فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرێکاران تەرفەندی “ئابووریی موقاومەتی”ی رژیم دەناسن
شەممە ۰۱-۰۸-۱۴۰۰   |  23-10-2021
کرێکاران تەرفەندی "ئابووریی موقاومەتی"ی رژیم دەناسن

لە ماوەی حەوتووەکانی رابردوودا، رەئیسیی قاتڵ و باقیی کارگێڕانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندن و درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و داخوازییەکانیان، هەوڵیان داوە تا بۆ جارێکی دیکە بە نوسخەی پووچ و بێ ناوەرۆکی ئابووریی موقاومەتی وڵامی کرێکاران بدەنەوە و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری داسەپاوی رژیم بەسەر جەماوەر پاساو بکەن. ئابووریی موقاومەتی کە لە ئەساسدا هەمان ریازەتی ئابوورییە، پتر لە دە ساڵە لە لایەن خامنەییەوە وەک رێکاری ئابووری بەرامبەر بە قەیران و داماوی و بێتوانایی رژیم لە دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک باسی لێدەکرێت. ئەم رێکارە فریوکارانەیە لەسەر بنەمای چەمکەکانی وەک “دوژمنایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی” و پاساوکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دامەزراوە. کارکردی ئابووریی موقاومەتی بۆ خامنەیی و باقیی سەردەمدارانی رژیم بە خەیاڵی خۆیان، فریودان و لە چاوەڕوانی راگرتنی کرێکاران و جەماوەری هەژاری ئێرانە. بەڵام لەڕاستیدا بەمانای داسەپاندن و سەلماندنی هەژاری و فەلاکەت و برسیەتی بەسەر ئەوان و لە خزمەت بەرێوەبردنی سیاسەتی دژەئینسانی و جەنایەتکارانەی رژیم دایە. هەڵبەت سیاسەتی برسی راگرتن نەک بۆ سەرمایەداران و بەرپرسان و کارگێڕان و رووحانییەتی مفتەحۆری حکوومەت، بەڵکوو تەنیا بۆ کرێکاران و توێژە هەژار و بێبەشەکانی کۆمەڵگایە.

بەڵام هەژاری و برسیەتی کە ساڵ بە ساڵ زیاتر پەرەدەستێنێت چتیر بۆ کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینکراوان، حاشیەنشینان، لاوانی بێکار و وەگیان هاتووی کۆمەڵگا تەحەمول ناکرێت. ئەوان بە درێژە و پەرەپێدانی خەباتی رۆژانەی خۆیان لەئاستی سەرتاسەریدا وڵامی شیاو بە رێکاری ئابووریی موقاومەتیی خامنەیی و رەئیسی و باقیی کارگێڕانی رژیم دەدەنەوە. تەرفەند و کردەوەی سەرکوتگەرانە و وەحشیانەی دەوڵەتی رەئیسیی پێکهاتوو لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ مەجلیسی پاسداران و دەزگای قەزایی، کە بۆ سەرکوتی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو دامەزراون، هەتا ئێستا نەتەنیا نەیتوانیوە گومانێک لە بڕیاری ئەوان بۆ درێژەدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان پێکبێنێت، بەڵکوو ئیرادە و ریزەکانی ئەوانی لە خەباتی یەکگرتوو بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان پتەوتر کردووەتەوە.

ئەمڕۆ دەبینین کە سەرەڕای گوشاری دەزگای سەرکوت و فریوی جەماوەر، درێژەی مانگرتنی بەرینی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمیی ئێران بە هیدایەتی “شۆرای رێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت” درێژەی هەیە و چووەتە پێنجەمین مانگی خۆیەوە. شایەدی ئەوەین کە نزیک بە یەک مانگ بەسەر قۆناغی نوێی مانگرتن و ناڕەزایەتی و رێپێوانی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپەدا تێپەڕ دەبێت. خەباتی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە ئەگەرچی بە بەشێک لە داخوازییەکانی گەیشتووە، بەڵام هێشتا بە پشت بەستن بە ئیرادەی یەکگرتوو و رێکخراو، خەباتی خۆیان بۆ وەدیهێنانی باقیی خواستەکانیان بەشێوەی شۆرایی و “مەجمەعی عموومی” بەرەوپێش دەبەن و لە هێندێک بواردا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و رژیمیان ناچار بە پاشەکشە کردووە. هەڵوەشاندنەوەی خسووسی سازی و دەرکردنی ئۆمید ئەسەدبەیگی خاوەنکاری دز و گەندەڵی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە و گەڕاندوە سەر کاری دوو کەس لە هاوکارانی دەرکراو واتە محەممەد خەنیفەر و ئیمان ئەخزەری لە ماوەی حەوتووی رابردوودا، لە سەرکەوتنەکانی ئەم خەباتە بوون. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە کرێکاران بەردەوام بۆ وەدیهێنانی باقیی خواستەکانیان لەوانە روونکردنەوەی یەکجاریی خاوەندارییەتیی شیرکەت، سەقامگیرکردنی وەزعییەتی کرێکارانی وەرزیی شیرکەت، گەڕاندنەوە سەرکاری ئیسماعیل بەخشی و سالار بیژەنی و مەختوومە راگەیاندنی پەروەندەی فەرزانە زیلایی پارێزەری خەباتکاری کرێکارانی حەوت تەپە کە تەنیا بەتاوانی دیفاع لە کرێکاران بەرامبەر بە خاوەنکاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و دەزگای قەزایی رژیمەوە پەروەندەسازیی بۆکراوە، درێژە بە خەباتیان دەدەن. کرێکارانی حەوت تەپە رۆژی سێشەممە ٢٧ی مانگی رەزبەر بە دەرکردنی بەیانییەیەک لەسەر وەدیهێنانی ئەم خواستانە پێداگرییان کرد.

