کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر سفرەی خەڵک: کەمبوونەوەی بەرچاوی کڕینی خۆراک
چوارشەممە ۰۹-۰۱-۱۴۰۲   |  29-03-2023
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، بووەتە هۆی بچووکتر بوونەی سفرەی خەڵک. تا ڕادەیەک کە خەڵک توانایی کڕینی برنج، میوە و سەوەزیان نییە.
سەرۆکی یەکێتی برنج فرۆشانی بابۆل ڕایگەیاند “پێدەچێت لە سەتا ٥٠ی زیاتری ئەو برنجانەی ساڵی پار بەرهەم هێنراون ماوەتەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوو لە نێوەی دووهەمی ساڵدا، دوو لەسەر سێی برنجەکە دەفرۆشرا.”
ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١، بە بەروارد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا، ٦٣.٩٪ زیادیی کردووە کە بە داڕمانێکی مێژوویی لە سەردەمی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا دێتە ئەژمار. بەپێی ڕاپۆڕتەکان هاوکات لەگەڵ زیاد بوونی گوشارە ئابوورییەکان لە ئێران، خەڵک ڕوویان کردووەتە گۆڕینەوەی شتی شەخسی و ناوماڵ بە خۆراک، هەروەها کڕینی میوە “بە دەنک” زیادی کردووە.