قەرارە شانۆی هەڵبژاردنەکانی دوازدەهەمین دەورەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و شەشەمین دەورەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرگانی ڕەهبەری ڕۆژی ١١ی مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵ بەشێوەی هاوکات بەڕێوەبچێت. هەڵبژادنێک کە بە ئیعترافی خودی ڕێبەرانی باڵەکانی ئوسوولگەرا و باقیی کارگێڕانی ڕژیم، بێ ڕەونەقترین گاڵتەجاری هەڵبژاردن لەماوەی حەیاتی کۆماری ئیسلامیدا دەبێت. بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە ڕژیم لە چەندین مانگ پێشترەوە جار و جەنجاڵی بۆ دەخستە ڕێ، لەم دەورەیەدا کە هەر ئێستا دوو مانگی بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە چالاکیی تەبلیغی بەشێوەی بەرچاو لەئارادا نییە. چونکە خودی کارگێڕانی ڕژیمیش دەزانن کە ئیتر ناتوانن خەڵک بە تەبلیغاتی درۆیین لە دەوری سندووقەکانی دەنگدان کۆبکەنەوە و وێنەیان لێ بگرن و وەک بەڵگەی مەشرووعیەتی خۆیان بەکاری بهێنن. لەم پێوەندەدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی مانگی بەفرانبار ئەبۆلقاسم ڕەئوفیان، بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی ئوسوولگەرای “ئیسلامیی ئێران زەمین”، وێڕای ئەوەیکە دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ و مەجلیسی پادگانی و شۆرای نیگەهبانی بە خەتابار زانی دانی بەوە دانا کە: ”فەزای سارد و بێ ڕەمەقی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا و بێ ئەنگیزەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی مەجلیس، ئاکامی کردەوەی دەوڵەتی ١٣ بەتایبەت لە بواری ئابوورییەوەیە کە کارنامەیەکی غەیری قابیلی قەبووڵی هەیە و مەجلیسیش لە چاوەدێری کردن بەسەر کرداری دەوڵەتدا ناکارامە بووە”. ئەو سەبارەت بە شۆرای نیگەهبانیش وتی: ”شۆرای نیگەهبان لە دەورەکانی پێشوودا بە ڕەدی سەلاحیەتی کاندیدەکان تووشی هەڵەی ستراتێژیک بووە و خەسارەتی جوبران نەکراوی لێ کەوتووەتەوە. لەم دوو مانگەشدا کارێک لە دەستی دەوڵەت و مەجلیس نایە تا بتوانن خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان ڕەوانە بکەن”.
«خەبەر ئانلاین” هەواڵنێریی حکوومەتی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە: « لەم دەورەیەدا خەڵکی تاران تەنانەت وەک دەورەی پێشوو ١٨ لەسەدیش بەشداری ناکەن و بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تەنها ٨ لەسەدی خەڵکی تاران بەشدار دەبن. لە وەها حاڵەتێکدا کێشەیەکی ئەمنیەتیی گەورە بۆ وڵات پێش دێت و مەشرووعیەتی نیزام دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”. هەواڵ و بۆچوونی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش نیشانی دەدەن کە لە گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەممەی ڕژیمدا جەماوەری خەڵک بەشێوەیەکی یەکجار کەم بەشداری دەکەن. وەها هەلومەرجێکی فەزاحەتبار نیگەرانی بەرینی عەلی خامنەییشی لێکەوتووەتەوە و ناچاری کردووە سەرلێشێواوانە کاردانەوە نیشان بدات و هەڕەشە لە خەڵک بکات. خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی مانگی بەفرانبار ژمارەیەک لە شەیپوورچییە مەداحەکانی کۆکردەوە و وێڕای وەبیرهێنانەوەی حمایەتەکانی ڕژیم لە مەداحان و مەوعیزەی خورافی، مەئمووریەتی پێدان تا لەژێرناوی خورافیی “جەهادی تەبیین” بۆ ئینتخابات تەبلیغات بکەن. خامنەیی ڕوو بەوان وتی: «مەداح، واعز و هەیئەت لە گرینگترین بەشەکانی دەسەڵاتی نەرمی حکوومەتن. ئەمڕۆ ئێمە هەڵبژاردنمان لەپێشە و ئێوە دەبێ ئەرکی خۆتان بزانن. باری جەهادی تەبیین لەسەر شانی ئێوەیە”. خامنەیی بێجگەلە تەبلیغ ئەرکی داسەپاندنی زۆر و ملهوڕیشی پێ سپاردن. خامنەیی وتی: «هێندێک نایانهەوێ هەڵبژاردنەکان ئەوجۆرەی کە شیاوە بەڕێوەبچێت. هەوڵ دەدەن خەڵک نائومێد بکەن. خەڵک بێ متمانە بکەن کە هەڵبژاردنەکان هیچ فایدەیەکی نییە. ئێوە دەبێ بەرەنگاریان بنەوە. هەرکەس دژی هەڵبژاردنەکان بێت، دژی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامە و ئەمە کردەوەیەکی دوژمنانەیە”. خامنەیی باش دەزانێ کە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم هیچ کڕیارێکی نییە. دەیهەوێ بەم ئیقدامات و هەڕەشانە خەڵک بێنێتە پای سندووقەکانی دەنگدان و ئەم شانۆیە “هەڵبژاردن و خەڵک سالاری” ناو لێ بنێت و بەمجۆرە بۆ خۆی و بۆ حکوومەتەکەی مەشرووعیەت بتاشێ. لەم ڕاستایەدا جێگری سپای پاسدارانیش نیگەرانیی خۆی بەیان کرد و وتی: «دوژمن و نەیاران دەیانهەوێ فەزای زانکۆکان بەر لە هەڵبژاردنەکان شلووغ بکەن. پێویستە بەشێوەی جیدی لەگەڵ “جەهادی تەبیین” لەم بوارەدا هەنگاو هەڵگرین. چەند مانگی داهاتوو تا کۆتایی ساڵ بۆ ئێمە چارەنووسسازە”.
لەو نێوەدا ئیعتدالگەرایان و ئیسلاح تەڵەبە حکوومەتییەکان بە هیوای لاوازبوون و شکستی ئۆسوولگەراکان، هەوڵ دەدەن بۆ ناو ئاڵقەی بەرتەسکی دەسەڵات بگەڕێنەوە. ئەم خوشباوەڕییەی ئەوان لەو جێگەوە سەرچاوە دەگرێت کە شۆرای نیگەهبان بە ئاگاداربوون لە پێگەی یەکجار لاوازی ڕژیم و بەشداری نەکردنی خەڵک لە نمایشی ئینتخابات و بە ئامانجی فریودانی خەڵک، چند کەسێکیانی ڕەدی سەلاحیەت نەکردووە. چەند مانگ لەمەوبەر محەممەد ڕەزا باهونەر ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام وتبووی کە جەریانی ئوسوولگەرا بۆ بازاڕگەرمی هەڵبژاردنەکان بڕیاری داوە جەریانی ئیسلاح تەڵەب بێنێتە ناو کایەوە. لەمبارەوە وتەبێژی بەرەی ئیسلاحات زەبوونانە ڕایگەیاند: «بەسەرەنجدان بە بەیاناتی ڕەهبەر ئەمە باشترین دەرفەتە کە مەجلیس مەسیری بەستراو بکاتەوە. خواستی بەرەی ئیسلاحات، هەڵبژاردنی ڕەقابەتیی مونسیفانە و هەبوونی کاندیدی خۆمانە. بەڵام هەتا هیچ بایەخێکی پێ نەدراوە”. بەڵام ئیسلاح تەڵەبان و ئیعتدالیون دەبێ بزانن کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران کە حکوومەتی ئیسلامی ژیان و گوزەران و ئازادییانی خستووەتە مەترسیی جیدییەوە ساڵەهایە بە دروشمی “ئیسلاح تەڵەب ئوسوولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا” نەتەنها لەوان بەڵکوو لە گشت نیزامی کۆماری ئیسلامی عبووریان کردووە و دەنگی ئەوان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.
سەرانی حکوومەت لە پاسدارانەوە تا ئاخوندەکان دەزانن کە تەنانەت بە یەکدەست کردن و پادگانی کردنی هەموو ناوەندەکانی دەسەڵات لە دەوڵەت و مەجلیسەوە هەتا دەزگای قەزایی و هیتر نەتەنها نەیانتیوانیوە قەیرانەکانی ڕژیم چارەسەر بکەن، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگایان خراپتر کردووە و ژیان گوزەرانی خەڵکیان بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە. کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران و هەموو جەماوەری خەڵکی ستەمدیدە و بێبەشی کۆمەڵگا، بەباشی دەزانن کە بەشداریکردن لە شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم بە مانای دەنگدان بە زیاتر لە چوار دەیە هەژاری و برسیەتی و بێکاریی کرێکارانە. بەمانای دەنگدان بە هەڵاواردن و بێمافیی ژنان و یاسای کۆنەپەرستانەی دژەژنە. دەنگدان بە مەحروومیەتی جەوانەکان لە ژیانێکی ئارام و شایستەی ئینسانە. دەنگدان بە کێشەی ژیانی مامۆستایان و خانەنشینانە. دەننگدان بە کوشتاری هەزاران منداڵ و لاو لەسەر شەقامەکان لە جەریانی ئاخێزە ئینقلابییەکان بۆ ڕزگارییە. دەنگدان بە زیندان و ئەشکەنجە و قەتڵی ناو زیندانەکانە. دەنگدان بە دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لە بەرپاکردنی جەنگ و کوشتار و وێرانی لە وڵاتانی ناوچەکەیە. دەنگدان بە تیرۆریزم و نائەمنی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێرانە. کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری ئێران دەزانن کە بەشداریکردن لەم شانۆیەدا بەمانای دەنگدان بە قاتڵانی مەهسا، نیکا، سارینا، ئەسرا، مۆنا، سامر، جەواد و ئارمیتا و سەدان لاوی پڕگڕوتین و شۆڕشگێڕە کە لە جەریانی ئاخێزە ئینقلابییەکاندا لە ڕێگای ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکاندا گیانیان بەختکرد.
کەوابوو پێویستە چالاکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، خانەنشینان و باقیی توێژە بێبەشکراوەکانی کۆمەڵگا هەر لە ئێستاوە بە دەرکردنی بەیاننامەی سیاسی بڕیاری لێبڕاوانەی خۆیان بۆ شکستهێنانی گاڵتەجاریی هەڵبژاردنی ڕژیم ڕاگەیەنن. بێگومان کرێکاران و خەڵکی خەباتکاری ئێران بە درێژەدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆیان و بە نەچوونە پای سندووقەکانی دەنگدان شکست بەم گاڵتەجارییەش دەهێنن.