لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەهۆی بەرزی نرخ و ئەو گەمارۆیانەی لەسەر بانکەکانی ئەم وڵاتە هەن، هاوردەکردنی جلوبەرگ بەراوەرد بە ساڵانی پێشوو کەم بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵک بەرهەمە خۆماڵییەکان بکڕن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 250 هەزار کەس لە کەرتی بەرهەمهێنانی جلوبەرگدا کار دەکەن، بەڵام بەرهەمە خۆماڵییەکان کوالێتییان باش نییە و نرخەکەشیان بەراورد بەو کوالێتییەی هەیە، زۆر بەرزە. ئەمەش وایکردووە کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لە کەرتی جلوبەرگدا زەق بێتەوە.
بەڵام ئەو جلوبەرگانەی لە ناوخۆی ئێراندا بەرهەم دێن، لە لایەک کوالێتییان باش نییە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن. تێچووی بەرهەمهێنانیان لە چاو کوالێتییەکەیان زۆر لە سەرەوەیە و ساڵ دوای ساڵیش نرخی جلوبەرگ لە ناو بازاڕی ئەم وڵاتە گرانتر دەبێت. ئەمە لەحاڵێکدایە کە 784 کارگەی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ لە سەرانسەری ئێراندا هەیە و نزیک 90 هەزار کارگەی جلدوورین و بەرهەمهێنانی جلوبەرگیش لەو وڵاتە هەیە. بەم شێوەیەش زیاتر لە 250 هەزار کەس لە کەرتی بەرهەمهێنانی جلوبەرگدا کار دەکەن کە بازاڕێکی ساڵانەی 15 ملیارد دۆلاریی لەو وڵاتە پێک هێناوە. بەڵام گرانبوونی لە ڕادەبەدەری جلوبەرگ و کوالێتیی خراپ بووەتە هۆی ئەوەی خواست لەسەر کڕینی جلوبەرگیش زۆر کەم بێتەوە.