییەکانی هەتا ئێستا سەقامگیر بکات و بەشێک لە پێداویستییەکانی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانە دابین بکات. نابێ لەبیری بکەین کە شۆراکان ئۆرگانی ئامادەکردنی جەماوەرن بۆ ڕاپەڕین. ئۆرگانی شۆڕشن. چینی کرێکار، ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش، خەباتکارانی سەر شەقام لەڕێگەی شۆراکانی خۆیانەوە هەم دەتوانن دەسەڵاتی ئێستا بڕووخێنن و هەم جێگاکەی پڕ بکەنەوە.
لەم بارودۆخەدا پێویستە گەڕەکەکانی پەراوێزی شارەکان، کە شوێنی ژیانی بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکانن، ببنە ناوەندی سەرنجی چالاکانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام. بەتایبەت پەیوەست بوونی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە ئاستی جەماوەریدا دەتوانێ گۆڕانکاری لە ڕووی چۆنایەتییەوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنانی ئێراندا پێک بێنێت. پەیوەست بوونی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش کە لە کارگە چکۆلەکاندا کار دەکەن و یان بوونەتە دیلی کاری ناو ماڵ و ساڵەهایە تەنانەت یاسای کاری کۆنەپەرستانەی ڕێژیمیش نایانگرێتەوە، یەکێک لە پێشمەرجەکانی پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستایە. ئەم چالاکییە ڕێکخراوە و هاوکات درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی شەقام و مانگرتنی کرێکاری دەتوانێ توێژەکانی خوارەوەی هێزی سەرکوتگەر سست بکات و ڕیزەکانیان بشێوێنێت و هێزی دوژمن زەمینگیر و ئیفلیج بکات.
درێژەی ناڕەزایەتییەکان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی وەحشیانەی بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕێژیمی ئیسلامی، گرتنەبەری تاکتیکی کاریگەر و هاوئاهەنگ بۆ سنووردارکردنی هێزی مانۆڕی دوژمن لە شارە جۆراوجۆرەکان نیشانی دا کە بەپێچەوانەی سەرانی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بورژوایی کە بەنیازن ناڕازییانی سەر شەقام لە چاوەڕوانیی فەرمان پێدان لەسەرەوە ڕابگرن، ئەم ناڕەزایەتییە ڕێبەرانی خۆی هەیە. ڕێبەرانێکی لاو و پڕگوڕوتین و بەئەزموون کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا چەندین ئاخێزی گەورە و چکۆلە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دوژمن تەجروبە کردووە. لەم ڕووەوە ئەگەرچی چاوەڕوانییەکان زۆرن، بەڵام ڕێگایە تر بوونی نییە. پێویستە هەموو چاوەڕوانییەکان لەگەڵ ئەم ڕێبەرانە باس بکرێن و هاوڕێ لەگەڵ ئەوان بۆ وڵامدانەوە بەم چاوەڕوانییانە و بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە، قۆڵ هەڵماڵین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران