رۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر خەڵکی شۆرشگێری کوردستان لە درێژەی خۆپیشاندانەکانیان لە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دووکان و بازاڕیان داخست و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان مانگرتنێکی بەرین بەڕێوە چوو کە لە زۆربەی شارەکانیش خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕژیم ناڕەزایەتییان دەربری.
لە شاری سنە:
نه له یەک شوێن بەڵکوو لە دەیان شوێن خەڵکی شۆڕشگێڕ ناڕەزایەتی بەرفەراوانیان دەربڕی. هێزەکانی ڕژیم وەک هەمیشە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و خەڵکی شۆڕشگێڕیش بۆ بەرگری لە خۆیان دەستیان کردەوە و شەڕ و تیکهەلچوون روویدا. لە ئاکامدا کۆنترۆڵی زۆربەی شاری سنە کەوتە دەس خەڵکی خەباتکاری شاری سنە.
لە شوێنەکانی “شەریف ئاوا، جامی جەم، غەفوور، سێڕای ئەدەب، شاپووڕ، فێردەوسی، مەیدانی ئیقباڵ، بەهاران، نەبوەت، حەسەن ئاوا، فەیزاوا، وەکێڵ، ژاندارمێری و چەند شوێنی دیکە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانەدا ٢ هاووڵاتیش بە دەستی هێزەکانی ڕژیم گیانیان بەخت کردووە و چەند کەس لە مەئموورانی سەرکوتگەری ڕژیمیش کوژراون. خەڵک لە شاری سنە باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕژیم سەریان لێ شێواوە و توانای بەرەنگار بوونەوەیان لەگەڵ خەڵکدا نەماوە. لەو خۆپیشاندانانەدا چەندین ماشینی هێزەکانی ڕژیم لەلایەن خەڵكەوە ئاگریان تێبەر دراوە.
بارودۆخی شاری سنە زۆر ئاڵۆزە و خەڵکیش لە خۆپیشادانەکانیان بەردەوامن.
شاری بۆکان
لە بۆکان خەڵک ئەمڕۆ مانیان گرت و بە نەکردنەوەی دووکان و بازاڕەکانیان درێژەیان بە مانگرتنەکەیان دا و هەروەها ناڕەزایەتییان دژی ڕژیمی ئیسلامی دەربڕی.
شاری سەقز
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە خەڵکی شاری سەقز لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان دژی ڕژیم جیا لەوەیکە دووکان و بازاڕیان داخست ، قوتابیانی قوتابخانەکانیش بۆ “نا “وتن بە ڕژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و ژن، ژیان، ئازادییان بەرز کردەوە.
خەڵک لە کوردستان و ئێران بە شیوەیەکی زۆر یەکدەنگ و یەکگرتوو دژی ڕژیم ڕژاونەته سەر شەقامەکان. خەڵک ڕایانگەیاندوە هەتا ڕووخانی ڕژیم دەست لە خۆپیشاندانەکان هەڵ ناگرین.
شارەکانی دیواندەره، مەهاباد و مەریوان
خەڵک لە کوردستان و ئێران بە شیوەیەکی زۆر یەکدەنگ و یەکگرتوو مانیان گرت و ڕایانگەیاندوە هەتا ڕووخانی ئەم رژیمە جینایەتکارە دەست لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان هەڵ ناگرن.
داخستنی دووکان و بازاڕەکان لەلایەن خەڵکەوە یەکگرتوویی خەڵکی بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنەکان دژی ڕژیمی ئیسلامی نیشان دا.
شاری جوانڕۆ
خەڵکی ئەم شارەش بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و درێژەی ناڕازیەتییەکانیان دژی ڕژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و لاوانی شۆڕشگێڕ دژی ڕژیمی ئیسلامیی وەستانەوە. هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی خەڵک تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە بەڵام خەڵک لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام بوون.