شەوی هەینی ١ی ڕەزبەر خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە کوردستان بەشێوەیەکی بەربڵاو درێژەی هەبوو و بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ڕژیم نەیانتوانی درێژە بە هێرشەکان و سەرکوتکارییەکانیان بدەن.
لاوانی شۆرشگێری کوردستان لە شاری شنۆ ڕژانە سەر شەقامەکان و یەکدەنگ و یەکگرتووانە دژی هێزەکانی ڕژیم ڕاوەستان و تا ڕادەیەکی باش توانییان شار و ڕێگاکان کۆنتڕۆڵ بکەن. خەڵکی شنۆ لە درێژەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕژیمدا ئاگریان لە بانکەکان و ماڵی چەند بەکرێگیراوێکی رژیم بەردا.
بەپێی زانیارییەکان بریندارێکی زۆر لە نەخۆشخانەی شاری شنۆ هەیە و ڕژیم بە هێلیکوپتێر بە سەر شاردا لە حاڵی گەشت لێدانە و شاریان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.
لە شاری ورمێ هاووڵاتییان بە یەکگرتووییەکی مێژووییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و بە پاڵپشتیی یەکتر بەرەنگاری گاردی ویژە بوونەوە و بوونە چقڵی چاوی ڕژیمی هار و دڕندەی کۆماری ئیسلامی.
لە شاری سنە هاو وڵاتییانی شۆرشگێر هاتنە سەر شەقام و گیانفیدایی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان نیشان دا.
هەروەها لە پیرانشار تێکۆشەرانی هەمیشە ئامادە بۆ جارێکی دیکە ڕژانە سەر شەقام و پاڵپشتیی خۆیان لە خۆپیشاندانەکان دەربڕی.
لە خۆڕەم ئاوا هاووڵاتییان بە وەریەکی بەرزەوە هاتنە سەر شەقام و دژ بە سەرکوتکارییەکان و چەواشەکارییەکانی ڕژیم وەستانەوە.
لە ماهاباد و شاری بۆکان لاوانی تێکوشەر سەرەڕای هەبوونی کەشێکی ئەمنییەتی بۆ جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقام و دژی ڕژیم دروشمیان دا.
لە دێولانیش خەلکی شۆرشگیر وێنەی تێرۆریست “قاسم سلێمانی”یان ئاگر تێبەردا.
هەروەها لە “دیواندەرە”ش خەلک هاتنە سەر شەقام و دروشمی ڕووخانی ڕژیمیان دووپات کردەوە.