بەڵام ئەوە تەنیا کرێکارانی حەوت تەپە نین کە بە خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان بەرۆکی رژیمیان گرتووە. لەئێستادا شایەدی مانگرتن و خەباتی کرێکارانی بەشی خسووسیی مەعدەنەکانی بەردی خەڵووزی کرمان و بنەماڵەکانیانین. ئەوان لەپێناو وەدیهێنانی خواستەکانیان لەوانە ناڕەزایەتی بە لەخوارێ بوونی حەقدەست و وادە و بەڵێنیی بێناوەرۆکی بەرپرسان لەپێوەند لەگەڵ هاوسانسازی و هیتر، بۆ بیست وحەوتەمین رۆژی بەردەوام درێژەیان بە مانگرتنەکەیان دا. شایەدی ناڕەزایەتی دووبارەی کۆمەڵێکی بەرین لە کرێکارانی پڕۆژەیی پێترۆشیمیی شیرکەتە جۆراوجۆرەکانی بووشێهرین کە بەهۆی بەکردەوە دەرنەهاتنی بەڵێنیەکانی بەڕێوەبەری شیرکەت واتە قەبووڵکردنی مەرجی ٢٠ رۆژ کار و ١٠ رۆژ مەرەخەسی و باشتر کردنی وەزعی خۆراک و شوێنی خەویان، دەستیان داوەتە مانگرتن. شایەدی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەردەوام و پەیگیری کرێکارانی شارەدارییەکانی ئیسفەهان، ئەهواز، ئەندیمشک، ئابژدانی ئەندیکا لە خووزستان، کرێکارانی شارەداریی سی سەختی کۆهگیلویە و بویەرئەحمەد و شوێنەکانی دیکەین. شایەدی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی سندووقی خانەنشینیی فوولادی ئیسفەهان و ئەهواز و ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی رێگەی ئاسن و باقیی ناوەندە کرێکارییەکانی دیکە لە ئێرانین.

بەردەوامبوونی مانگرتنی درێژماوەی بەشە جۆراوجۆرە کرێکارییەکان لە ئێران سەرەڕای هەڕەشە و تەرفەندی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، نیشانەی بوونی ئاستێک لە رێبەری، پەیوەندی و رێکخراوبوونی تۆڕی چالاکانی کرێکارییە. تەحەمولی مانگرتن و ناڕەزایەتی درێژماوەی کرێکارن لە زۆرێک لە شیرکەت و ناوەندە کرێکارییەکان، سەرەڕای هەژاری و باروودۆخێکی فەلاکەتبار کە سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی داسەپاندووە، نیشانی دەدات کە کرێکاران زیاتر لە رابردوو لە هێز و توانای خەباتی یەکگرتوو و رێکخراو بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان گەیشتوون. ئەوەش بێگومان بەمانای گەشە و پێگەیشتنی سیاسی و چینایەتیی بزووتنەوەی کرێکاری و چوونە ناو قۆناغێکی دیکە لە خەباتە کە سەمپاتی و پشتیوانیی بەرامبەری باقیی توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی لێکەوتووەتەوە.

درێژە و پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانە بەتایبەت لە باروودۆخی چوونەسەرەوەی هەوسارپچڕاوی قیمەتی کاڵاکان کە بووەتە هۆی نەمانی زۆرێک لە خۆراکییەکان لەسەر سفرە کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، تەنیا رێگای رزگار بوون لە چنگ دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئسیلامییە.