کرێکارانی پاککەرەوە لە کفری و تەکیە جارێکی تر دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و بۆ ماوەیەک دوو ڕێگای سەرەکییان داخست.
بەمەبەستی داواکردنی مووچەکانیان، بەیانی ئەمڕۆ، چوار شهممه کرێکارانی پاککەرەوە لە شارۆچکەی کفری سەر بەئیدارەی گەرمیان و شارەدێی تەکیەی سەر بەچەمچەماڵ، دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە.
له كفری ڕێگای سەرەکیی کەلار – کفری و لە تەکیەش، کرێکاران ڕێگای سەرەکیی کەرکوک – سلێمانی-یان بۆ ماوەیەک داخست.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کرێکارانی کۆمپانیاکانی گەردین لە کفری و شکار لە تەکیە، مانیان لە کارکردن گرت و داوای مووچەی مانگەکانی بهفرانبار،رێبهندان ورهشهمهیان کرد، بەڵام مووچەی مانگێکیان بەسەردا دابەش کردن و بەڵێنی پێدانی مووچەی مانگێكی دیكهیان پێدان، کەچی تا ئێستا پێیان نەدراوە.
وەک خۆیان دەڵێن، جگە لە پێنەدانی مووچە، ئێستا هەوڵ دەدرێت بکرێن بە دوو گروپەوە و هەر ڕۆژە و گروپێک کار بکات، بەمەش مووچەکانیان دەبێت بە نیوە، کرێکارەکانیش، ئەوە ڕەت دەکەنەوە.
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، خۆپیشاندانەکان کۆتایی هات.
کرێکاران ئاماژە بە خراپیی دۆخی دارییان دەکەن و دەڵێن، ئەگەر کێشەی شایستە داراییەکانیان چارەسەر نەکرێت، دووبارە دەڕژێنەوە سەر شەقام.