ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەر، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران بوو. بە گوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە ئێران، ناوی ٧٩٠ هەزار منداڵ لە خوێندنگاکان تۆمار نەکراون.
ئاژانسی تەسنیم لەسەر زاری محەممەد عەلەوی تەبار، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە کۆماری ئیسلامیی ئاشکرای کردووە، “لەگەڵ ئەوەی خوێندنگاکان بە ڕووی قوتابییاندا دەکرێنەوە و ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات، کەچی هێشتا 790 هەزار قوتابی ناویان لە هیچ خوێندنگایەک تۆمار نەکراوە. هەروەها ئاماژەی داوە، جیا لەوەی 790 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشن، 100 هەزار خوێندکاریش هێشتا کتێبی قوتابخانەیان نەکڕیوە. شایانی باسە، کۆی قوتابیانی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی نزیکەی 9 ملیۆن و 200 هەزارە، قۆناغی خوێندنی ناوەندی نزیکەی 3 ملیۆن و 800 هەزار قوتابین، قۆناغی ئامادەییش نزیکەی 2 ملیۆن و 900 هەزار قوتابی دەبن.